عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا 
1
سلێمان فەرمانی دا بە بنیادنانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان و کۆشکێکیش بۆ پاشایەتییەکەی.
2
بێگاری بە حەفتا هەزار پیاوی کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕ کرد لە چیا، هەروەها بە سێ هەزار و شەش سەد کەس کە وەک سەرکاری ئەوان داینا.
3
سلێمان ناردی بۆ لای حیرامی پاشای سور و گوتی:
«وەک ئەوەم لەگەڵ بکە کە لەگەڵ داودی باوکم کردت، بەوەی کە داری ئورزت بۆ نارد تاکو کۆشکێک بۆ خۆی بنیاد بنێت و تێیدا نیشتەجێ بێت.
4
ئێستا من پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد دەنێم، تاکو بۆی تەرخان بکەم بۆ سووتاندنی بخووری بۆنخۆش لەبەردەمی و بۆ نانی تەرخانکراوی بەردەوام و قوربانی سووتاندن لە بەیانییان و ئێواران، لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکانی یەزدانی پەروەردگارمان، ئەمە هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل دەبێت.
5
«ئەو پەرستگایەش کە من بنیادی دەنێم گەورەیە، چونکە خودامان لە هەموو خوداوەندەکان گەورەترە.
6
بەڵام کێ دەتوانێت پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێت، چونکە ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی ئەویان تێدا نابێتەوە! ئیتر من کێم هەتا پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێم، ئەگەر تەنها بۆ سووتاندنی قوربانی نەبێت لەبەردەمیدا؟
7
«ئێستاش پیاوێکم بۆ بنێرە دانا بێت لە کاری زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و ڕیسی ئەرخەوانی و سووری تۆخ و مۆر، کارامە بێت لە پیشەی هەڵکۆڵین، هەتا لەگەڵ پیاوە داناکانی لای خۆم بێت لە یەهودا و ئۆرشەلیم، ئەوانەی داودی باوکم ئامادەی کردن.
8
«لە لوبنانەوە داری ئورز و سنەوبەر و ئەلگومم[a] بۆ بنێرە، چونکە دەزانم کە خزمەتکارەکانت لە بڕینی داری لوبناندا کارامەن. خزمەتکارەکانم ئامادەن لەگەڵ خزمەتکارەکانت کار بکەن
9
بۆ ئەوەی دارێکی زۆرم بۆ ئامادە بکەن، چونکە دەبێت ئەو پەرستگایەی بنیادی دەنێم گەورە و سەرسوڕهێنەر بێت.
10
ئەو خزمەتکارانەت کە دارەکان دەبڕنەوە، بیست هەزار کۆر[b] گەنم و بیست هەزار کۆر جۆ[c] و بیست هەزار بەت[d] شەراب و بیست هەزار بەت زەیتیان دەدەمێ.»
11
حیرامی پاشای سوریش لە نووسراوێکدا کە بۆ سلێمان ناردی نووسیبووی:
«لەبەر ئەوەی یەزدان گەلەکەی خۆی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشایان.»
12
هەروەها حیرام گوتی:
«ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئاسمان و زەویی دروستکردووە! ئەوەی کوڕێکی دانا و زانا و تێگەیشتووی داوەتە داودی پاشا، کە پەرستگایەک بۆ یەزدان و کۆشکێک بۆ پاشایەتییەکەی بنیاد دەنێت.
13
«ئێستا من پیاوێکی دانا و شارەزا و تێگەیشتووت بۆ دەنێرم بە ناوی حورام‌ئابی[e] ،
14
کوڕی ژنێکە لە نەوەی دان و باوکیشی خەڵکی شاری سورە. شارەزایە لە کاری زێڕ و زیو، بڕۆنز و ئاسن، بەرد و دار، ڕیسی ئەرخەوانی و مۆر و سووری تۆخ، لەگەڵ کەتانی ناسک، هەروەها هەڵکۆڵینی هەموو جۆرە نەخشێک و داهێنانی هەموو داهێنانێک کە پێی بسپێردرێت، با لەگەڵ پیاوە داناکانت و لەگەڵ پیاوە داناکانی گەورەم داودی باوکت بێت.
15
«ئێستاش ئەو گەنم و جۆ و زەیتی زەیتوون و شەرابەی کە گەورەم باسی کردوون با بۆ خزمەتکارەکانی بنێرێت و
16
ئێمەش لە لوبنانەوە بەپێی پێویستیت دارت بۆ دەبڕین و دەیکەینە کەڵەک و دەیدەین بە دەم دەریاوە بۆ یافا و تۆش بۆ ئۆرشەلیم سەری بخە.»
17
سلێمان پاش ئەو سەرژمێرییەی کە داودی باوکی ئەنجامی دا، هەموو پیاوە بیانییەکانی ناو خاکی ئیسرائیلی سەرژمێری کرد، ژمارەیان سەد و پەنجا و سێ هەزار و شەش سەد پیاو بوون.
18
حەفتا هەزاریانی کردە کۆڵکێش و هەشتا هەزاریشی لە چیادا کردە نەقاڕ و سێ هەزار و شەش سەدەکەی دیکەشی کردە سەرکار بۆ ئەوەی کار بە گەل بکەن.
  1. a. 2‏:8 ئەلگوم جۆرە دارێکی بەهێزە لە لوبنان دەڕوێت، ڕەنگی سوور و بۆنخۆشە.‏
  2. b. 2‏:10 بیست هەزار کۆر: نزیکەی 200‏3 تەن گەنم.‏
  3. c. 2‏:10 بیست هەزار کۆر: نزیکەی 700‏2 تەن جۆ.‏
  4. d. 2‏:10 بیست هەزار بەت: نزیکەی 440 هەزار لیتر.‏
  5. e. 2‏:13 ئابی بە واتای (سەرکاری من) دێت.‏