عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاماده‌كاری بۆ بنیادنانی په‌رستگا 
1
سلێمان فه‌رمانی دا به‌ بنیادنانی په‌رستگایه‌ك بۆ ناوی یه‌زدان و كۆشكێكیش بۆ پاشایه‌تییه‌كه‌ی.
2
بێگاری به‌ حه‌فتا هه‌زار پیاوی بارهه‌ڵگر و هه‌شتا هه‌زار نه‌قاڕ كرد له‌ چیا، هه‌روه‌ها به‌ سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌د كه‌س كه‌ وه‌ك سه‌ركاری ئه‌وان داینا.
3
سلێمان ناردی بۆ لای حیرامی پاشای سور و گوتی:
«وه‌ك ئه‌وه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ داودی باوكم كردت، به‌وه‌ی كه‌ داری ئورزت بۆ نارد هه‌تا كۆشكێك بۆ خۆی بنیاد بنێت و تێیدا نیشته‌جێ بێت.
4
ئێستا من په‌رستگایه‌ك بۆ ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم بنیاد ده‌نێم، هه‌تا بۆی ته‌رخان بكه‌م بۆ سووتاندنی بخووری بۆنخۆش له‌به‌رده‌می و بۆ نانی ته‌رخانكراوی به‌رده‌وام و قوربانی سووتاندن له‌ به‌یانییان و ئێواران، له‌ شه‌ممه‌ و سه‌ره‌مانگ و جه‌ژنه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان، ئه‌مه‌ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌سه‌ر ئیسرائیل ده‌بێت.
5
«ئه‌و په‌رستگایه‌ش كه‌ من بنیادی ده‌نێم گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ خودامان له‌ هه‌موو خوداوه‌نده‌كان گه‌وره‌تره‌.
6
به‌ڵام كێ ده‌توانێت په‌رستگایه‌كی بۆ بنیاد بنێت، چونكه‌ ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانه‌كان جێی ئه‌ویان تێدا نابێته‌وه‌! ئیتر من كێم هه‌تا په‌رستگایه‌كی بۆ بنیاد بنێم، ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ سووتاندنی بخوور نه‌بێت له‌به‌رده‌میدا؟
7
«ئێستاش پیاوێكم بۆ بنێره‌ دانا بێت له‌ كاری زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و ڕیسی ئه‌رخه‌وانی و سووری تۆخ و مۆر، كارامه‌ بێت له‌ پیشه‌ی هه‌ڵكۆڵین، هه‌تا له‌گه‌ڵ پیاوه‌ داناكانی لای خۆم بێت له‌ یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم، ئه‌وانه‌ی داودی باوكم ئاماده‌ی كردن.
8
«له‌ لوبنانه‌وه‌ داری ئورز و سنه‌وبه‌ر و ئه‌لگومم[a] بۆ بنێره‌، چونكه‌ ده‌زانم كه‌ خزمه‌تكاره‌كانت له‌ بڕینی داری لوبناندا كارامه‌ن. خزمه‌تكاره‌كانم ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانت كار بكه‌ن
9
بۆ ئه‌وه‌ی دارێكی زۆرم بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌و په‌رستگایه‌ی بنیادی ده‌نێم گه‌وره‌ و سه‌رسوڕهێنه‌ر بێت.
10
ئه‌و خزمه‌تكارانه‌ت كه‌ داره‌كان ده‌بڕنه‌وه‌، بیست هه‌زار كۆر[b] گه‌نم و بیست هه‌زار كۆر جۆ[c] و بیست هه‌زار به‌ت[d] شه‌راب و بیست هه‌زار به‌ت زه‌یتیان ده‌ده‌مێ.»
11
حیرامی پاشای سوریش له‌ نووسراوێكدا كه‌ بۆ سلێمان ناردی نووسیبووی:
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدان گه‌له‌كه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، تۆی كردووه‌ته‌ پاشایان.»
12
هه‌روه‌ها حیرام گوتی:
«ستایش بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل، ئه‌وه‌ی ئاسمان و زه‌ویی دروستكردووه‌! ئه‌وه‌ی كوڕێكی دانا و زانا و تێگه‌یشتووی داوه‌ته‌ داودی پاشا، كه‌ په‌رستگایه‌ك بۆ یه‌زدان و كۆشكێك بۆ پاشایه‌تییه‌كه‌ی بنیاد ده‌نێت.
13
«ئێستا من پیاوێكی دانا و شاره‌زا و تێگه‌یشتووت بۆ ده‌نێرم به‌ ناوی حورام‌ئاڤی[e] ،
14
كوڕی ژنێكه‌ له‌ نه‌وه‌ی دان و باوكیشی خه‌ڵكی شاری سوره‌. شاره‌زایه‌ له‌ كاری زێڕ و زیو، بڕۆنز و ئاسن، به‌رد و دار، ڕیسی ئه‌رخه‌وانی و مۆر و سووری تۆخ، له‌گه‌ڵ كه‌تانی ناسك، هه‌روه‌ها هه‌ڵكۆڵینی هه‌موو جۆره‌ نه‌خشێك و داهێنانی هه‌موو داهێنانێك كه‌ پێی بسپێردرێت، با له‌گه‌ڵ پیاوه‌ داناكانت و له‌گه‌ڵ پیاوه‌ داناكانی گه‌وره‌م داودی باوكت بێت.
15
«ئێستاش ئه‌و گه‌نم و جۆ و زه‌یتی زه‌یتوون و شه‌رابه‌ی كه‌ گه‌وره‌م باسی كردوون با بۆ خزمه‌تكاره‌كانی بنێرێت و
16
ئێمه‌ش له‌ لوبنانه‌وه‌ به‌پێی پێویستیت دارت بۆ ده‌بڕین و ده‌یكه‌ینه‌ كه‌ڵه‌ك و ده‌یده‌ین به‌ ده‌م ده‌ریاوه‌ بۆ یافا و تۆش بۆ ئۆرشه‌لیم سه‌ری بخه‌.»
17
سلێمان پاش ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ی كه‌ داودی باوكی ئه‌نجامی دا، هه‌موو پیاوه‌ بیانییه‌كانی ناو خاكی ئیسرائیلی سه‌رژمێری كرد، ژماره‌یان سه‌د و په‌نجا و سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌د پیاو بوون.
18
حه‌فتا هه‌زاریانی كرده‌ بارهه‌ڵگر و هه‌شتا هه‌زاریشی له‌ چیادا كرده‌ نه‌قاڕ و سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌ده‌كه‌ی دیكه‌شی كرده‌ سه‌ركار بۆ ئه‌وه‌ی كار به‌ گه‌ل بكه‌ن.
  1. a. 2‏:8 ئه‌لگوم جۆره‌ دارێكی به‌هێزه‌ له‌ لوبنان ده‌ڕوێت، ڕه‌نگی سوور و بۆنخۆشه‌.
  2. b. 2‏:10 بیست هه‌زار كۆر: نزیكه‌ی 200‏3 ته‌ن گه‌نم.
  3. c. 2‏:10 بیست هه‌زار كۆر: نزیكه‌ی 700‏2 ته‌ن جۆ.
  4. d. 2‏:10 بیست هه‌زار به‌ت: نزیكه‌ی 440 هه‌زار لیتر.
  5. e. 2‏:13 ئابی به‌ واتای (سه‌ركاری من).