عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایەتی یەهۆشافات 
1
یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا و خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل بەهێز کرد.
2
لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا لەشکری دانا، لەناو خاکی یەهودا و لەو شارۆچکانەی خاکی ئەفرایمیش کە ئاسای باوکی گرتبووی سەربازگەی تێدا دامەزراندن.
3
یەزدانیش لەگەڵ یەهۆشافات بوو، چونکە ڕێچکەی داودی باپیرە گەورەی گرتەبەر و ڕووی لە بتی بەعل نەکرد،
4
بەڵکو ڕووی لە خودای باوکی کرد و فەرمانەکانی ئەوی پەیڕەو کرد، نەک نەریتەکانی ئیسرائیل.
5
لەبەر ئەوە یەزدان جڵەوی پاشایەتییەکەی لە دەستیدا سەقامگیر کرد و هەموو یەهودا دیارییان پێشکەش بە یەهۆشافات کرد و دەوڵەمەندی و ڕێزی زۆری هەبوو.
6
بە هەموو دڵەوە ڕێگای یەزدانی پەیڕەو کرد و هەروەها نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و ستوونە ئەشێراکانی لە یەهودا تێکدا.
7
یەهۆشافات لە سێیەم ساڵی پاشایەتییەکەی بەن‌حەیل، عۆبەدیا، زەکەریا، نەتەنێل و میخایوی کاربەدەستەکانی خۆی ناردە شارۆچکەکانی یەهودا بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان فێربکەن.
8
ژمارەیەک لێڤییان لەگەڵ بوون، شەمەعیا، نەتەنیاهۆ، زەڤەدیا، عەساهێل، شەمیرامۆت، یەهۆناتان، ئەدۆنیا، تۆڤییاهو و تۆڤ ئەدۆنیا، هەروەها ئەلیشاماع و یەهۆرام کە هەردووکیان کاهین بوون.
9
بەناو هەموو شارەکانی یەهودا دەگەڕان، پەڕتووکی تەوراتی یەزدانیان پێبوو و خەڵکیان فێردەکرد.
10
ترسی یەزدان باڵی بەسەر هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکانی دەوروبەری یەهودا کێشا، ئیتر لە دژی یەهۆشافات نەجەنگان.
11
هەندێک لە فەلەستییەکانیش دیاری و زیویان وەک سەرانە بۆ یەهۆشافات هێنا، هەروەها عەرەبەکانیش مەڕوماڵاتیان بۆ هێنا، حەوت هەزار و حەوت سەد بەران و حەوت هەزار و حەوت سەد تەگە.
12
یەهۆشافات هەتا دەهات مەزن و مەزنتر دەبوو. لە یەهودا قەڵا و کۆگاکانی بنیاد نا،
13
لە شارۆچکەکانی یەهوداش ئازووقەی زۆری هەبوو، لە ئۆرشەلیم جەنگاوەری پاڵەوان و بەهێز هەبوو.
14
ئەمەش سەرژمێرییانە بەپێی بنەماڵەکان:
لە یەهودا، فەرماندەکانی یەکەی هەزاران:
عەدنا فەرماندە بوو و سێ سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو؛
15
لەپاش ئەو یەهۆحانان فەرماندە بوو کە دوو سەد و هەشتا یەکەی لەگەڵ بوو؛
16
لەپاش ئەویش عەمەسیای کوڕی زکری بوو، کە خۆی بەخشیبوو بە یەزدان، دوو سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو.
17
لە بنیامین:
پاڵەوانی بەهێز، ئەلیاداع، دوو سەد یەکەی چەکداری بە کەوان و قەڵغانەوە لەگەڵدا بوو؛
18
لەپاش ئەویش، یەهۆزاڤاد سەد و هەشتا یەکەی پیاوی پڕچەککراوی بۆ جەنگ لەگەڵ بوو.
19
ئەمانە خزمەتکارەکانی پاشا بوون، جگە لەوانەی پاشا لەناو شارە قەڵابەندەکان لە هەموو یەهودا داینان.