عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشبینی میخایو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌حاڤ 
1
یه‌هۆشافات ده‌وڵه‌مه‌ندی و ڕێزێكی زۆری هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌حاڤ ژنوژنخوازی كرد.
2
دوای چه‌ند ساڵێك چوو بۆ لای ئه‌حاڤ له‌ سامیره‌. ئه‌حاڤیش مه‌ڕ و مانگای زۆری بۆ ئه‌و و بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون سه‌ربڕی و هانی دا په‌لاماری ڕامۆتی گلعاد بدات.
3
ئه‌حاڤ پاشای ئیسرائیل پرسیاری له‌ یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا كرد: «له‌گه‌ڵم دێیته‌ ڕامۆتی گلعاد؟»
یه‌هۆشافاتیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «خۆم وه‌ك خۆت و گه‌له‌كه‌م وه‌ك گه‌له‌كه‌ت، له‌گه‌ڵتداین بۆ جه‌نگ.»
4
به‌ڵام یه‌هۆشافات به‌ پاشای ئیسرائیلی گوت: «سه‌ره‌تا داوای ڕاوێژ له‌ یه‌زدان بكه‌.»
5
ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغه‌مبه‌ره‌كانی كۆكرده‌وه‌، نزیكه‌ی چوار سه‌د پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمه‌ ڕامۆتی گلعاد بۆ جه‌نگ یان نا؟»
ئه‌وانیش گوتیان: «بڕۆ، یه‌زدان ده‌یداته‌ ده‌ستی پاشا.»
6
به‌ڵام یه‌هۆشافات پرسیاری كرد: «هیچ پێغه‌مبه‌رێكی یه‌زدان لێره‌ نه‌ماوه‌ لێی بپرسین؟»
7
پاشای ئیسرائیلیش به‌ یه‌هۆشافاتی گوت: «پیاوێكی دیكه‌ ماوه‌ پرسی یه‌زدانی پێ بكه‌ین، به‌ڵام من ڕقم لێیه‌تی، چونكه‌ ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ من پێشبینی چاك ناكات به‌ڵكو خراپ، ئه‌ویش میخایوی كوڕی یه‌ملایه‌.»
یه‌هۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نه‌ڵێت.»
8
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاشای ئیسرائیل كاربه‌ده‌ستێكی بانگكرد و گوتی: «به‌ په‌له‌ میخایوی كوڕی یه‌ملام بۆ بهێنه‌!»
9
له‌و كاته‌دا پاشای ئیسرائیل و یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا جلی شاهانه‌یان له‌به‌ركردبوو و هه‌ریه‌كه‌ و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی خۆی دانیشتبوو له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی[a] لای ده‌روازه‌ی سامیره‌، هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانیش له‌به‌رده‌میان پێشبینییان ده‌كرد.
10
سدقیای كوڕی كه‌نعه‌نا دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستكردبوو، گوتی: «یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”به‌مه‌ ورگی ئارامییه‌كان ده‌دڕیت هه‌تا ته‌واو ده‌بن.“»
11
هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانیش به‌م جۆره‌ پێشبینییان كرد، گوتیان: «په‌لاماری ڕامۆتی گلعاد بده‌ و سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت، یه‌زدان ده‌یداته‌ ده‌ستی پاشا.»
12
ئه‌و نێردراوه‌ی چوو میخایو بانگ بكات قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد و گوتی: «ئه‌وه‌تا قسه‌ی هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌ یه‌ك ده‌نگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پاشایه‌، تكایه‌ با قسه‌ی تۆش وه‌ك قسه‌ی یه‌كێك له‌وان بێت و به‌ باشه‌ قسه‌ بكه‌.»
13
به‌ڵام میخایو گوتی: «به‌ یه‌زدانی زیندوو، ئه‌وه‌ی خودا پێم بفه‌رموێت ئه‌وه‌ ده‌ڵێم.»
14
كاتێك هاته‌ لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینه‌ ڕامۆتی گلعاد بۆ جه‌نگ یان نا؟»
ئه‌ویش پێی گوت: «هێرش بكه‌ن و سه‌ركه‌وتوو بن، ده‌درێته‌ ده‌ستتان.»
15
پاشاش پێی گوت: «چه‌ند جار من سوێندم داویت، كه‌ جگه‌ له‌ ڕاستی به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ هیچی دیكه‌م پێ نه‌ڵێیت؟»
16
ئینجا میخایو وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «هه‌موو ئیسرائیلم بینی له‌سه‌ر چیاكان وه‌ك مه‌ڕی بێ شوان په‌رته‌وازه‌ ببوون، یه‌زدانیش فه‌رمووی: ”ئه‌وانه‌ خاوه‌نیان نییه‌، با هه‌ریه‌كه‌ و به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی.“»
17
پاشای ئیسرائیل به‌ یه‌هۆشافاتی گوت: «پێم نه‌گوتی ئه‌و پێشبینی چاك سه‌باره‌ت به‌ من ناكات، به‌ڵكو خراپ؟»
18
میخایو گوتی: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگره‌، یه‌زدانم بینی له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانیشتبوو، هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمانیش له‌لای ڕاست و چه‌پیه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون.
19
یه‌زدان فه‌رمووی: ”كێ ئه‌حاڤی پاشای ئیسرائیل فریوده‌دات هه‌تا هێرش بكاته‌ سه‌ر ڕامۆتی گلعاد و له‌وێ بمرێت؟“
«یه‌كێك پێشنیاری ئه‌مه‌ی كرد و یه‌كێكی دیكه‌ ئه‌وه‌.
20
ئینجا ڕۆحێك هاته‌ پێشه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م یه‌زدان ڕاوه‌ستا و گوتی: ”من فریوی ده‌ده‌م.“
«یه‌زدانیش لێی پرسی: ”به‌ چی؟“
21
«ئه‌ویش گوتی: ”ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌می هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانی ده‌بمه‌ ڕۆحی درۆ.“
«یه‌زدانیش پێی فه‌رموو: ”تۆ فریوی ده‌ده‌یت و ده‌توانیت، بڕۆ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌ بكه‌.“
22
«ئێستاش وا یه‌زدان ڕۆحی درۆی خستووه‌ته‌ ناو ده‌می پێغه‌مبه‌ره‌كانته‌وه‌. یه‌زدان بڕیاری دا به‌ڵاتان به‌سه‌ر بهێنێت.»
23
ئینجا سدقیای كوڕی كه‌نعه‌نا هاته‌ پێشه‌وه‌ و زلله‌یه‌كی له‌ ڕوومه‌تی میخایو دا و گوتی: «له‌كوێوه‌ ڕۆحی یه‌زدان له‌ منه‌وه‌ په‌ڕییه‌وه‌ هه‌تا قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بكات؟»
24
میخایو وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ده‌بینیت كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌چیته‌ ژووری دواوه‌ی خانوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆت بشاریته‌وه‌.»
25
ئینجا پاشای ئیسرائیل فه‌رمانی دا: «میخایو ببه‌ن و بیگه‌ڕێننه‌وه‌ لای ئامۆنی فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كه‌ و یۆئاشی كوڕی پاشا،
26
پێیان بڵێن: ”ئه‌مه‌ فه‌رمانی پاشایه‌: ئه‌مه‌ بخه‌نه‌ زیندانه‌وه‌ و جگه‌ له‌ كه‌مێك نان و ئاو هیچی دیكه‌ی پێ مه‌ده‌ن، هه‌تا هاتنه‌وه‌م به‌ سه‌لامه‌تی.“»
27
میخایو گوتی: «ئه‌گه‌ر تۆ به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێیته‌وه‌، یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی منه‌وه‌ هیچی نه‌فه‌رمووه‌!» ئینجا گوتی: «ئه‌ی هه‌موو گه‌ل، گوێ بگرن!»
كوشتنی ئه‌حاڤ له‌ ڕامۆتی گلعاد 
28
ئیتر پاشای ئیسرائیل و یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا سه‌ركه‌وتن بۆ ڕامۆتی گلعاد.
29
پاشای ئیسرائیل به‌ یه‌هۆشافاتی گوت: «من خۆم ده‌گۆڕم و ده‌چمه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌، به‌ڵام تۆ جلوبه‌رگه‌ شاهانه‌كه‌ی خۆت له‌به‌ر بكه‌.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌.
30
پاشای ئارام فه‌رمانی به‌ فه‌رمانده‌ی گالیسكه‌كانی دا و گوتی: «شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هیچ گه‌وره‌ و بچووكێك مه‌كه‌ن، جگه‌ له‌ پاشای ئیسرائیل.»
31
كاتێك كه‌ سه‌ركرده‌كانی گالیسكه‌كان یه‌هۆشافاتیان بینی، گوتیان: «ئه‌وه‌ پاشای ئیسرائیله‌.» گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام یه‌هۆشافات هاواری كرد و یه‌زدانیش یارمه‌تی دا و ئه‌وانی لێ دوورخسته‌وه‌.
32
كاتێك كه‌ سه‌ركرده‌كانی گالیسكه‌كان بینییان ئه‌وه‌ پاشای ئیسرائیل نه‌بوو، وازیان له‌ ڕاونانی هێنا.
33
پیاوێكیش به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی تیروكه‌وانه‌كه‌ی ڕاكێشا و پاشای ئیسرائیلی له‌ درزی نێو به‌شه‌كانی سپه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بریندار كرد، ئه‌ویش به‌ گالیسكه‌وانه‌كه‌ی گوت: «ده‌ستت بكێشه‌وه‌ له‌ناو سوپاكه‌ بمبه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ بریندار بووم.»
34
له‌و ڕۆژه‌دا شه‌ڕه‌كه‌ زۆر سه‌خت بوو، هه‌تا ئێواره‌ پاشا له‌ناو گالیسكه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئارام ڕاگیرا، كاتی خۆر ئاوابوون مرد.
  1. a. 18‏:9 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.