عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی یه‌هۆشافات 
1
یه‌هۆشافاتی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا و خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ئیسرائیل به‌هێز كرد.
2
له‌ هه‌موو شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كانی یه‌هودا له‌شكری دانا، له‌ناو خاكی یه‌هودا و له‌و شارۆچكانه‌ی خاكی ئه‌فرایمیش كه‌ ئاسای باوكی گرتبووی سه‌ربازگه‌ی تێدا دامه‌زراندن.
3
یه‌زدانیش له‌گه‌ڵ یه‌هۆشافات بوو، چونكه‌ ڕێچكه‌ی داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی گرته‌به‌ر و ڕووی له‌ بتی به‌عل نه‌كرد،
4
به‌ڵكو ڕووی له‌ خودای باوكی كرد و فه‌رمانه‌كانی ئه‌وی په‌یڕه‌و كرد، نه‌ك نه‌ریته‌كانی ئیسرائیل.
5
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان جڵه‌وی پاشایه‌تییه‌كه‌ی له‌ ده‌ستیدا سه‌قامگیر كرد و هه‌موو یه‌هودا دیارییان پێشكه‌ش به‌ یه‌هۆشافات كرد و ده‌وڵه‌مه‌ندی و ڕێزی زۆری هه‌بوو.
6
به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ ڕێگای یه‌زدانی په‌یڕه‌و كرد و هه‌روه‌ها نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییه‌كان و ستوونه‌ ئه‌شێراكانی له‌ یه‌هودا تێكدا.
7
یه‌هۆشافات له‌ سێیه‌م ساڵی پاشایه‌تییه‌كه‌ی به‌ن‌حه‌یل، عۆبه‌دیا، زه‌كه‌ریا، نه‌ته‌نێل و میخایوی كاربه‌ده‌سته‌كانی خۆی نارده‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتووانه‌كانیان فێربكه‌ن.
8
ژماره‌یه‌ك لێڤییان له‌گه‌ڵ بوون، شه‌مه‌عیا، نه‌ته‌نیاهۆ، زه‌ڤه‌دیا، عه‌ساهێل، شه‌میرامۆت، یه‌هۆناتان، ئه‌دۆنیا، تۆڤییاهو و تۆڤ ئه‌دۆنیا، هه‌روه‌ها ئه‌لیشاماع و یه‌هۆرام كه‌ هه‌ردووكیان كاهین بوون.
9
به‌ناو هه‌موو شاره‌كانی یه‌هودا ده‌گه‌ڕان، په‌ڕتووكی ته‌وراتی یه‌زدانیان پێبوو و خه‌ڵكیان فێرده‌كرد.
10
ترسی یه‌زدان باڵی به‌سه‌ر هه‌موو پاشایه‌تییه‌كانی خاكه‌كانی ده‌وروبه‌ری یه‌هودا كێشا، ئیتر له‌ دژی یه‌هۆشافات نه‌جه‌نگان.
11
هه‌ندێك له‌ فه‌له‌ستییه‌كانیش دیاری و زیویان وه‌ك سه‌رانه‌ بۆ یه‌هۆشافات هێنا، هه‌روه‌ها عه‌ره‌به‌كانیش مه‌ڕوماڵاتیان بۆ هێنا، حه‌وت هه‌زار و حه‌وت سه‌د به‌ران و حه‌وت هه‌زار و حه‌وت سه‌د ته‌گه‌.
12
هه‌تا ده‌هات یه‌هۆشافات مه‌زنتر ده‌بوو. له‌ یه‌هودا قه‌ڵا و كۆگاكانی بنیاد نا،
13
له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هوداش ئازووقه‌ی زۆری هه‌بوو، له‌ ئۆرشه‌لیم جه‌نگاوه‌ری پاڵه‌وان و به‌هێز هه‌بوو.
14
ئه‌مه‌ش سه‌رژمێرییانه‌ به‌پێی بنه‌ماڵه‌كان:
له‌ یه‌هودا، فه‌رمانده‌كانی یه‌كه‌ی هه‌زاران:
عه‌دناح فه‌رمانده‌ بوو و سێ سه‌د یه‌كه‌ی پاڵه‌وانی به‌هێزی له‌گه‌ڵ بوو؛
15
له‌پاش ئه‌و یه‌هۆحانان فه‌رمانده‌ بوو كه‌ دوو سه‌د و هه‌شتا یه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بوو؛
16
له‌پاش ئه‌ویش عه‌مه‌سیای كوڕی زكری بوو، كه‌ خۆی به‌خشیبوو به‌ یه‌زدان، دوو سه‌د یه‌كه‌ی پاڵه‌وانی به‌هێزی له‌گه‌ڵ بوو.
17
له‌ بنیامین:
پاڵه‌وانی به‌هێز، ئه‌لیاداع، دوو سه‌د یه‌كه‌ی چه‌كداری به‌ كه‌وان و قه‌ڵغانه‌وه‌ له‌گه‌ڵدا بوو؛
18
له‌پاش ئه‌ویش، یه‌هۆزاڤاد سه‌د و هه‌شتا یه‌كه‌ی پیاوی پڕچه‌ككراوی بۆ جه‌نگ له‌گه‌ڵ بوو.
19
ئه‌مانه‌ خزمه‌تكاره‌كانی پاشا بوون، جگه‌ له‌وانه‌ی پاشا له‌ناو شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان له‌ هه‌موو یه‌هودا داینان.