عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
كاتێك یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا به‌ سه‌لامه‌تی گه‌ڕایه‌وه‌ كۆشكه‌كه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیم،
2
یێهوی كوڕی حه‌نانی، ئه‌وه‌ی په‌یامی خودای به‌ پاشا ڕاده‌گه‌یاند، چووه‌ لای و به‌ یه‌هۆشافات پاشای گوت: «ئایا ده‌بوو یارمه‌تی خراپه‌كار بده‌یت و ئه‌وانه‌ت خۆشبوێت كه‌ ڕقیان له‌ یه‌زدانه‌؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ تووڕه‌یی یه‌زدانت له‌سه‌ره‌.
3
به‌ڵام هه‌ندێك كاری چاكت لێ به‌دی كراوه‌، چونكه‌ ستوونه‌ ئه‌شێراكانت له‌ خاكه‌كه‌دا داماڵی و خۆتت ته‌رخان كردووه‌ بۆ ڕوو له‌ خودا كردن.»
دانانی دادوه‌ر له‌ شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان 
4
یه‌هۆشافات له‌ ئۆرشه‌لیم نیشته‌جێ بوو، دیسان له‌ ئۆرشه‌لیم هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ناو گه‌لدا گه‌ڕا، له‌ بیری شابه‌عه‌وه‌ هه‌تا ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم و ئه‌وانی بۆ لای یه‌زدانی خودای باوباپیرانیان گه‌ڕانده‌وه‌.
5
هه‌روه‌ها دادوه‌ری له‌ هه‌موو شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كانی یه‌هودا دانا و
6
به‌ دادوه‌ره‌كانی گوت: «ئاگاداربن ئێوه‌ چی ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئێوه‌ دادوه‌ری بۆ مرۆڤ ناكه‌ن، به‌ڵكو بۆ یه‌زدان، ئه‌ویش له‌ بڕیارداندا له‌گه‌ڵتان ده‌بێت.
7
ئێستاش با ترسی یه‌زدانتان له‌ دڵدا بێت و ئاگاداربن و كار بكه‌ن، چونكه‌ له‌لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان ناڕه‌وایی و لایه‌نگری و به‌رتیل خواردن نییه‌.»
8
هه‌روه‌ها یه‌هۆشافات له‌ لێڤی و كاهین و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانی ئیسرائیل چه‌ند كه‌سێكی له‌ ئۆرشه‌لیم دانا بۆ دادوه‌ریكردن به‌گوێره‌ی فێركردنی یه‌زدان و بۆ ناوبژیكردنی ناكۆكییه‌كان، ئه‌وانیش له‌ ئۆرشه‌لیم دانیشتن.
9
فه‌رمانی پێ كردن و گوتی: «ئاوا كار ده‌كه‌ن، به‌ له‌خواترسی و به‌ دڵسۆزی و به‌ دڵێكی ته‌واوه‌وه‌.
10
هه‌ر داوایه‌ك كه‌ برایانی دانیشتووی شاره‌كانتان ده‌یهێننه‌ لاتان، په‌یوه‌ست بێت به‌ خوێنڕشتن یان به‌ فێركردنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمان و حوكمه‌كان، ئه‌وا ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌ له‌ دژی یه‌زدان تاوان نه‌كه‌ن، نه‌وه‌ك تووڕه‌یی یه‌زدان بێته‌ سه‌ر خۆتان و گه‌له‌كه‌تان. ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بكه‌ن، تاوان ناكه‌ن.
11
«ئه‌مه‌ریای سه‌رۆك كاهین له‌ هه‌موو كاروباره‌كانی یه‌زدان سه‌رپه‌رشتیتان ده‌كات، زه‌ڤه‌دیای كوڕی ئیسماعیلیش سه‌رۆكی هۆزی یه‌هودایه‌ و له‌ هه‌موو كاروباره‌كانی پاشا سه‌رپه‌رشتیتان ده‌كات و لێڤییه‌كانیش وه‌كو كاربه‌ده‌ست یارمه‌تیده‌رتان ده‌بن. ئازابن و ده‌ستبه‌كار بن، با یه‌زدانیش له‌گه‌ڵ چاكه‌كاران بێت.»