عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌زاندنی مۆئاب و عه‌مۆن 
1
پاش ئه‌وه‌ی مۆئابی و عه‌مۆنییه‌كان كه‌ هه‌ندێك مه‌عونیشیان له‌گه‌ڵ بوو، هاتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دژی یه‌هۆشافات بجه‌نگن.
2
كه‌سانێك هاتن و به‌ یه‌هۆشافاتیان ڕاگه‌یاند و گوتیان: «سوپایه‌كی زۆر گه‌وره‌ له‌وبه‌ری ده‌ریای مردووه‌وه‌[a] له‌ ئه‌دۆمه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتوون بێنه‌ سه‌رت، وا له‌ حه‌چه‌چۆن تامارن كه‌ كانی گه‌دییه‌.»
3
یه‌هۆشافاتیش ترسا و بڕیاری دا پرسیار له‌ یه‌زدان بكات، ئیتر له‌ هه‌موو یه‌هودا ڕۆژووی ڕاگه‌یاند.
4
خه‌ڵكی یه‌هودا كۆبوونه‌وه‌ بۆ نزا و داواكردنی یارمه‌تی له‌ یه‌زدان، هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو شارۆچكه‌كانی یه‌هوداوه‌ هاتن هه‌تا ڕوو له‌ یه‌زدان بكه‌ن.
5
ئینجا یه‌هۆشافات له‌نێو كۆمه‌ڵی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم له‌ په‌رستگای یه‌زدان به‌رامبه‌ر به‌ حه‌وشه‌ نوێیه‌كه‌ وه‌ستا و
6
گوتی:
«ئه‌ی یه‌زدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئه‌و خودایه‌ نیت كه‌ له‌ ئاسمانه‌؟ تۆ فه‌رمانڕه‌وای هه‌موو پاشایه‌تی نه‌ته‌وه‌كانیت. هێز و توانا له‌ ده‌ستی تۆدایه‌ و كه‌س نییه‌ خۆی له‌به‌رده‌مت ڕابگرێت.
7
ئه‌ی خودامان، ئایا تۆ نه‌بوویت كه‌ دانیشتووانی ئه‌م خاكه‌ت له‌به‌رده‌م ئیسرائیلی گه‌لت وه‌ده‌رنا و هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ وه‌چه‌ی ئیبراهیمی دۆستی خۆتت دا؟
8
تێیدا نیشته‌جێ بوون و له‌ناویدا پیرۆزگایه‌كیان بۆ ناوت بنیاد نا و گوتیان:
9
”ئه‌گه‌ر خراپه‌ بێته‌ سه‌رمان، شمشێر و حوكم به‌سه‌ردادان و په‌تا و قاتوقڕی، له‌به‌رده‌م ئه‌م په‌رستگایه‌ و له‌به‌رده‌مت ڕاده‌وه‌ستین، چونكه‌ ئه‌م په‌رستگایه‌ كه‌ هه‌ڵگری ناوی تۆیه‌ و له‌ ته‌نگانه‌ماندا هاوارت بۆ ده‌كه‌ین و گوێت لێ ده‌بێت و ڕزگارمان ده‌كه‌یت.“
10
«ئێستاش ته‌ماشا بكه‌، سوپاكانی عه‌مۆن و مۆئاب و كێوی سێعیر، ئه‌وانه‌ی ڕێگات به‌ ئیسرائیل نه‌دا په‌لاماریان بده‌ن كاتێك له‌ خاكی میسره‌وه‌ هاتن. ئیتر ئیسرائیلیش خۆی لێیان لادا و له‌ناویان نه‌بردن.
11
ببینه‌، چۆن ئێستا ئه‌وان به‌ خراپه‌ پاداشتمان ده‌ده‌نه‌وه‌، له‌و موڵكه‌ ده‌رمانده‌كه‌ن كه‌ تۆ به‌ میرات پێتداین.
12
ئه‌ی خودای ئێمه‌، ئایا حوكمیان به‌سه‌ردا ناده‌یت؟ چونكه‌ ئێمه‌ توانامان نییه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سوپا زۆر گه‌وره‌یه‌ی په‌لامارمان ده‌ده‌ن و ئێمه‌ نازانین چی بكه‌ین به‌ڵام چاومان له‌ تۆیه‌.»
13
هه‌موو پیاوانی یه‌هوداش له‌به‌رده‌م یه‌زدان ڕاوه‌ستابوون، هه‌روه‌ها ژن و منداڵ و كوڕه‌كانیشیان.
14
ئینجا له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕۆحی یه‌زدان هاته‌ سه‌ر یه‌حه‌زیێلی كوڕی زه‌كه‌ریای كوڕی به‌نایای كوڕی یه‌عیێلی كوڕی مه‌ته‌نیای لێڤی له‌ نه‌وه‌ی ئاساف.
15
گوتی: «ئه‌ی هه‌موو یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم و یه‌هۆشافاتی پاشا گوێ بگرن! یه‌زدان به‌م جۆره‌ به‌ ئێوه‌ ده‌فه‌رموێت: ”مه‌ترسن و وره‌ به‌رمه‌ده‌ن له‌به‌رده‌م ئه‌و سوپا زۆره‌، چونكه‌ جه‌نگه‌كه‌ هی ئێوه‌ نییه‌ به‌ڵكو هی خودایه‌.
16
سبه‌ینێ دابه‌زنه‌ سه‌ریان، ئه‌وان وا له‌ هه‌ورازه‌كه‌ی چیچ سه‌رده‌كه‌ون، له‌وپه‌ڕی ده‌ربه‌نده‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر چۆڵه‌وانی یه‌روئێل ده‌یاندۆزنه‌وه‌.
17
پێویست ناكات له‌م شه‌ڕه‌ بجه‌نگن. ئه‌ی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم، ڕاوه‌ستن و مه‌جوڵێن و ته‌ماشا بكه‌ن چۆن یه‌زدان ڕزگارتان ده‌كات. مه‌ترسن و وره‌ به‌رمه‌ده‌ن، سبه‌ینێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان بچن و یه‌زدان له‌گه‌ڵتان ده‌بێت.“»
18
یه‌هۆشافات كڕنۆشی برد و سه‌ری خسته‌ سه‌ر زه‌وی، هه‌موو یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمیش له‌به‌رده‌م یه‌زدان له‌سه‌ر ڕوو كه‌وتن و كڕنۆشیان برد.
19
ئینجا لێڤییه‌كان له‌ نه‌وه‌ی قه‌هاتی و قۆره‌حییه‌كان هه‌ستانه‌وه‌ بۆ ستایشكردنی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل به‌ ده‌نگێكی زۆر به‌رز.
20
به‌یانی زوو له‌ خه‌و هه‌ستان و چوون بۆ چۆڵه‌وانی ته‌قۆعه‌، له‌ كاتی به‌ڕێكه‌وتنیان یه‌هۆشافات ڕاوه‌ستا و گوتی: «ئه‌ی خه‌ڵكی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم، گوێم لێ بگرن! بڕواتان به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان هه‌بێت، دڵنیابن و بڕواتان به‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی هه‌بێت سه‌ركه‌وتوو ده‌بن.»
21
له‌دوای ئه‌وه‌ی یه‌هۆشافات ڕاوێژی به‌ گه‌ل كرد، گۆرانیبێژی دانا بۆ ئه‌وه‌ی ستایشی یه‌زدان بكه‌ن بۆ شكۆی پیرۆزی، كاتێك له‌پێش سوپاكه‌ ده‌ڕۆن بڵێن:
«سوپاسی یه‌زدان بكه‌ن،
چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.»
22
كاتێك ده‌ستیان به‌ گۆرانی و ستایش كرد، یه‌زدان چه‌ند بۆسه‌یه‌كی بۆ عه‌مۆنی و مۆئابییه‌كان و خه‌ڵكی كێوی سێعیر نایه‌وه‌ كه‌ هاتبوون بۆ په‌لاماردانی یه‌هودا، ئیتر شكان.
23
عه‌مۆنی و مۆئابییه‌كان هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر دانیشتووانی كێوی سێعیر هه‌تا قڕیان بكه‌ن و له‌ناویان ببه‌ن، كه‌ له‌ دانیشتووانی سێعیر بوونه‌وه‌، به‌ربوونه‌ یه‌كتری و یه‌كترییان له‌ناوبرد.
24
كاتێك پیاوانی یه‌هودا گه‌یشتنه‌ شوێنی چاودێریكردن له‌ چۆڵه‌وانی، ته‌ماشای ئاپۆره‌ی سوپاكه‌یان كرد هه‌موو لاشه‌ن و له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ كه‌وتوون و كه‌س ده‌رباز نه‌بووه‌.
25
ئیتر یه‌هۆشافات و گه‌له‌كه‌ی هاتن بۆ تاڵانكردنی ده‌ستكه‌وته‌كان، جا شتومه‌ك و جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌لی گرانبه‌های زۆریان دۆزییه‌وه‌، به‌ڵام هێنده‌ زۆر بوو كه‌ نه‌یانتوانی باریان بكه‌ن. سێ ڕۆژ خه‌ریكی تاڵان بردن بوون.
26
له‌ ڕۆژی چواره‌م له‌ دۆڵی به‌راخا كۆبوونه‌وه‌، له‌وێش ستایشی یه‌زدانیان كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شوێنه‌كه‌یان ناونا دۆڵی به‌راخا[b] كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌و ناوه‌وه‌ ناوده‌بردرێت.
27
ئینجا هه‌موو پیاوانی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم به‌ ڕابه‌رایه‌تی یه‌هۆشافات به‌ خۆشییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم، چونكه‌ یه‌زدان به‌ دوژمنه‌كانیان خۆشی كردن.
28
به‌ قیساره‌ و ساز و كه‌ڕه‌ناوه‌ چوونه‌ ناو ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ په‌رستگای یه‌زدان.
29
به‌و شێوه‌یه‌ ترسی یه‌زدان له‌ هه‌موو پاشایه‌تی خاكه‌كانی دیكه‌ نیشت، كاتێك كه‌ بیستیانه‌وه‌ یه‌زدان شه‌ڕی له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی ئیسرائیلدا كردووه‌.
30
ئیتر ئاشتی له‌نێو پاشایه‌تییه‌كه‌ی یه‌هۆشافات به‌رقه‌رار بوو، خودا له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ حه‌ساندییه‌وه‌.
كۆتایی پاشایه‌تی یه‌هۆشافات 
31
یه‌هۆشافات به‌م شێوه‌یه‌ پاشایه‌تی یه‌هودای كرد. له‌ ته‌مه‌نی سی و پێنج ساڵی بوو به‌ پاشای یه‌هودا، بیست و پێنج ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی عه‌زوڤای كچی شیلحی بوو.
32
ڕێچكه‌ی ئاسای باوكی گرته‌به‌ر و لێی لانه‌دا، ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاسته‌ كردی.
33
به‌ڵام هێشتا نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی تێكنه‌دران و گه‌ل هێشتا به‌ ته‌واوی دڵیان به‌ خودای باوباپیرانیان نه‌دابوو.
34
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی یه‌هۆشافات له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا كۆتایی، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی یێهوی كوڕی حه‌نانی تۆمار كراون، ئه‌وه‌ی له‌ په‌ڕتووكی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
35
پاش ئه‌مانه‌ یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا له‌گه‌ڵ ئه‌حه‌زیای پاشای ئیسرائیلدا كه‌ خراپه‌كار بوو هاوپه‌یمانییه‌تی به‌ست،
36
ئینجا یه‌كیانگرت له‌ دروستكردنی كه‌شتی بازرگانی، له‌ عه‌چیۆن گه‌ڤه‌ر چه‌ند كه‌شتیگه‌لێكیان دروستكرد.
37
به‌ڵام ئه‌لیعه‌زه‌ری كوڕی دۆداڤاهو كه‌ خه‌ڵكی مارێشا بوو له‌سه‌ر یه‌هۆشافات پێشبینی كرد و گوتی: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حه‌زیا هاوپه‌یمانییه‌تیت به‌ست، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ دروستتان كرد یه‌زدان تێكیده‌شكێنێت.» ئیتر كه‌شتییه‌كان شكان و نه‌یانتوانی گه‌شتی بازرگانی بكه‌ن.
  1. a. 20‏:2 ده‌ریای مردووه‌وه‌: عیبری ده‌ریاوه‌.
  2. b. 20‏:26 به‌راخا واته‌ ستایش.