عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ناردنی تیمۆساوس بۆ سالۆنیکی 
1
بۆیە، کاتێک بەرگەی دووری ئێوەمان نەگرت، بە باشمان زانی بە تەنها لە ئەسینا بمێنینەوە.
2
تیمۆساوسمان نارد کە برا و هاوکارمانە بۆ خودا لە مزگێنیی مەسیحدا، بۆ ئەوەی باوەڕتان بەهێز بکات و هانتان بدات،
3
تاکو لەم ناخۆشییانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین.
4
لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا.
5
لەبەر ئەوە منیش کاتێک بەرگەم نەگرت، تیمۆساوسم نارد بۆ ئەوەی دۆخی باوەڕتان بزانم، نەوەک تاقیکەرەوە تاقی کردبنەوە و ڕەنجمان بەفیڕۆ بچێت.
6
بەڵام ئێستا تیمۆساوس لەلای ئێوەوە هاتەوە بۆ لامان، مژدەی باوەڕ و خۆشەویستی ئێوەی پێداین، هەروەها چۆن هەردەم بە چاکە یادمان دەکەن و پەرۆشی بینینمانن، هەروەک چۆن ئێمەش بە پەرۆشین بۆ بینینی ئێوە.
7
لەبەر ئەوە خوشکان و برایان، لە کاتی تەنگانە و چەوسانەوەماندا، باوەڕتان هاندەرێکی گەورە بوو بۆمان،
8
چونکە ئێوە بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا چەسپاون، ئێستا ئێمەش بەڕاستی دەژین.
9
نازانین بە چ شێوەیەک سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەو هەموو دڵخۆشییەی لەبەردەم خودامان بە ئێوە هەمانە.
10
شەو و ڕۆژ گەرمتر دەپاڕێینەوە، تاکو بتانبینین و کەموکوڕیی باوەڕتان دابین بکەین.
11
با‏ خودای باوکمان‏ و عیسای پەروەردگارمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بکات،
12
هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان.
13
با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.