عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ژیانێك بۆ ڕازیكردنی خودا 
1
له‌ كۆتاییدا خوشكان، برایان، ئێمه‌ فێرمان كردوون كه‌ ده‌بێت چۆن بژین تاكو خودا ڕازی بكه‌ن، وه‌ك ئاواش ده‌ژین، ئیتر داواتان لێ ده‌كه‌ین و لێتان ده‌پاڕێینه‌وه‌ به‌ ناوی عیسای خاوه‌ن شكۆوه‌ تاكو زیاتر خۆتان ته‌رخان بكه‌ن،
2
چونكه‌ ده‌زانن ئه‌و ڕاسپاردانه‌ چی بوون كه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی عیسای باڵاده‌ست پێماندان.
3
خواستی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پیرۆزكراو بن، واز له‌ داوێنپیسی بهێنن.
4
هه‌روه‌ها خودا ده‌یه‌وێ كه‌ هه‌ریه‌كه‌تان فێری ئه‌وه‌ بێت كه‌ چۆن جه‌سته‌ی خۆی پاك و پیرۆز بپارێزێت،
5
نه‌ك به‌ ئاره‌زووی هه‌وه‌سبازی وه‌ك ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خودا ناناسن.
6
له‌م باره‌وه‌ كه‌س بۆ مه‌رامی خۆی سوود له‌ برا و خوشكه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرێت، هه‌روه‌ها خراپه‌یان به‌رامبه‌ر مه‌كه‌ن، چونكه‌ یه‌زدان تۆڵه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك پێشتر پێمان گوتوون و ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌.
7
خودا بانگی نه‌كردووین بۆ گڵاوی، به‌ڵكو بانگی كردین تاكو به‌ پاك و پیرۆزی بژین.
8
كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م فێركردنه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌، مرۆڤ ڕه‌ت ناكاته‌وه‌ به‌ڵكو خودا، ئه‌وه‌ی ڕۆحی پیرۆزی خۆی پێدان.
9
ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی برایانه‌، پێویست ناكات بۆتان بنووسم، چونكه‌ خۆتان له‌ خوداوه‌ فێربوون یه‌كتریتان خۆشبوێ.
10
له‌ڕاستیدا، هه‌موو خوشك و برایان له‌ ته‌واوی مه‌كدۆنیاتان خۆشده‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ی خوشك و برایان، تكاتان لێ ده‌كه‌ین كه‌ زیاتر و زیاتر به‌م شێوه‌یه‌ بن.
11
با ئامانجی ئێوه‌ به‌ڕێكردنی ژیانێكی ئارام و هێمن بێت. سه‌رتان له‌ كاری خۆتاندا بێت و به‌ ده‌ستی خۆتان كار بكه‌ن، وه‌ك ڕامانسپاردوون،
12
تاكو به‌ لێوه‌شاوه‌یی بژین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ و پێویستیتان به‌ كه‌س نه‌بێت.
هاتنه‌وه‌ی عیسای خاوه‌ن شكۆ 
13
خوشكان، برایان، نامانه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ نوستووان[a] نه‌زان بن، تاكو وه‌ك ئه‌وانه‌ی دیكه‌ خه‌مبار نه‌بن كه‌ هیوایان نییه‌.
14
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ عیسا مرد و هه‌ستایه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ باوه‌ڕیشمان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خودا ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ بۆ لای خۆی ده‌بات كه‌ به‌ یه‌كبوون له‌گه‌ڵ عیسادا نوستوون.
15
ئێمه‌ش به‌گوێره‌ی فێركردنی مه‌سیح ئه‌مه‌تان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئێمه‌ی زیندوو كه‌ ماوین هه‌تا هاتنه‌وه‌ی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ، پێش نوستووان ناكه‌وین،
16
چونكه‌ مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ خۆی به‌ ده‌نگی به‌رز فه‌رمان ده‌دات، به‌ ده‌نگی سه‌رۆكی فریشته‌كان و به‌ كه‌ڕه‌نای خودا، له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ و یه‌كه‌م جار ئه‌و مردووانه‌ هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح یه‌كیانگرتووه‌.
17
ئینجا ئێمه‌ی زیندوو كه‌ ماوین، هه‌موومان له‌گه‌ڵیان له‌ هه‌وردا ده‌ڕفێنرێین بۆ پێشوازی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ له‌ ئاسماندا، ئیتر هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌بین.
18
بۆیه‌ به‌م قسانه‌ یه‌كتری هانبده‌ن.
  1. a. 4‏:13 ئه‌وانه‌ی به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤانه‌ مردوون.