عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
خوشكان، برایان، سه‌باره‌ت به‌ كات و به‌روار پێویست ناكات بۆتان بنووسین،
2
چونكه‌ خۆتان باش ده‌زانن، هاتنی ڕۆژی یه‌زدان وه‌ك هاتنی دز وایه‌ له‌ شه‌ودا.
3
كاتێك خه‌ڵكی ده‌ڵێن: «ئاشتی و ئاسایشه‌،» ده‌ستبه‌جێ مردن دێته‌ سه‌ریان، وه‌ك ژانی ژنی سك پڕ له‌ ناوه‌ختدا دێت و ناشتوانن ده‌ربازیان بێت.
4
به‌ڵام ئێوه‌ خوشكان، برایان، له‌ تاریكیدا نین تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ك دز له‌ناكاو بێته‌ سه‌رتان،
5
چونكه‌ هه‌مووتان ڕۆڵه‌ی ڕووناكی و ڕۆڵه‌ی ڕۆژن. ڕۆڵه‌ی شه‌و یان تاریكی نین.
6
كه‌واته‌ ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی دیكه‌ ناخه‌وین، به‌ڵكو با ئێشك بگرین و وریابین،
7
چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌خه‌ون به‌ شه‌و ده‌خه‌ون و ئه‌وانه‌ی سه‌رخۆش ده‌بن به‌ شه‌و سه‌رخۆش ده‌بن.
8
به‌ڵام ئێمه‌ی ڕۆڵه‌ی ڕۆژ با وریا بین و سپه‌ری[a] باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی له‌به‌ر بكه‌ین و هیوای ڕزگاری وه‌ك كڵاوی ئاسنین له‌سه‌ر بكه‌ین،
9
چونكه‌ خودا ئێمه‌ی بۆ تووڕه‌یی ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕزگاری له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مانه‌وه‌،
10
ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئێمه‌دا مرد، تاكو ئه‌گه‌ر به‌خه‌به‌ر بین یاخود نوستوو[b] ، له‌گه‌ڵ ئه‌و بژین.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌كتری هانبده‌ن و یه‌كتری بنیاد بنێن، وه‌ك ده‌یكه‌ن.
12
ئیتر خوشكان و برایان، داواتان لێ ده‌كه‌ین ڕێزی ئه‌وانه‌ بگرن كه‌ له‌نێوتاندا زه‌حمه‌ت ده‌كێشن و له‌ سایه‌ی مه‌سیحی باڵاده‌ستدا سه‌رپه‌رشتی و ئامۆژگاریتان ده‌كه‌ن،
13
له‌به‌ر كاره‌كانیان ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و خۆشه‌ویستییان بۆ ده‌ربڕن. به‌ ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌كتری بژین.
14
ئه‌ی خوشكان و برایان، لێتان ده‌پاڕێینه‌وه‌: سه‌رزه‌نشتی ته‌مبه‌ڵه‌كان بكه‌ن، وره‌ی ترسنۆكه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، یارمه‌تی لاوازه‌كان بده‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌مووان پشوودرێژ بن.
15
ئاگاداربن پاداشتی خراپه‌ به‌ خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ یه‌كتری و بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ش باش بن.
16
هه‌میشه‌ دڵشاد بن،
17
به‌رده‌وام نوێژ بكه‌ن،
18
له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا سوپاسی خودا بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ ویستی خودایه‌ بۆ ئێوه‌ به‌ یه‌كبوونتان له‌گه‌ڵ عیسای مه‌سیحدا.
19
ڕۆحی پیرۆز مه‌كوژێننه‌وه‌،
20
په‌یامی ئه‌وانه‌ به‌ سووك مه‌زانن كه‌ ده‌ڵێن په‌یامی خودا ڕاده‌گه‌یه‌نن،
21
به‌ڵام هه‌موو شتێك تاقی بكه‌نه‌وه‌، چی باشه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرن،
22
له‌ هه‌موو جۆره‌ خراپه‌یه‌ك دوور بكه‌ونه‌وه‌.
سڵاوی كۆتایی 
23
خودای ئاشتی خۆی به‌ ته‌واوی پیرۆزتان بكات. ته‌واوی ڕۆح و ده‌روون و جه‌سته‌تان له‌ كاتی هاتنه‌وه‌ی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌ماندا بێ گله‌یی بپارێزن.
24
ئه‌و خودایه‌ی بانگتان ده‌كات دڵسۆزه‌ و ئه‌نجامی ده‌دات.
25
خوشكان و برایانم، نوێژمان بۆ بكه‌ن.
26
به‌ ماچی پیرۆز سڵاو له‌ هه‌موو گه‌لی خودایان بكه‌ن.
27
به‌ ناوی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆوه‌ ڕاتانده‌سپێرم كه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ بۆ هه‌موو باوه‌ڕداران بخوێنرێته‌وه‌.
28
نیعمه‌تی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵتان بێت.
  1. a. 5‏:8 جلێكی ئاسنینه‌ بۆ پاراستنی سنگی سه‌رباز له‌ كاتی جه‌نگدا.
  2. b. 5‏:10 مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤانه‌ مردوون.