عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئینجا پیاوانی قیریەت یەعاریم هاتن و سندوقی یەزدانیان سەرخست و بردیانە ژوورەوە بۆ ماڵی ئەبیناداب کە لەسەر گردەکە بوو، ئەلعازاری کوڕیان تەرخان کرد بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی یەزدان.
پاڕانەوەی ساموئێل لە پێناو ئیسرائیل 
2
ئەوە بوو لە ڕۆژی داگرتنی سندوقەکەوە لە قیریەت یەعاریم، ماوەکە درێژەی کێشا و بیست ساڵی خایاند، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان بە لاوانەوەوە نزایان دەکرد.
3
ساموئێل بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر ئێوە دەتانەوێ بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان، ئەوا ئەو خوداوەندە بێگانانە و عەشتۆرەتەکان لەنێو خۆتان دووربخەنەوە و دڵتان بۆ یەزدان ئامادە بکەن و تەنها ئەو بپەرستن، ئەویش لە دەست فەلەستییەکان فریاتان دەکەوێت.»
4
نەوەی ئیسرائیلیش بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانیان دوورخستەوە و بە تەنها یەزدانیان پەرست.
5
ئینجا ساموئێل گوتی: «هەموو ئیسرائیل لە میچپا کۆبکەنەوە هەتا لە پێناوی ئێوە لە یەزدان بپاڕێمەوە.»
6
ئەوانیش لە میچپا کۆبوونەوە، ئاویان کێشا و لەبەردەم یەزداندا ڕشتیان، لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوون، لەوێ گوتیان: «ئێمە گوناهمان لە دژی یەزدان کردووە.» ساموئێل لە میچپادا ڕابەرایەتی نەوەی ئیسرائیلی کرد.
7
کاتێک فەلەستییەکان بیستیان نەوەی ئیسرائیل لە میچپا کۆبوونەتەوە، حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتن بۆ هێرشبردنە سەر ئیسرائیل، نەوەی ئیسرائیلیش کە ئەمەیان بیست لە فەلەستییەکان ترسان.
8
نەوەی ئیسرائیل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناوی ئێمە بەردەوام بە لە پاڕانەوە لە یەزدانی پەروەردگارمان، بەڵکو لە دەست فەلەستییەکان ڕزگارمان بکات.»
9
ساموئێلیش بەرخۆڵەیەکی شیرەخۆرەی برد و کردییە قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدان. ساموئێل لە پێناوی ئیسرائیل لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش وەڵامی دایەوە.
10
ئەوە بوو کاتێک کە ساموئێل قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش دەکرد، فەلەستییەکان هاتنە پێش بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل، بەڵام لەو ڕۆژەدا یەزدان بە دەنگێکی بەرز بەسەر فەلەستییەکاندا گرماندی و بە جۆرێک پەشۆکاندنی کە لەبەردەم ئیسرائیلدا بەزین.
11
پیاوانی ئیسرائیلیش لە میچپا هاتنە دەرەوە و بەدوای فەلەستییەکان کەوتن و هەتا خوار بێت‌کار لێیان دان.
12
ئینجا ساموئێل بەردێکی هەڵگرت و لەنێوان میچپا و شێن بە ستوونی ڕاگیری کرد و ناوی لێنا «بەردی یارمەتی» و گوتی: «یەزدان هەتا ئێرە یارمەتی داین.»
13
بەم جۆرە فەلەستییەکان چاویان شکا و جارێکی دیکە نەهاتنەوە سەر سنووری ئیسرائیل.
یەزدانیش بە درێژایی ژیانی ساموئێل لە دژی فەلەستییەکان بوو.
14
ئەو شارۆچکانەش کە فەلەستییەکان لە ئیسرائیلیان بردبوو گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل، لە عەقرۆنەوە هەتا گەت، ئیسرائیل سنوورەکانی خۆی لە چنگ فەلەستییەکان دەرهێنا. لەو کاتەدا لەنێوان گەلی ئیسرائیل و ئەمۆرییەکانیشدا پەیمانی ئاشتی هەبوو.
15
ساموئێلیش بە درێژایی ژیانی ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
16
ساڵ لەدوای ساڵ دەڕۆیشت و دەگەڕا بەناو بێت‌ئێل و گلگال و میچپادا و لە هەموو ئەو شوێنانەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد.
17
بەڵام هەمیشە دەگەڕایەوە بۆ ڕامە، چونکە ماڵەکەی لەوێ بوو و لەوێ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و لەوێدا قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا.