عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئینجا پیاوانی قیریه‌ت یه‌عاریم هاتن و سندوقی یه‌زدانیان سه‌رخست و بردیانه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ماڵی ئه‌بیناداب كه‌ له‌سه‌ر گرده‌كه‌ بوو، ئه‌لعازاری كوڕیان ته‌رخان كرد بۆ پارێزگاریكردن له‌ سندوقی یه‌زدان.
پاڕانه‌وه‌ی ساموئێل له‌ پێناو ئیسرائیل 
2
ئه‌وه‌ بوو له‌ ڕۆژی داگرتنی سندوقه‌كه‌وه‌ له‌ قیریه‌ت یه‌عاریم، ماوه‌كه‌ درێژه‌ی كێشا و بیست ساڵی خایاند، هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رده‌م یه‌زدان به‌ لاوانه‌وه‌وه‌ نزایان ده‌كرد.
3
ساموئێل به‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلی گوت: «ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ به‌ هه‌موو دڵتانه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای یه‌زدان، ئه‌وا ئه‌و خوداوه‌نده‌ بێگانانه‌ و عه‌شتۆره‌ته‌كان له‌نێو خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌ و دڵتان بۆ یه‌زدان ئاماده‌ بكه‌ن و ته‌نها ئه‌و بپه‌رستن، ئه‌ویش له‌ ده‌ست فه‌له‌ستییه‌كان فریاتان ده‌كه‌وێت.»
4
نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش به‌عله‌كان و عه‌شتۆره‌ته‌كانیان دوورخسته‌وه‌ و به‌ ته‌نها یه‌زدانیان په‌رست.
5
ئینجا ساموئێل گوتی: «هه‌موو ئیسرائیل له‌ میچپا كۆبكه‌نه‌وه‌ هه‌تا له‌ پێناوی ئێوه‌ له‌ یه‌زدان بپاڕێمه‌وه‌.»
6
ئه‌وانیش له‌ میچپا كۆبوونه‌وه‌، ئاویان كێشا و له‌به‌رده‌م یه‌زداندا ڕشتیان، له‌و ڕۆژه‌دا به‌ڕۆژوو بوون، له‌وێ گوتیان: «ئێمه‌ گوناهمان له‌ دژی یه‌زدان كردووه‌.» ساموئێل له‌ میچپادا ڕابه‌رایه‌تی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی كرد.
7
كاتێك فه‌له‌ستییه‌كان بیستیان نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ میچپا كۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌، حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كان سه‌ركه‌وتن بۆ هێرشبردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل، نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش كه‌ ئه‌مه‌یان بیست له‌ فه‌له‌ستییه‌كان ترسان.
8
نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ ساموئێلیان گوت: «له‌ پێناوی ئێمه‌ به‌رده‌وام به‌ له‌ هاواركردن بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان، به‌ڵكو له‌ ده‌ست فه‌له‌ستییه‌كان ڕزگارمان بكات.»
9
ساموئێلیش به‌رخۆڵه‌یه‌كی شیره‌خۆره‌ی برد و كردییه‌ قوربانی سووتاندنێكی ته‌واو بۆ یه‌زدان. ساموئێل له‌ پێناوی ئیسرائیل هاواری بۆ یه‌زدان كرد و یه‌زدانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌.
10
ئه‌وه‌ بوو كاتێك كه‌ ساموئێل قوربانی سووتاندنه‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرد، فه‌له‌ستییه‌كان هاتنه‌ پێش بۆ جه‌نگ له‌ دژی ئیسرائیل، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌دا یه‌زدان به‌ ده‌نگێكی گه‌وره‌ به‌سه‌ر فه‌له‌ستییه‌كاندا گرماندی و ئه‌وانی په‌شۆكاند و له‌به‌رده‌م ئیسرائیلدا به‌زین.
11
پیاوانی ئیسرائیلیش له‌ میچپا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌دوای فه‌له‌ستییه‌كان كه‌وتن و هه‌تا خوار بێت‌كار لێیان دان.
12
ئینجا ساموئێل به‌ردێكی هه‌ڵگرت و له‌نێوان میچپا و شێن به‌ ستوونی ڕاگیری كرد و ناوی لێنا به‌ردی یارمه‌تی، گوتی: «یه‌زدان هه‌تا ئێره‌ یارمه‌تی داین.»
13
به‌م جۆره‌ فه‌له‌ستییه‌كان چاویان شكا و جارێكی دیكه‌ نه‌هاتنه‌وه‌ سه‌ر سنووری ئیسرائیل.
یه‌زدانیش به‌ درێژایی ژیانی ساموئێل له‌ دژی فه‌له‌ستییه‌كان بوو.
14
ئه‌و شارۆچكانه‌ش كه‌ فه‌له‌ستییه‌كان له‌ ئیسرائیلیان بردبوو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل، له‌ عه‌قرۆنه‌وه‌ هه‌تا گه‌ت، ئیسرائیل سنووره‌كانی خۆی له‌ چنگ فه‌له‌ستییه‌كان ده‌رهێنا. له‌و كاته‌دا له‌نێوان گه‌لی ئیسرائیل و ئه‌مورییه‌كانیشدا په‌یمانی ئاشتی هه‌بوو.
15
ساموئێلیش به‌ درێژایی ژیانی ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد و
16
ساڵ له‌دوای ساڵ ده‌ڕۆیشت و ده‌گه‌ڕا به‌ناو بێت‌ئێل و گلگال و میچپادا و له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی ده‌كرد.
17
به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ڕامه‌، چونكه‌ ماڵه‌كه‌ی له‌وێ بوو و له‌وێ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی ده‌كرد و له‌وێدا قوربانگایه‌كی بۆ یه‌زدان بنیاد نا.