عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئیسرائیل داوای پاشایه‌ك ده‌كات 
1
ئه‌وه‌ بوو كه‌ ساموئێل پیر بوو كوڕه‌كانی كرده‌ ڕابه‌ری ئیسرائیل.
2
ناوی كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی یۆئێل و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان ئه‌بیا بوو، له‌ بیری شابه‌ع دادوه‌رییان ده‌كرد.
3
به‌ڵام كوڕه‌كانی به‌ ڕێگای ئه‌ودا نه‌ڕۆیشتن، به‌ڵكو به‌لای ده‌ستكه‌وتی ناڕه‌وا لایاندا و به‌رتیلیان وه‌رگرت و دادپه‌روه‌رییان له‌ ڕێی ڕاست لادا.
4
جا هه‌موو پیرانی ئیسرائیل كۆبوونه‌وه‌ و هاتنه‌ ڕامه‌ بۆ لای ساموئێل.
5
پێیان گوت: «ئه‌وه‌تا تۆ پیر بوویت و كوڕه‌كانت به‌ ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان پاشایه‌كمان بۆ دابنێ تاكو ڕابه‌رایه‌تیمان بكات.»
6
به‌ڵام ئه‌م شته‌ له‌به‌رچاوی ساموئێل خراپ بوو كاتێك گوتیان، «پاشایه‌كمان بده‌رێ هه‌تا ڕابه‌رایه‌تیمان بكات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یه‌زدان كرد.
7
یه‌زدانیش به‌ ساموئێلی فه‌رموو: «گوێ له‌ ده‌نگی ئه‌م گه‌له‌ بگره‌ له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ پێت ده‌ڵێن، چونكه‌ ئه‌وان تۆیان ڕه‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو منیان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك پاشایان.
8
ئه‌وان ئێستا وا ڕه‌فتارت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك له‌گه‌ڵ من كردیان له‌و ڕۆژه‌ی له‌ میسره‌وه‌ ده‌رمهێنان هه‌تا ئه‌مڕۆ، وازیان له‌ من هێنا و خودای دیكه‌یان په‌رست.
9
ئێستاش گوێ له‌ ده‌نگیان بگره‌، به‌ڵام به‌ ڕاستی ئاگاداریان بكه‌ره‌وه‌ و پێیان ڕابگه‌یه‌نه‌ له‌ مافه‌كانی ئه‌و پاشایه‌ كه‌ حوكمڕانییان ده‌كات.»
10
ئینجا ساموئێل هه‌موو وشه‌كانی یه‌زدانی به‌و خه‌ڵكه‌ گوت كه‌ داوای پاشایان لێكرد.
11
گوتی: «ئاوا ده‌بێت مافه‌كانی ئه‌و پاشایه‌ی ده‌بێته‌ پاشاتان، كوڕه‌كانتان ده‌بات و دایانده‌نێت بۆ گالیسكه‌كانی و بۆ سواره‌كانی و له‌پێش گالیسكه‌كانییه‌وه‌ ڕاده‌كه‌ن.
12
هه‌ندێك وه‌ك فه‌رمانده‌ی هه‌زاران و په‌نجاكان بۆ خۆی داده‌نێت، هه‌ندێكیش بۆ كێڵانی زه‌وییه‌كه‌ی و دروێنه‌كردنی به‌روبوومه‌كه‌ی، هه‌ندێكی دیكه‌شیان داده‌نێت چه‌كی جه‌نگ و كه‌لوپه‌لی گالیسكه‌كانی بۆ دروستبكه‌ن.
13
كچه‌كانیشتان ده‌بات ببن به‌ بۆنگره‌وه‌ و چێشتلێنه‌ر و نانكه‌ر.
14
باشترین كێڵگه‌ و ڕه‌زی مێو و باغی زه‌یتوونه‌كانیشتان ده‌بات و ده‌یدات به‌ خزمه‌تكاره‌كانی.
15
ده‌یه‌كی دانه‌وێڵه‌ و ڕه‌زه‌مێوه‌كانتان ده‌بات و ده‌یداته‌ كاربه‌ده‌ست و خزمه‌تكاره‌كانی.
16
كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ و باشترین گا و گوێدرێژه‌كانتان ده‌بات و بۆ ئیشوكاری خۆی به‌كاریانده‌هێنێت.
17
ده‌یه‌كی مه‌ڕوماڵاتتان ده‌بات و ئێوه‌ ده‌بنه‌ كۆیله‌ی[a] ئه‌و.
18
جا له‌و ڕۆژه‌دا له‌به‌ر پاشاكه‌تان هاوار ده‌كه‌ن كه‌ خۆتان هه‌ڵتانبژاردووه‌، یه‌زدانیش له‌و ڕۆژه‌دا وه‌ڵامتان ناداته‌وه‌.»
19
به‌ڵام گه‌ل گوێیان له‌ ساموئێل نه‌گرت و گوتیان: «نه‌خێر! ئێمه‌ پاشایه‌كمان ده‌وێت پاشایه‌تیمان بكات،
20
تاكو ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ بین، پاشایه‌ك ڕابه‌رایه‌تیمان بكات و له‌پێشمانه‌وه‌ بڕوات و له‌ جه‌نگه‌كان بۆمان بجه‌نگێت.»
21
جا ساموئێل گوێی له‌ هه‌موو قسه‌كانی گه‌ل گرت و هه‌مووشی به‌ گوێی یه‌زداندا دا.
22
یه‌زدانیش به‌ ساموئێلی فه‌رموو: «گوێ له‌ ده‌نگیان بگره‌ و پاشایه‌كیان بۆ دابنێ.»
ئینجا ساموئێل به‌ پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هه‌ركه‌سه‌ و به‌ره‌و شارۆچكه‌كه‌ی خۆی بڕواته‌وه‌.»
  1. a. 8‏:17 وه‌ك چۆن له‌ میسر كۆیله‌ی فیرعه‌ون بوون. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 1‏:11 و دواوتار 6‏:21؛ 28‏:36‏،68‏\+xt*‏.