عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ساموئێل شاول ده‌ستنیشان ده‌كات 
1
پیاوێكی بنیامینی هه‌بوو ناوی قیشی كوڕی ئه‌بیێلی كوڕی چه‌ڕۆری كوڕی به‌خۆره‌تی كوڕی ئه‌فییه‌حی بنیامینی بوو، به‌ توانا و ده‌وڵه‌مه‌ند بوو.
2
كوڕێكی گه‌نج و قۆزی هه‌بوو ناوی شاول بوو، هیچ پیاوێك له‌نێو نه‌وه‌ی ئیسرائیل نه‌بوو له‌و قۆزتر بێت، له‌ هه‌موو گه‌ل هیچ كه‌س باڵای نه‌ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر شانی.
3
چه‌ند ماكه‌رێكی قیشی باوكی شاول بزر بوون و قیشیش به‌ شاولی كوڕی گوت: «تكایه‌ یه‌كێك له‌ خزمه‌تكاره‌كان له‌گه‌ڵ خۆتدا ببه‌ و هه‌سته‌ و بڕۆ به‌دوای ماكه‌ره‌كاندا بگه‌ڕێ.»
4
ئه‌وانیش له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم و به‌ ده‌وروبه‌ری شالیشادا تێپه‌ڕین، به‌ڵام نه‌یاندۆزینه‌وه‌. ئینجا له‌ زه‌وی شه‌عه‌لیم په‌ڕینه‌وه‌، به‌ڵام دیار نه‌بوون. ئینجا له‌ خاكی بنیامین په‌ڕینه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یاندۆزینه‌وه‌.
5
كاتێك گه‌یشتنه‌ ناو ناوچه‌ی چوف، شاول به‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ی گوت ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوو: «وه‌ره‌ با بگه‌ڕێینه‌وه‌، نه‌وه‌ك باوكم خه‌می ماكه‌ره‌كان له‌بیر بكات و له‌ خه‌می ئێمه‌دا بێت.»
6
به‌ڵام خزمه‌تكاره‌كه‌ش پێی گوت: «وا پیاوێكی خودا له‌م شارۆچكه‌یه‌یه‌، پیاوێكی ڕێزداره‌ و هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت، ده‌بێت. با ئێستا بچین بۆ ئه‌وێ، به‌ڵكو پێمان بڵێت كام ڕێگا بگرینه‌به‌ر.»
7
شاولیش به‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ی گوت: «به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچین، چی بۆ پیاوه‌كه‌ ببه‌ین؟ نان له‌ناو هه‌گبه‌كانماندا نه‌ماوه‌ و هیچ دیارییه‌ك نییه‌ بیبه‌ین بۆ پیاوه‌كه‌ی خودا، چیمان پێیه‌؟»
8
خزمه‌تكاره‌كه‌ش وه‌ڵامی شاولی دایه‌وه‌ گوتی: «ئه‌وه‌تا من چاره‌كه‌ شاقلێكی زیوم پێیه‌، ده‌یده‌م به‌ پیاوه‌كه‌ی خودا و ڕێگاكه‌ی خۆمان پێ ده‌ڵێت.»
9
پێشتر له‌ ئیسرائیل هه‌ر كاتێك پیاوێك بۆ زانینی خواستی خودا ده‌چوو، وای ده‌گوت: «بڕۆ با بچین بۆ لای پێشبینیكه‌ره‌كه‌،» چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری ئه‌مڕۆ پێشتر پێشبینیكه‌ری پێ ده‌گوترا.
10
شاولیش به‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ی گوت: «قسه‌كه‌ت باشه‌، وه‌ره‌ با بڕۆین.» جا ڕۆیشتن بۆ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی كه‌ پیاوه‌كه‌ی خودای لێبوو.
11
كاتێك ئه‌وان له‌ هه‌ورازه‌كه‌ بۆ شارۆچكه‌كه‌ سه‌رده‌كه‌وتن، چه‌ند كچێكیان بینی كه‌ بۆ ئاوكێشان هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و لێیان پرسین: «ئایا پێشبینیكه‌ره‌كه‌ لێره‌یه‌؟»
12
ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دانه‌وه‌ و گوتیان: «به‌ڵێ، ئه‌وه‌تا له‌پێشتانه‌، ئێستا خێرا بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مڕۆ بۆ شارۆچكه‌كه‌ هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ گه‌ل له‌ نزرگه‌كه‌ی سه‌ر به‌رزایی[a] قوربانی سه‌رده‌بڕن.
13
كه‌ ده‌چنه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌یدۆزنه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێته‌ نزرگه‌ی سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نان بخوات، چونكه‌ گه‌ل نان ناخۆن هه‌تا ئه‌و دێت، چونكه‌ ئه‌و داوای به‌ره‌كه‌ت بۆ قوربانییه‌كه‌ ده‌كات. پاش ئه‌وه‌ بانگهێشتكراوه‌كان نان ده‌خۆن. ئێستاش سه‌ربكه‌ون چونكه‌ له‌م كاته‌دا چاوتان پێی ده‌كه‌وێت.»
14
ئینجا سه‌ركه‌وتن بۆ شارۆچكه‌كه‌، له‌و كاته‌دا هاتنه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌، ئه‌وه‌تا ساموئێل به‌ره‌و ڕوویان هاته‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو بۆ نزرگه‌ی سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌ سه‌ربكه‌وێت.
15
به‌ ڕۆژێك به‌ر له‌ هاتنی شاول، یه‌زدان بۆ ساموئێلی ئاشكرا كردبوو و فه‌رمووبووی:
16
«سبه‌ینێ له‌م كاته‌دا له‌ خاكی بنیامینه‌وه‌ پیاوێكت بۆ ده‌نێرم، تۆش به‌ فه‌رمانڕه‌وای ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌م ده‌ستنیشانی[b] ده‌كه‌یت، جا گه‌له‌كه‌م له‌ ده‌ست فه‌له‌ستییه‌كان ڕزگار ده‌كات، چونكه‌ ته‌ماشای گه‌له‌كه‌مم كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاواریان گه‌یشته‌ لای من.»
17
جا كه‌ ساموئێل شاولی بینی، یه‌زدان پێی فه‌رموو: «ئه‌وه‌تا ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ پێم فه‌رموویت، ئه‌مه‌ حوكمڕانی گه‌له‌كه‌م ده‌كات.»
18
ئینجا شاول له‌ناوه‌ڕاستی ده‌روازه‌كه‌ به‌ره‌و ساموئێل چووه‌ پێش و پێی گوت: «تكایه‌، پێم بڵێ ماڵی پێشبینیكه‌ره‌كه‌ له‌كوێیه‌؟»
19
ساموئێلیش وه‌ڵامی شاولی دایه‌وه‌ و گوتی: «من پێشبینیكه‌ره‌كه‌م. له‌پێشمه‌وه‌ سه‌ربكه‌ون بۆ نزرگه‌ی سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌ و ئه‌مڕۆ نانم له‌گه‌ڵ بخۆن به‌یانی ڕێگات ده‌ده‌م بڕۆیت و هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ دڵتدایه‌ پێتی ده‌ڵێم،
20
ئه‌و ماكه‌رانه‌ش كه‌ سێ ڕۆژه‌ لێت بزر بوون، دڵت له‌لایان نه‌بێت، چونكه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌. ئه‌ی هه‌موو خواستی ئیسرائیل بۆ كێیه‌، ئایا بۆ تۆ و بۆ هه‌موو ماڵی باوكت نییه‌؟»[c]
21
شاولیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و گوتی: «ئایا من بنیامینی نیم، له‌ بچووكترین هۆزی ئیسرائیلدا و خێڵه‌كه‌شم له‌ هه‌موو خێڵه‌كانی دیكه‌ی هۆزی بنیامین بچووكتر نییه‌؟ ئیتر بۆچی به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌یت؟»
22
ئینجا ساموئێل شاول و خزمه‌تكاره‌كه‌ی برد و هه‌ردووكیانی بۆ ناو دیوه‌خانه‌كه‌ برده‌ ژووره‌وه‌ و له‌ سه‌رووی هه‌موو بانگهێشتكراوان داینان كه‌ نزیكه‌ی سی پیاو ده‌بوون.
23
ساموئێل به‌ چێشتلێنه‌ره‌كه‌ی گوت: «ئه‌و به‌شه‌ بهێنه‌ كه‌ پێم دایت و پێم گوتی، له‌لای خۆت هه‌ڵیبگره‌.»
24
چێشتلێنه‌ره‌كه‌ش ڕانه‌كه‌ و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بوو به‌رزی كرده‌وه‌ و له‌به‌رده‌م شاول داینا، ساموئێل گوتی: «ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، بیخه‌ره‌ به‌رده‌مت و بخۆ، چونكه‌ له‌ كاتی بانگهێشتی میواندارییه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌تا ئه‌م كاته‌ بۆ تۆ هه‌ڵگیراوه‌.» جا شاول له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ ساموئێل نانی خوارد.
25
ئینجا له‌ نزرگه‌كه‌ی سه‌ر به‌رزاییه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌كه‌ دابه‌زین و ساموئێل له‌ سه‌ربان له‌گه‌ڵ شاول قسه‌ی كرد.
26
زوو له‌ خه‌و هه‌ستان و نزیكی به‌ره‌به‌یان ساموئێل له‌ سه‌ربانه‌كه‌ بانگی شاولی كرد و گوتی: «هه‌سته‌ تاكو به‌ڕێت بكه‌م.» شاولیش هه‌ستا، هه‌ردووكیان، شاول و ساموئێل پێكه‌وه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌.
27
كاتێك هه‌ردووكیان به‌ره‌و كه‌ناری شارۆچكه‌كه‌ داده‌به‌زین، ساموئێل به‌ شاولی گوت: «به‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ت بڵێ با له‌پێشمانه‌وه‌ بڕوات.» ئه‌ویش له‌پێشیانه‌وه‌ ڕۆیشت. ساموئێل پێی گوت: «به‌ڵام تۆ ئێستا ڕابوه‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی خودات پێ ڕابگه‌یه‌نم.»
  1. a. 9‏:12 ئاماژه‌یه‌ بۆ جێگایه‌كی به‌رز كه‌ گه‌ل ڕێوڕه‌سمی په‌رستنیان لێ ئه‌نجام ده‌دا، هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن خودا ده‌ستنیشان نه‌كرابوو بۆ ئه‌مه‌.
  2. b. 9‏:16 به‌ زمانی عیبری پێی ده‌گوترێ \+tl مه‌شیخ\+tl* یان \+tl مه‌شیح\+tl*، كه‌ به‌ واتای چه‌وركردن به‌ زه‌یت دێت وه‌ك ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریێتییه‌ك و پێ سپاردنی له‌لایه‌ن خوداوه‌.
  3. c. 9‏:20 بێگومان خواستی گه‌لی ئیسرائیل ئه‌وه‌ بوو كه‌ ساموئێل پاشایه‌ك بۆ گه‌ل ده‌ستنیشان بكات.