عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سندوقی یەزدان بۆ ئیسرائیل دەگێڕنەوە 
1
جا سندوقی یەزدان حەوت مانگ لە خاکی فەلەستییەکان بوو.
2
فەلەستییەکانیش کاهین و فاڵگرەوەکانیان بانگکرد و گوتیان: «چی لە سندوقی یەزدان بکەین؟ پێمان بڵێن لەگەڵ چی بینێرینەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.»
3
ئەوانیش گوتیان: «ئەگەر سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلتان ناردەوە، ئەوا بە دەستی بەتاڵ مەینێرنەوە، بەڵکو بە تەواوی قوربانی تاوانی لەگەڵ بنێرن. ئینجا چاک دەبنەوە و دەزانن بۆچی دەستی لەسەر ئێوە هەڵنەگرتووە.»
4
پرسییان: «ئەو قوربانی تاوانە چییە کە بۆی بگەڕێنینەوە؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەپێی ژمارەی حوکمڕانە فەلەستییەکان، پێنج پارچە زێڕ لە شێوەی ئاوسان و پێنج جرجی[a] زێڕین، چونکە خۆتان و حوکمڕانەکانتان تووشی هەمان دەرد بوون.
5
چەند پارچە زێڕێک لە شێوەی ئاوسان و جرجەکانتان دروستبکەن کە زەوی تێکدەدەن و خودای ئیسرائیل شکۆدار بکەن، بەڵکو دەستی لەسەر خۆتان و خوداوەندەکانتان و خاکەکەتان سووک بکاتەوە.
6
بۆچی دڵی خۆتان ڕەق دەکەن، وەک میسرییەکان و فیرعەون دڵی خۆیان ڕەقکرد؟ کاتێک خودا بە توندوتیژی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردن، ئایا ئیسرائیلییەکانیان ئازاد نەکرد و بە شوێنی خۆیاندا نەڕۆیشتن؟
7
«ئێستاش عەرەبانەیەکی نوێ ئامادە بکەن، لەگەڵ دوو مانگای شیردەر کە هەتا ئێستا نیریان لە مل نەکرابێت. مانگاکان بە عەرەبانەکەوە ببەستنەوە و گوێرەکەکانیان لێ دووربخەنەوە و بیانگەڕێننەوە ناو پشتیرەکە[b] .
8
ئینجا سندوقی یەزدان ببەن و بیخەنە سەر عەرەبانەکە، ئەو شتومەکە زێڕەی کە وەک قوربانی تاوان بۆی دەگەڕێننەوە لە سندوقێکی دیکەدا لەلایەوە دایبنێن. عەرەبانەکە بەڕەڵا بکەن با بڕوات،
9
بەڵام سەیر بکەن ئەگەر هاتوو بە ڕێگای سنوورەکەی خۆی سەرکەوت بەرەو بێت‌شەمەش، ئەوا یەزدان ئەم بەڵا گەورەیەی بەسەرماندا هێناوە، ئەگەرنا ئەوا دەزانین کە دەستی ئەو لێی نەداوین و بە ڕێککەوت بەسەرمان هاتووە.»
10
پیاوەکانیش بەم جۆرەیان کرد، دوو مانگای شیردەریان برد و لە عەرەبانەکە بەستیانەوە، گوێرەکەکانیان لە پشتیرەکە بەند کرد،
11
سندوقی یەزدانیشیان لەگەڵ سندوقی پارچە زێڕەکان لە شێوەی ئاوسان و جرجە زێڕینەکان خستە سەر عەرەبانەکە.
12
جا مانگاکان ڕێک ڕووەو ڕێگای بێت‌شەمەش ڕێیان گرتەبەر و هەردووکیان بە یەک ڕێگادا دەڕۆیشتن و دەیانبۆڕاند، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لایان نەدا، حوکمڕانە فەلەستییەکانیش بەدوایانەوە هەتا سنووری بێت‌شەمەش ڕۆیشتن.
13
خەڵکی بێت‌شەمەش لەو کاتەدا لە دۆڵەکە دروێنەی گەنمیان دەکرد، چاویان هەڵبڕی و سندوقەکەیان بینی، بە بینینی شاد بوون.
14
عەرەبانەکە هات و لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ڕاوەستا، لەوێدا بەردێکی گەورە هەبوو. خەڵکەکە تەختەی عەرەبانەکەیان هەڵوەشاندەوە و مانگاکانیان کردە قوربانی سووتاندن و بۆ یەزدان پێشکەشیان کرد.
15
لێڤییەکانیش سندوقی یەزدان و ئەو سندوقەی لەگەڵی بوو کە شتومەکە زێڕەکەی تێدابوو دایانگرت و لەسەر بەردە گەورەکە دایاننان. ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەشیش لەو ڕۆژەدا قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاویان بۆ یەزدان پێشکەش کرد.
16
پێنج حوکمڕانە فەلەستییەکانیش ئەمەیان بینی و لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە بۆ عەقرۆن.
17
ئەمەش ئەو ئاوسانییە زێڕانە بوون کە فەلەستییەکان وەک قوربانی تاوان بۆ یەزدانیان گەڕاندەوە، بۆ ئەشدۆد و غەزە و ئەسقەلان و گەت و عەقرۆن، هەر یەکی دانەیەک.
18
ژمارەی جرجە زێڕینەکانیش بەپێی ژمارەی ئەو شارانەی فەلەستییەکان بوون کە سەر بە پێنج حوکمڕانەکە بوون، لە شاری قەڵابەندەوە هەتا گوندی دەشتودەر. ئەو بەردە گەورەیەی کە سندوقی یەزدانیان لەسەر دانا هەتا ئەمڕۆ شایەتییە، لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ماوە.
19
بەڵام یەزدان لە پیاوانی بێت‌شەمەشی دا، حەفتا کەسیان مردن چونکە تەماشای ناو سندوقی یەزدانیان کرد. ئیتر گەل شیوەنیان گێڕا، چونکە یەزدان لێدانێکی گەورەی لە گەل دا.
20
ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەش گوتیان: «کێ دەتوانێت لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری پیرۆز ڕابوەستێت؟ لەلای ئێمەوە بۆ لای کێ سەردەکەوێت؟»
21
ئیتر نێردراوانیان بۆ لای دانیشتووانی قیریەت یەعاریم نارد و گوتیان: «فەلەستییەکان سندوقی یەزدانیان گەڕاندەوە. دابەزن و بۆ لای خۆتان سەری بخەن.»
  1. a. 6‏:4 یان جورج.‏
  2. b. 6‏:7 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏