عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پەیمانی داود و یۆناتان 
1
ئەوە بوو کە داود لەگەڵ شاولدا لە قسەکردن بووەوە، ڕۆحی یۆناتان و ڕۆحی داود پەیمانێکیان بەست، یۆناتان داودی وەک خۆی خۆشویست.
2
شاولیش لەو ڕۆژەوە داودی بردە لای خۆی و نەیهێشت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە.
3
یۆناتان لەگەڵ داود پەیمانی بەست، چونکە وەک خۆی خۆشیویست.
4
ئینجا یۆناتان کەواکەی کە لەبەری بوو دایکەند و دای بە داود، لەگەڵ کراسەکەی کە پۆشیبووی، تەنانەت شمشێر و کەوان و کەمەربەندەکەشی.
5
داود لە هەر ئەرکێک سەرکەوتوو دەبوو کە شاول بۆی دەنارد، لەبەر ئەوە شاول داودی بەسەر جەنگاوەرەکان دانا، ئەمەش لەلای هەموو سەرباز و ئەفسەرەکانی شاول پەسەند بوو.
6
لە کاتی گەڕانەوەی جەنگاوەران بۆ ماڵەوە، پاش ئەوەی داود فەلەستییەکەی کوشت، ئافرەتان لە هەموو شارۆچکەکانی ئیسرائیلەوە بە گۆرانی و سەماوە بۆ پێشوازی شاولی پاشا هاتنە دەرەوە، بە گۆرانی شادی و دەف و عوودەوە.
7
ژنە سەماکەرەکان بەدەم گۆرانییەوە دەیانگوت:
«شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار.»[a]
8
ئەم قسەیە شاولی پەست کرد و زۆر تووڕە بوو و گوتی: «دەیان هەزارەکانیان دایە داود و بە منیش هەزارەکان، هەر ئەوە ماوە پاشایەتییەکە بۆ ئەو بێت.»
9
ئیتر لەو ڕۆژەوە شاول چاوی لەسەر داود بوو.
10
بۆ ڕۆژی دوای ئەوە ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە بە تواناوە هاتە سەر شاول، لە ناوەڕاستی ماڵەکەدا وڕێنەی دەکرد، داودیش وەک هەموو ڕۆژێک قیسارەکەی لێدەدا و شاولیش ڕمێکی بەدەستەوە بوو.
11
شاول ڕمەکەی تێگرت و گوتی: «لە داود دەدەم و بە دیوارەکەوە هەڵیدەواسم.» بەڵام داود دوو جار خۆی لە ڕمەکە لادا.
12
لەبەر ئەوەی یەزدان لەگەڵ داود بوو و وازی لە شاول هێنابوو، شاول لێی دەترسا.
13
ئیتر شاول داودی لە خۆی دوورخستەوە و کردی بە سەرکردەی هەزار، ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد.
14
داود لە هەموو ئەرکەکانی سەرکەوتوو بوو، لەبەر ئەوەی یەزدانی لەگەڵدا بوو.
15
جا کە شاول بینی زۆر سەرکەوتووە، لێی ترسا.
16
بەڵام هەموو ئیسرائیل و یەهودا داودیان خۆشویست، چونکە لە شەڕ پێشڕەوی دەکردن.
17
ئەوە بوو شاول بە داودی گوت: «من وا مێرەڤی کچە گەورەکەی خۆمت دەدەمێ ببێتە ژنت، تەنها ئەوەندەی کە ئازا بیت بۆم و لە جەنگەکانی یەزدان شەڕ بکەیت.» جا شاول لەبەر خۆیەوە گوتی: «با دەستی منی بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە بێت.»
18
داودیش بە شاولی گوت: «من کێم و ژیانی من و خێڵەکەی باوکم لە ئیسرائیلدا چییە هەتا ببمە زاوای پاشا؟»
19
ئەوە بوو لەو کاتەی کە دەبووایە مێرەڤی کچی شاول بدرێتە داود، کەچی درایە عەدرئێلی مەحۆلاتی و بووە ژنی ئەو.
20
بەڵام میخەلی کچی شاول داودی خۆشویست، جا بە شاولیان ڕاگەیاند، ئەویش ئەم کارەی بەلاوە باش بوو.
21
شاول لە دڵی خۆیدا گوتی: «پێی دەدەم، جا بۆی دەبێت بە تەڵە، دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە دەبێت.» ئینجا شاول بە داودی گوت: «ئێستا بۆ دووەم جار دەرفەتی ئەوەت هەیە کە ببیتە زاوام.»
22
شاول فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد: «بەدزییەوە قسە لەگەڵ داود بکەن و پێی بڵێن: ”ئەوەتا پاشا پێت دڵخۆشە و هەموو خزمەتکارەکانیشی تۆیان خۆشدەوێ، جا ئێستا ببە بە زاوای پاشا.“»
23
خزمەتکارەکانی شاول ئەو قسانەیان بە داود گوت و داودیش پێی گوتن: «ئایا بوون بە زاوای پاشا بە کەم دەزانن، لە کاتێکدا من پیاوێکی هەژار و بێ بایەخم؟»
24
ئینجا خزمەتکارەکانی شاول قسەکانی داودیان گەیاند.
25
شاولیش گوتی: «ئاوا بە داود بڵێن: ”خۆشی پاشا لە شیربایی نییە، بەڵکو بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکانە، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانی پاشا.“» شاول بیری لەوە دەکردەوە کە داود بە دەستی فەلەستییەکان بکوژرێت.
26
خزمەتکارەکانی ئەو قسانەیان بە داود ڕاگەیاند، داودیش ئەمەی پێ باش بوو کە ببێت بە زاوای پاشا. بۆیە پێش ئەوەی ماوەکە تەواو بێت،
27
هەستا و لەگەڵ پیاوەکانی ڕۆیشتن، دوو سەد پیاویان لە فەلەستییەکان کوشت. داود پێستی سەری ئەندامە نێرینەکانی ئەوانی هێنا و ژمارەی تەواوی دایە پاشا، هەتا ببێتە زاوای. شاولیش میخەلی کچی دایێ هەتا ببێتە ژنی.
28
جا شاول بینی و زانی یەزدان لەگەڵ داودە و میخەلی کچیشی خۆشی دەوێت.
29
شاول زیاتر لە داود ترسا، ئیتر هەتا کۆتایی ژیانی دوژمنی داود بوو.
30
فەرماندە فەلەستییەکان بەردەوام بۆ جەنگ دەچوون، هەر کاتێک دەچوون داود لە هەموو ئەفسەرەکانی شاول سەرکەوتووتر دەبوو، جا ناوبانگی زۆر بڵاو بووەوە.
  1. a. 18‏:7 واتا ئەگەر شاول بە هەزارانی کوشتبێت، ئەوا داود دەیان هەزار دەکوژێت.‏