عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ژن و مێرد
 - 1
 - ئەی ژنەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی مێردەکانتان بن، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان گوێڕایەڵی وشەی خودا نەبوون[a] ، ئەوا ژنەکان بێ وشە بە ڕەوشتیان دەیانبەنەوە،
 - 2
 - کاتێک لەخواترسی و ڕەوشتی پاکتان ببینن.
 - 3
 - با ڕازاوەییتان دەرەکی نەبێت، لە ئەگریجەی پرچ و زێڕ بەخۆوەکردن و جلی باش لەبەرکردن،
 - 4
 - بەڵکو لەناو دڵتاندا شاراوە و لەناونەچوو بێ، ڕازاندنەوەی ڕۆحێکی نەرم و هێمن، ئەوەی لەلای خودا گرانبەهایە،
 - 5
 - چونکە بەم شێوەیە ژنە پیرۆزەکان لە کۆندا، کە هیوایان بە خودا بوو، خۆیان دەڕازاندەوە، ملکەچی مێردەکانیان دەبوون،
 - 6
 - وەک سارا گوێڕایەڵی ئیبراهیم بوو، بە گەورە بانگی دەکرد. ئێوەش بوونەتە کچی ئەو، ئەگەر چاکە بکەن و لە هیچ شتێک نەترسن.
 - 7
 - بە هەمان شێوە، مێردەکان، بە هەستیارییەوە لەگەڵ ژنەکانتاندا بژین و ئەوە لەبەرچاو بگرن کە لە ئێوە ناسکترن. ڕێزیان بگرن، چونکە لەگەڵتاندا هاومیراتی نیعمەتی ژیانن، بۆ ئەوەی نوێژەکانتان کۆسپی تێنەکەوێت.
 - بەرگەگرتنی ئازار لە پێناوی ڕاستی
 - 8
 - لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و یەکتریتان خۆشبوێت، میهرەبان و ڕۆحسووک بن.
 - 9
 - خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت،
 - 10
 - چونکە
﴿ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و
ڕۆژگاری خۆش ببینێت،
با زمانی لە خراپە بپارێزێت و
لێوەکانی لە فێڵبازی. - 11
 - با لە خراپە لابدات و چاکە بکات،
با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات، - 12
 - چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.﴾[b] - 13
 - کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟
 - 14
 - بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. ﴿مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.﴾[c]
 - 15
 - بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە.
 - 16
 - هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن،
 - 17
 - چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری.
 - 18
 - لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە،
 - 19
 - بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان،
 - 20
 - بەوانەی کە لە کۆندا یاخی بوون، کاتێک خودا لە ڕۆژانی نوحدا بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوان بوو، کە کەشتییەکە ئامادە دەکرا. تەنها هەشت کەس لەو کەشتییەدا بوون و بە ئاو ڕزگار بوون.
 - 21
 - ئەمەش هێمای لەئاوهەڵکێشانە کە ئێستا ڕزگارتان دەکات، نەک سڕینەوەی پیسی جەستە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی باش بۆ خودا، بە هەستانەوەی عیسای مەسیح،
 - 22
 - ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.
 
- a. 3:1 مەبەستی لەو ژنانەیە لەدوای مێردکردن باوەڕیان هێناوە، مێردەکانیان هێشتا باوەڕیان نەهێناوە.
 - b. 3:12 زەبوورەکان 34:12-16
 - c. 3:14 ئیشایا 8:12.
 

