عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوێڕایه‌ڵی ناو ماڵ 
1
ئه‌ی ژنه‌كان، به‌ هه‌مان شێوه‌ ملكه‌چی مێرده‌كانتان بن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیان گوێڕایه‌ڵی وشه‌ی خودا نه‌بوون[a] ، ئه‌وا ژنه‌كان بێ وشه‌ به‌ ڕه‌وشتیان ده‌یانبه‌نه‌وه‌،
2
كاتێك له‌خواترسی و ڕه‌وشتی پاكتان ببینن.
3
با ڕازاوه‌ییتان ده‌ره‌كی نه‌بێت، له‌ ئه‌گریجه‌ی پرچ و زێڕ به‌خۆوه‌كردن و جلی باش له‌به‌ركردن،
4
به‌ڵكو له‌ناو دڵتاندا شاراوه‌ و له‌ناونه‌چوو بێ، ڕازاندنه‌وه‌ی ڕۆحێكی نه‌رم و هێمن، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا گرانبه‌هایه‌،
5
چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ژنه‌ پیرۆزه‌كان له‌ كۆندا، كه‌ هیوایان به‌ خودا بوو، خۆیان ده‌ڕازانده‌وه‌، ملكه‌چی مێرده‌كانیان ده‌بوون،
6
وه‌ك سارا گوێڕایه‌ڵی ئیبراهیم بوو، به‌ گه‌وره‌ بانگی ده‌كرد. ئێوه‌ش بوونه‌ته‌ كچی ئه‌و، ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و له‌ شتێك نه‌ترسن.
7
به‌ هه‌مان شێوه‌، مێرده‌كان، به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كانتاندا بژین و ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرن كه‌ له‌ ئێوه‌ ناسكترن. ڕێزیان بگرن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتاندا هاومیراتی نیعمه‌تی ژیانن، بۆ ئه‌وه‌ی نوێژه‌كانتان كۆسپی تێنه‌كه‌وێت.
به‌رگه‌گرتنی ئازار له‌ پێناوی ڕاستی 
8
له‌ كۆتاییدا، هه‌مووتان یه‌ك بیروڕاتان هه‌بێ، هاوسۆزبن و خۆشه‌ویستی برایانه‌تان هه‌بێ، میهره‌بان و ڕۆحسووك بن.
9
خراپه‌ به‌ خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌، نه‌ جنێویش به‌ جنێو، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ داوای به‌ره‌كه‌ت بكه‌ن و بزانن ئێوه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگكراون، تاكو ببنه‌ میراتگری به‌ره‌كه‌ت،
10
چونكه‌
{ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ژیانی خۆشبوێت و
ڕۆژگاری خۆش ببینێت،
با زمانی له‌ خراپه‌ بپارێزێت و
لێوه‌كانی له‌ فێڵبازی.
11
با له‌ خراپه‌ لابدات و چاكه‌ بكات،
با به‌دوای ئاشتیدا بگه‌ڕێت و كۆششی بۆ بكات،
12
چونكه‌ چاوی یه‌زدان له‌سه‌ر ڕاستودروستانه‌ و
گوێی له‌ پاڕانه‌وه‌كانیان ڕاگرتووه‌.
به‌ڵام ڕووی یه‌زدان له‌ دژی خراپه‌كارانه‌.}[b]
13
كێ ئازارتان ده‌دات ئه‌گه‌ر بۆ چاكه‌ دڵگه‌رم بن؟
14
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئه‌وا خۆزگه‌ به‌ ئێوه‌. {مه‌ترسن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان لێی ده‌ترسن، مه‌تۆقن.}[c]
15
به‌ڵكو مه‌سیح وه‌ك په‌روه‌ردگار له‌ دڵتاندا ته‌رخان بكه‌ن، هه‌رده‌م ئاماده‌بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری هه‌ر یه‌كێك سه‌باره‌ت به‌م هیوایه‌ی له‌ ئێوه‌دایه‌، به‌ڵام به‌ دڵنه‌رمی و ڕێزه‌وه‌.
16
هه‌روه‌ها ویژدانێكی باشتان هه‌بێت، هه‌تا ئه‌وانه‌ی بوختان به‌ سه‌ربورده‌ باشه‌كانتان ده‌كه‌ن كه‌ به‌رهه‌می یه‌كبوونتانه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح، له‌ قسه‌كانیان شه‌رمه‌زار بن،
17
چونكه‌ باشتره‌، ئه‌گه‌ر خواستی خودا بێت، له‌به‌ر چاكه‌كاری ئازار بدرێن، نه‌ك خراپه‌كاری.
18
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیح ته‌نها جارێك له‌به‌ر گوناه ئازار درا، بێتاوان له‌ پێناوی تاوانباران، تاكو له‌ خودامان نزیك بكاته‌وه‌. خه‌ڵك مه‌سیحیان كوشت به‌ڵام خودا به‌ ڕۆح زیندووی كرده‌وه‌،
19
به‌مه‌ش ڕۆحی مه‌سیح چوو مزگێنی دا به‌ ڕۆحه‌ زیندانییه‌كان،
20
به‌وانه‌ی كه‌ له‌ كۆندا یاخی بوون، كاتێك خودا له‌ ڕۆژانی نوحدا به‌ پشوودرێژییه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بوو، كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كرا. ته‌نها هه‌شت كه‌س له‌م كه‌شتییه‌دا بوون و به‌ ئاو ڕزگار بوون.
21
ئه‌مه‌ش هێمای له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌ كه‌ ئێستا ڕزگارتان ده‌كات، نه‌ك سڕینه‌وه‌ی پیسی جه‌سته‌، به‌ڵكو به‌ڵێنی ویژدانێكی باش بۆ خودا، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح،
22
ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاسمان ڕۆیشت و له‌ ده‌سته‌ڕاستی خودا دانیشت، فریشته‌ و ده‌سه‌ڵاتدار و هێزه‌كان ملكه‌چن بۆی.
  1. a. 3‏:1 مه‌به‌ستی له‌و ژنانه‌یه‌ له‌دوای مێردكردن باوه‌ڕیان هێناوه‌، مێرده‌كانیان هێشتا باوه‌ڕیان نه‌هێناوه‌.
  2. b. 3‏:12 \+xt زه‌بووره‌كان 34‏:12‏-16‏\+xt*‏
  3. c. 3‏:14 \+xt ئیشایا 8‏:12.‏\+xt*‏