عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
لە پەترۆسی نێردراوی عیسای مەسیحەوە،
بۆ ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون، بێگانە پەراگەندەکان لە پۆنتۆس و گەلاتیا و کەپەدۆکیا و ئاسیا و بیسینیا[a] ،
2
کە بەگوێرەی زانینی پێشووی خودای باوک هەڵبژێردراون، بە پیرۆزکردنی ڕۆحی خۆی بۆ گوێڕایەڵی عیسای مەسیح و پرژاندنی خوێنەکەی:
با نیعمەت[b] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.
ستایشی خودا بۆ هیوای زیندوو 
3
ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان! بەهۆی بەزەییە فراوانەکەیەوە لەدایکبوونەوەی پێ بەخشین[c] بۆ هیوایەکی زیندوو بە هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان،
4
بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە. ئەو میراتە بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە،
5
ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ.
6
ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆرەوە ئازار بچێژن،
7
تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو بەنرخترە، هەرچەندە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، کاتێک عیسای مەسیح ئاشکرا دەکرێت ستایش و شکۆ و ڕێزی بەدواوە دەبێت.
8
هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە،
9
چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتا ڕزگاریی دەروونتان.
10
ئەو پێغەمبەرانەی کە پێشبینییان کرد لەسەر ئەو نیعمەتەی کە خودا بۆ ئێوەی ئامادە کردبوو، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە بابەتی ئەو ڕزگاربوونە کرد و بەدوایدا گەڕان،
11
ڕۆحی مەسیح کە تێیاندابوو، ئاگاداری دەکردنەوە سەبارەت بە ئازارەکانی مەسیح و ئەو شکۆداربوونەی لەدوای ئازارەکانەوە دێت، هەوڵیان دەدا کە بزانن ڕۆحی پیرۆز ئاماژە بە چی دەکات لەبارەی کاتی ڕوودانەکەی یان بارودۆخی جیهان لە کاتی ڕوودانەکەی.
12
بۆیان ئاشکرا کرا کە پەیامەکە بۆ خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو، واتا ڕووداوەکان لە سەردەمی ئێوە ڕوودەدەن. ئێستا پێتان ڕاگەیەنرا بەهۆی ئەوانەی مزگێنییان پێ بەخشین بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە فریشتەکانیش بە پەرۆشن لێیان ورد ببنەوە.
بانگەوازێک بۆ پیرۆزی 
13
بۆیە با مێشکتان ئامادە بێت بۆ چالاکی، خۆڕاگر بن، هیواتان بە تەواوی لەسەر ئەو نیعمەتە بێت کە لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحەوە دێت.
14
وەک منداڵی گوێڕایەڵ، وەک کاتی نەزانی خۆتان لەگەڵ هەوەسە کۆنەکانتان مەگونجێنن،
15
بەڵکو هەروەک ئەوەی بانگی کردوون پیرۆزە، ئێوەش لە هەموو هەڵسوکەوتێک پیرۆز بن،
16
چونکە نووسراوە: ﴿پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.﴾[d]
17
لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین.
18
دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە،
19
بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، کە وەک بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕییە.
20
لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت.
21
بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت.
22
بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ.
23
ئێوەش لەدایک بوونەوە[e] ، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە،
24
چونکە نووسراوە:
﴿هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
25
بەڵام فەرمایشتی یەزدان هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.﴾[f]
ئەمەش ئەو فەرمایشتەیە کە مزگێنیتان پێدرا.
  1. a. 1‏:1 هەموو ئەو شوێنانە دەکەونە تورکیای ئێستاوە.
  2. b. 1‏:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  3. c. 1‏:3 مەبەست لە لەدایکبوونەوەیە لە ڕۆحی پیرۆز، بڕوانە یۆحەنا 3‏:3‏-8.‏‏
  4. d. 1‏:16 لێڤییەکان 11‏:44‏،45 و لێڤییەکان 19‏:2 و لێڤییەکان 20‏:7.‏‏
  5. e. 1‏:23 نوێبوونەوە بە ڕۆحی پیرۆز.‏
  6. f. 1‏:25 ئیشایا 40‏:6‏-8.‏‏