عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا 
1
کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو.
2
سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:
3
«تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە.
4
بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ.
5
لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
6
«ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»
7
ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو و گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»
8
ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی:
«ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان.
9
خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»
10
ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ.
11
سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆر[a] گەنم و بیست هەزار بەت[b] زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام.
12
یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست.
13
سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد.
14
هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.
15
سلێمان حەفتا هەزار کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو.
16
بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد.
17
هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو.
18
وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل[c] دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.
  1. a. 5‏:11 بیست هەزار کۆر: نزیکەی 250‏3 تەن.‏
  2. b. 5‏:11 بیست هەزار بەت: نزیکەی 440 هەزار لیتر.‏
  3. c. 5‏:18 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 ساڵ لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏