عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بنیادنانی پەرستگا
 - 1
 - لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد.
 - 2
 - ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ[a] و پانییەکەی بیست باڵ[b] و بەرزاییەکەشی سی باڵ[c] بوو.
 - 3
 - هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتا بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو[d] .
 - 4
 - هەروەها کڵاوڕۆژنەی[e] کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد.
 - 5
 - ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتا لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو.
 - 6
 - نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ[f]  و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ[g]  و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ[h]  بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان.
 - 7
 - لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا.
 - 8
 - داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو؛ بە پەیژە سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ نهۆمی سێیەم.
 - 9
 - پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت.
 - 10
 - هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن.
 - 11
 - فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی:
 - 12
 - «ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی.
 - 13
 - هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.»
 - 14
 - سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد.
 - 15
 - دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر.
 - 16
 - بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە.
 - 17
 - هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ[i] بوو.
 - 18
 - دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات[j]  و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا.
 - 19
 - لە ناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت.
 - 20
 - شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد.
 - 21
 - سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد.
 - 22
 - تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
 - 23
 - لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی[k] لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو.
 - 24
 - هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو،[l] لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو.
 - 25
 - هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو.
 - 26
 - بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە.
 - 27
 - هەردوو کەڕوبەکەی لە ناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لە ناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ.
 - 28
 - هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
 - 29
 - لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند.
 - 30
 - زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
 - 31
 - بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا.
 - 32
 - لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن.
 - 33
 - بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد.
 - 34
 - هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە[m] بەسترا بوون و دەسووڕانەوە.
 - 35
 - کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن.
 - 36
 - هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز.
 - 37
 - لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ.
 - 38
 - لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.
 
- a. 6:2 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.
 - b. 6:2 بیست باڵ: نزیکەی 9 مەتر.
 - c. 6:2 سی باڵ: نزیکەی 13,5 مەتر.
 - d. 6:3 دە باڵ: نزیکەی 4,5 مەتر.
 - e. 6:4 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.
 - f. 6:6 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.
 - g. 6:6 شەش باڵ: نزیکەی 2,7 مەتر.
 - h. 6:6 حەوت باڵ: نزیکەی 3,1 مەتر.
 - i. 6:17 چل باڵ: نزیکەی 18 مەتر.
 - j. 6:18 لە زمانی عیبری وشەی \+tl پەقەعی\+tl* مەبەستی لە بەرهەمی هەموو ئەو ڕووەکانەیە کە بڕکەکانیان پەل دەهاوێت، وەکو: کودو، ئاروو، کودووە زەردە، ترۆزی… هتد.
 - k. 6:23 دوو کەڕوب: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە  دەرچوون 25:18 و عیبرانییەکان 9:5.
 - l. 6:24 درێژی هەر باڵێکی کەڕوبەکە نزیکە 2,25 مەترە.
 - m. 6:34 نەرمادە لە دوو پارچە ئاسن پێکهاتووە کە تێکهەڵکێشی یەکن و دەجوڵێن، کە بۆ بەستنەوەی دەرگا بە یەکەوە یان بۆ بەستنەوەی دەرگا بە چوارچێوەکەیەوە بەکاردێت.
 

