عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بنیادنانی پەرستگا 
1
لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد.
2
ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ[a] و پانییەکەی بیست باڵ[b] و بەرزاییەکەشی سی باڵ[c] بوو.
3
هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتا بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو[d] .
4
هەروەها کڵاوڕۆژنەی[e] کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد.
5
ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتا لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو.
6
نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ[f] و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ[g] و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ[h] بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان.
7
لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا.
8
داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو؛ بە پەیژە سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ نهۆمی سێیەم.
9
پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت.
10
هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن.
11
فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی:
12
«ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی.
13
هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.»
14
سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد.
15
دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر.
16
بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە.
17
هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ[i] بوو.
18
دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات[j] و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا.
19
لە ناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت.
20
شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد.
21
سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد.
22
تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
23
لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی[k] لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو.
24
هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو،[l] لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو.
25
هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو.
26
بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە.
27
هەردوو کەڕوبەکەی لە ناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لە ناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ.
28
هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
29
لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند.
30
زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
31
بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا.
32
لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن.
33
بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد.
34
هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە[m] بەسترا بوون و دەسووڕانەوە.
35
کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن.
36
هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز.
37
لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ.
38
لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.
  1. a. 6‏:2 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.‏
  2. b. 6‏:2 بیست باڵ: نزیکەی 9 مەتر.‏
  3. c. 6‏:2 سی باڵ: نزیکەی 13,5 مەتر.‏
  4. d. 6‏:3 دە باڵ: نزیکەی 4,5 مەتر.‏
  5. e. 6‏:4 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.‏
  6. f. 6‏:6 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  7. g. 6‏:6 شەش باڵ: نزیکەی 2,7 مەتر.‏
  8. h. 6‏:6 حەوت باڵ: نزیکەی 3,1 مەتر.‏
  9. i. 6‏:17 چل باڵ: نزیکەی 18 مەتر.‏
  10. j. 6‏:18 لە زمانی عیبری وشەی \+tl پەقەعی‏\+tl* مەبەستی لە بەرهەمی هەموو ئەو ڕووەکانەیە کە بڕکەکانیان پەل دەهاوێت، وەکو: کودو، ئاروو، کودووە زەردە، ترۆزی… هتد.‏
  11. k. 6‏:23 دوو کەڕوب: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە ‏ دەرچوون 25‏:18 و عیبرانییەکان 9‏:5‏.‏‏
  12. l. 6‏:24 درێژی هەر باڵێکی کەڕوبەکە نزیکە 2,25 مەترە.‏
  13. m. 6‏:34 نەرمادە لە دوو پارچە ئاسن پێکهاتووە کە تێکهەڵکێشی یەکن و دەجوڵێن، کە بۆ بەستنەوەی دەرگا بە یەکەوە یان بۆ بەستنەوەی دەرگا بە چوارچێوەکەیەوە بەکاردێت.‏