عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هێرشبردنی بەن‌هەدەد بۆ سەر سامیرە 
1
ئەوە بوو بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو هێزەکەی کۆکردەوە و سی و دوو پاشاش بە ئەسپ و گالیسکەوە لەگەڵی بوون، سوپای جوڵاند و سامیرەی گەمارۆ دا و لە دژی جەنگا.
2
چەند نێردراوێکی ناردە شارەکە بۆ لای ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل. پێی گوت: «بەن‌هەدەد ئاوا دەڵێت:
3
”زێڕ و زیوەکەت هی منە، ژن و کوڕە چاکەکانت هی منن.“»
4
پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە: «پاشای گەورەم، ئەوەی گوتت وا دەبێت، خۆم و هەموو ئەوانەشی کە هەمە هی تۆن.»
5
نێردراوەکان هاتنەوە و گوتیان: «بەن‌هەدەد ئەمە دەڵێت: ”من چەند نێردراوێکم بۆ لات نارد و گوتم، زێڕ و زیو و ژن و کوڕە چاکەکانت دەدەیتە من،
6
بەڵام سبەینێ لەم کاتەدا کاربەدەستەکانم دەنێرمە لات، کۆشکەکەت و ماڵی کاربەدەستەکانت دەپشکنن. جا هەموو ئەوەی پەسەندە لەبەرچاوی تۆ دەستی بەسەردا دەگرن و دەیبەن.“»
7
پاشای ئیسرائیل هەموو پیرانی خاکەکەی بانگکرد و گوتی: «بزانن و ببینن، ئەمە داوای شەڕ دەکات، چونکە ناردی بۆ داواکردنی ژن و کوڕ و زێڕ و زیوەکەم، ڕەتم نەکردەوە.»
8
هەموو پیران و هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «گوێی لێ مەگرە و ڕازی مەبە.»
9
ئەویش بە نێردراوەکانی بەن‌هەدەدی گوت: «بە پاشای گەورەم بڵێن: ”منی خزمەتکارت هەموو ئەوە جێبەجێ دەکەم کە لە سەرەتادا داوات کردووە، بەڵام ناتوانم ئەم کارە بکەم.“» ئینجا نێردراوەکان گەڕانەوە و وەڵامەکەیان بۆ بەن‌هەدەد گێڕایەوە.
10
ئینجا بەن‌هەدەد ناردی بۆ لای ئەحاڤ و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر خۆڵی سامیرە بەشی مشتی هەموو ئەو گەلە بکات کە دوام کەوتوون.»
11
پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێی بڵێن: ”شەڕکردن شانازی نییە، بەڵکو سەرکەوتن.“»
12
کاتێک بەن‌هەدەد لەگەڵ پاشاکان لەنێو چادرەکان دەیخواردەوە گوێی لەم قسەیە بوو، بە خزمەتکارەکانی گوت: «ڕیز ببەستن.» ئەوانیش ڕیزیان بەست و بەریان لە شارەکە گرت.
بەزینی بەن‌هەدەد 
13
ئەوە بوو پێغەمبەرێک لە ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو سوپا گەورەیەت بینی؟ ئەوەتا من ئەمڕۆ دەیدەمە دەستی تۆ، تاوەکو بزانیت کە من یەزدانم!“»
14
ئەحاڤیش گوتی: «بە کێ؟»
پێغەمبەرەکەش گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەو ئەفسەرە گەنجانەی کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەکانی هەرێمەکانن.“»
ئەویش گوتی: «کێ دەست بە جەنگەکە دەکات؟»
پێغەمبەرەکەش گوتی: «تۆ.»
15
لەبەر ئەوە ئەحاڤ ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکانی بانگکرد، دوو سەد و سی و دوو پیاو بوون، پاش ئەوانیش پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیشی کۆکردەوە، کە حەوت هەزار پیاو بوون.
16
لە نیوەڕۆدا بەڕێکەوتن و بەن‌هەدەدیش لە چادرەکانەوە لەگەڵ سی و دوو پاشاکەی دیکەی هاوپەیمانی دەیانخواردەوە و سەرخۆش بوون.
17
یەکەم جار ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان بەڕێکەوتن.
ئەوە بوو بەن‌هەدەد چەند سووسەکەرێکی[a] ناردبوو، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاند: «چەند پیاوێک لە سامیرەوە بە ڕێگاوەن.»
18
ئەویش گوتی: «ئەگەر بۆ ئاشتی هاتوونەتە دەرەوە بە زیندووێتی بیانگرن، ئەگەر بۆ شەڕیش هاتوونەتە دەرەوە، هەر بە زیندووێتی بیانگرن.»
19
ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان و ئەو هێزەی لە دوایان بوون لە شارەکە هاتنە دەرەوە،
20
هەریەکەیان ئەو پیاوە ئارامییەیان دەکوشت کە دەهاتە بەرامبەریان، ئارامییەکانیش هەڵاتن و ئیسرائیلیش ڕاویان نان، بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش بە ئەسپ لەگەڵ سوارەکان دەرباز بوو.
21
پاشای ئیسرائیلیش هاتە دەرەوە و لە ئەسپ و گالیسکەکانی دا، زیانێکی گەورەی بە ئارامییەکان گەیاند.
22
پاشان پێغەمبەرەکە لە پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و پێی گوت: «بڕۆ خۆت بەهێز بکە و بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە لە بەهاری ساڵدا پاشای ئارام پەلامارت دەداتەوە.»
23
هەر لەو ماوەیەدا کاربەدەستەکانی پاشای ئارام بەم جۆرە ئامۆژگاری پاشایان کرد و گوتیان: «خوداوەندەکانیان خوداوەندی شاخن، لەبەر ئەوە لە ئێمە بەهێزتر بوون. بەڵام با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!
24
بۆ ئەم کارەش ئەمە بکە، هەریەک لە پاشاکان لە شوێنەکانیان لاببە و سەرکردەکان لە جێیاندا دابنێ.
25
ئیتر بۆ خۆت سوپایەک وەک ئەو سوپایەی کە لە دەستت دا، پێکدەهێنیتەوە، ئەسپ لە جێی ئەسپ و گالیسکە لە جێی گالیسکە. با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!» ئەویش گوێی لە قسەکەیان گرت و بەم جۆرەی کرد.
26
ئەوە بوو لە بەهاری ساڵدا، بەن‌هەدەد ئارامییەکانی کۆکردەوە و سەرکەوت بۆ ئەفێق بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل.
27
نەوەی ئیسرائیلیش کۆکرانەوە و پێداویستییان پێدرا و چوون بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، نەوەی ئیسرائیل وەک دوو مێگەلی بچووکی بزن وابوون بەرامبەریان، ئارامییەکانیش دەشتەکەیان پڕکردبوو.
28
ئینجا پیاوەکەی خودا هاتە پێشەوە و بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئارامییەکان گوتیان، یەزدان خوداوەندێکی شاخەکانە و خوداوەندی دۆڵەکان نییە، ئەم هەموو کۆمەڵە گەورەیە دەدەمە دەستی تۆ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
29
حەوت ڕۆژ بەرامبەر بە یەکتر دامەزران، لە ڕۆژی حەوتەم جەنگەکە هەڵگیرسا، نەوەی ئیسرائیل لە ئارامییەکانیان دا، سەد هەزار پیادەیان لە یەک ڕۆژدا لێ کوشتن.
30
پاشماوەکەیان بۆ شاری ئەفێق هەڵاتن، لەوێش شوورای شارەکە بەسەر بیست و حەوت هەزار پیاویان داڕما، بەن‌هەدەدیش هەڵات و چووە ناو شارەکە، لە ژووری دواوەی ماڵێک خۆی شاردەوە.
31
کاربەدەستەکانی پێیان گوت: «تەماشا بکە، بیستوومانە کە پاشاکانی بنەماڵەی ئیسرائیل پاشای بەخشندەن، با گوش[b] بە کەمەرمانەوە ببەستین و گوریس لەسەر سەرمان دابنێین[c] و بچینە دەرەوە بۆ لای پاشای ئیسرائیل، لەوانەیە دەستت لێ بپارێزێت.»
32
ئینجا جلوبەرگی گوشیان پۆشی و بەستیان بە کەمەریانەوە و گوریسیش بەسەریانەوە، هاتنە لای پاشای ئیسرائیل و گوتیان: «بەن‌هەدەدی خزمەتکارت دەڵێت: ”با گیانم بپارێزێت.“»
ئەویش گوتی: «هێشتا زیندووە؟ ئەو برامە!»
33
پیاوەکانیش گەشبین بوون و بە پەلە دەستیان بەم وشەیەوە گرت و گوتیان: «بەڵێ، بەن‌هەدەد براتە!»
پاشاکەش گوتی: «بڕۆنە ژوورەوە و بیهێنن.» کە بەن‌هەدەد هاتە دەرەوە بۆ لای، ئەحاڤ سەری خستە سەر گالیسکەکەی.
34
بەن‌هەدەدیش پێی گوت: «ئەو شارانەی باوکم لە باوکتی سەندبوو دەیگەڕێنمەوە، بۆ خۆت لە دیمەشق بازاڕیش دابنێ، وەک ئەوەی باوکم لە سامیرە داینا.»
ئەحاڤیش گوتی: «منیش بەم پەیمانە ئازادت دەکەم.» ئەویش پەیمانی لەگەڵ بەست و ئازادی کرد.
تاوانبارکردنی ئەحاڤ لەلایەن پێغەمبەرێک 
35
ئەندامێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران بە هاوڕێکەی گوت: «بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، لێم بدە.» هاوڕێکەش ڕازی نەبوو لێی بدات.
36
پێغەمبەرەکەش گوتی: «لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت، کاتێک لەلای من دەڕۆیت، شێرێک پەلامارت دەدات.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و شێرێکی لێ پەیدابوو و پەلاماری دا.
37
پاشان پیاوێکی دیکەی بینییەوە و پێی گوت: «لێم بدە!» پیاوەکەش لێیدا و برینداری کرد.
38
ئینجا پێغەمبەرەکە ڕۆیشت و لەسەر ڕێگاکە بۆ پاشا ڕاوەستا، بە دەمامکێک ڕوخساری خۆی شاردەوە.
39
کاتێک پاشا تێپەڕی هاواری بۆ پاشا کرد و گوتی: «خزمەتکارەکەت چووە ناو جەرگەی شەڕەکە، جەنگاوەرێک لەناکاو دیلێکی بۆ هێنام و گوتی: ”ئاگات لەم پیاوە بێت! ئەگەر بزر بێت، ئەوا گیانت لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت یان تالنتێک[d] زیو دەدەیت.“
40
ئەوە بوو خزمەتکارەکەت لەم لا و ئەو لاوە سەرقاڵ بوو، پیاوەکە دیار نەما.»
پاشای ئیسرائیلیش پێی گوت: «حوکمت وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، چونکە خۆت بڕیارت داوە.»
41
پێغەمبەرەکەش خێرا پەڕۆکەی لەسەر چاوی لابرد، پاشای ئیسرائیلیش ناسییەوە کە لە پێغەمبەرەکانە.
42
ئەویش بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی هێشتت پیاوێک لە دەستت بڕوات کە من بۆ قڕبوونم دانا[e] ، گیانت لە جیاتی گیانی دەبێت و گەلەکەشت لە جیاتی گەلەکەی.“»
43
ئینجا پاشای ئیسرائیل بە دڵتەنگی و پەستییەوە چوو بۆ کۆشکەکەی لە سامیرە.
  1. a. 20‏:17 کەسانێک کە لە لەشکری دوژمن دەڕوانن بۆ وەرگرتنی زانیاری.‏
  2. b. 20‏:31 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏
  3. c. 20‏:31 دانانی گوریس لەسەر سەر هێمایەکە بۆ خۆ ڕادەستکردنی شەڕکەران.‏
  4. d. 20‏:39 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.‏
  5. e. 20‏:42 بۆ قڕبوونم دانا: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏