عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕه‌زه‌مێوی ناڤۆت 
1
دوای ماوه‌یه‌ك له‌ ڕووداوه‌كان، ناڤۆتی یه‌زره‌عیلی له‌ یه‌زره‌عیل له‌ته‌نیشت كۆشكه‌كه‌ی ئه‌حاڤی پاشای سامیره‌ ڕه‌زه‌مێوێكی هه‌بوو.
2
ئه‌حاڤ به‌ ناڤۆتی گوت: «ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌ی خۆتم بده‌رێ، بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌مه‌ باخی سه‌وزه‌وات، چونكه‌ نزیكه‌ و له‌ته‌نیشتی كۆشكه‌كه‌مه‌وه‌یه‌، منیش له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ڕه‌زه‌مێوێكی باشترت ده‌ده‌مێ، یان ئه‌گه‌ر بۆ تۆ باشتره‌ به‌پێی نرخه‌كه‌ی زیوت ده‌ده‌مێ.»
3
ناڤۆتیش به‌ ئه‌حاڤی گوت: «له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ له‌ من به‌دوور بێت كه‌ میراتی باوباپیرانی خۆمت بده‌مێ!»
4
جا ئه‌حاڤ به‌ دڵته‌نگی و په‌ستییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی، له‌به‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ناڤۆتی یه‌زره‌عیلی پێی گوت، كه‌ گوتی، «میراتی باوباپیرانمت ناده‌مێ،» ئیتر له‌سه‌ر جێگاكه‌ی پاڵكه‌وت، ڕووی خۆی وه‌رگێڕا و نانی نه‌خوارد.
5
جا ئیزابێلی ژنی هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای و پێی گوت: «ئه‌وه‌ چییه‌، بۆچی دڵته‌نگیت و نان ناخۆیت؟»
6
ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌م له‌گه‌ڵ ناڤۆتی یه‌زره‌عیلی كرد و پێم گوت: ”ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌تم بده‌رێ، به‌ زیو یان ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت ڕه‌زه‌مێوێكت له‌ جیاتی ده‌ده‌مێ،“ به‌ڵام گوتی: ”ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌مت ناده‌مێ.“»
7
ئیزابێلی ژنیشی پێی گوت: «ئایا ئێستا تۆ پاشایه‌تی ئیسرائیل ناكه‌یت؟ هه‌سته‌ نان بخۆ و دڵخۆش به‌، من ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌ی ناڤۆتی یه‌زره‌عیلیت ده‌ده‌مێ.»
8
چه‌ند نامه‌یه‌كی به‌ ناوی ئه‌حاڤه‌وه‌ نووسی و به‌ مۆره‌كه‌ی ئه‌و مۆری كردن، نامه‌كانیشی بۆ ئه‌و پیر و خانه‌دانانه‌ نارد كه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و شاره‌ی ناڤۆت له‌گه‌ڵ ئه‌و نیشته‌جێ بوون.
9
له‌و نامانه‌شدا نووسیبووی:
«بانگه‌وازی ڕۆژووگرتن بكه‌ن و كۆببنه‌وه‌، ناڤۆت له‌ سه‌رووی گه‌له‌وه‌ دابنیشێنن.
10
دوو پیاوی سووكوچروكیش به‌رامبه‌ری دابنیشێنن، هه‌تا شایه‌تی بده‌ن و بڵێن، نه‌فره‌تت له‌ خودا و له‌ پاشا كردووه‌، پاشان بیهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ردبارانی بكه‌ن، هه‌تا ده‌مرێت.»
11
ئیتر پیاوانی شاره‌كه‌ی ناڤۆت، پیر و خانه‌دانه‌كانی دانیشتووانی شاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یان كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیزابێل بۆی ناردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نامه‌كاندا نووسرابوو كه‌ بۆیان نێردرابوون.
12
بانگه‌وازیان كرد بۆ ڕۆژووگرتن و كۆبوونه‌وه‌، ناڤۆتیان له‌ سه‌رووی گه‌له‌وه‌ دانیشاند.
13
دوو پیاوی سووكوچروكیش هاتن و له‌ به‌رامبه‌ری دانیشتن، پیاوه‌ سووكوچروكه‌كانیش له‌به‌رده‌م گه‌لدا شایه‌تییان له‌سه‌ر ناڤۆت دا و گوتیان: «ناڤۆت نه‌فره‌تی له‌ خودا و له‌ پاشا كردووه‌.» جا بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار و به‌ردبارانیان كرد و مرد.
14
ئینجا هه‌واڵیان بۆ ئیزابێل نارد و گوتیان: «ناڤۆت به‌ردباران كراوه‌ و مردووه‌.»
15
هه‌ر كه‌ ئیزابێل بیستییه‌وه‌ ناڤۆت به‌ردباران كراوه‌ و مردووه‌، به‌ ئه‌حاڤی گوت: «هه‌سته‌ و ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌ی ناڤۆتی یه‌زره‌عیلی كه‌ ڕازی نه‌بوو به‌ زیو بتداتێ، ده‌ستی به‌سه‌ردا بگره‌، چونكه‌ ناڤۆت مردووه‌ و زیندوو نییه‌.»
16
كاتێك ئه‌حاڤ بیستییه‌وه‌ ناڤۆت مردووه‌، هه‌ستا هه‌تا به‌ره‌و خواره‌وه‌ بچێته‌ ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌ی ناڤۆتی یه‌زره‌عیلی، هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت.
17
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ ئه‌لیاسی تیشبی هات:
18
«هه‌سته‌ به‌ره‌و خواره‌وه‌ بڕۆ بۆ بینینی ئه‌حاڤی پاشای ئیسرائیل، ئه‌وه‌ی له‌ سامیره‌یه‌. وا له‌ ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌ی ناڤۆته‌، ئه‌وه‌ی چووه‌ ئه‌وێ هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت.
19
قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ و بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئایا پیاوت كوشت و هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر میراته‌كه‌شیدا ده‌گریت؟“ پێشی ده‌ڵێیت، به‌م جۆره‌ی فه‌رمووه‌: ”له‌و شوێنه‌دا كه‌ سه‌گ خوێنه‌كه‌ی ناڤۆتیان لێسایه‌وه‌، له‌ هه‌مان شوێندا خوێنه‌كه‌ی تۆش ده‌لێسنه‌وه‌. به‌ڵێ، هی خۆت!“»
20
ئه‌حاڤ به‌ ئه‌لیاسی گوت: «دوژمنه‌كه‌م، منت دۆزییه‌وه‌!»
ئه‌ویش گوتی: «تۆم دۆزییه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆتت فرۆشتووه‌ تاكو ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌، ئه‌نجامی بده‌یت.
21
”من وا به‌ڵات به‌سه‌ردا ده‌هێنم و ڕیشه‌كێشت ده‌كه‌م، هه‌رچی نێرینه‌ و كۆیله‌ و ئازادی ئه‌حاڤه‌ له‌ ئیسرائیلدا قڕی ده‌كه‌م.
22
ماڵه‌كه‌شت وه‌ك ماڵی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات و به‌عشای كوڕی ئاحییای لێ ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌ستت كردم و ئیسرائیلت تووشی گوناه كرد.“
23
«هه‌روه‌ها یه‌زدان له‌باره‌ی ئیزابێلیشه‌وه‌ فه‌رمووی: ”سه‌گ له‌ نزیك شووراكه‌ی یه‌زره‌عیله‌وه‌ ئیزابێل ده‌خۆن.“
24
«ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌حاڤ بێت و له‌ شاردا بمرێت سه‌گ ده‌یخوات، ئه‌وه‌شی له‌ كێڵگه‌دا بمرێت باڵنده‌كانی ئاسمان ده‌یخۆن.»
25
كه‌س نه‌بوو وه‌ك ئه‌حاڤ خۆی بفرۆشێت هه‌تا ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌ ئه‌نجامی بدات، چونكه‌ ئیزابێلی ژنی فریوی دا.
26
قێزه‌ون بوو به‌ په‌یڕه‌وكردنی له‌ بته‌كان، وه‌ك هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌مورییه‌كان كردیان، ئه‌وه‌ی یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا ده‌ریكردن.
27
كاتێك ئه‌حاڤ گوێی له‌م قسانه‌ بوو، جله‌كانی دادڕی و جلوبه‌رگی گوشی پۆشی و به‌ڕۆژوو بوو، به‌ به‌رگی گوشه‌وه‌ پاڵكه‌وت و به‌ بێده‌نگی ڕۆیشت.
28
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ ئه‌لیاسی تیشبی هات:
29
«بینیت ئه‌حاڤ چۆن له‌به‌رده‌ممدا خۆی نزم كرده‌وه‌؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مم خۆی نزم كردووه‌ته‌وه‌، هه‌تا ئه‌و له‌ ژیاندا بێت ئه‌م به‌ڵایه‌ ناهێنم، به‌ڵكو له‌دوای ئه‌و له‌ سه‌رده‌می كوڕه‌كه‌ی به‌ڵاكه‌ به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یدا ده‌هێنم.»