عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشبینی میخایو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌حاڤ 
1
سێ ساڵ تێپه‌ڕی و جه‌نگ له‌نێوان ئارام و ئیسرائیل ڕووی نه‌دا.
2
به‌ڵام له‌ ساڵی سێیه‌م، یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا چوو بۆ لای پاشای ئیسرائیل.
3
پاشای ئیسرائیل به‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی گوتبوو: «ئایا نازانن ڕامۆتی گلعاد هی ئێمه‌یه‌ و ئێمه‌ش بێده‌نگین له‌وه‌ی له‌ ده‌ست پاشای ئارامی وه‌ربگرینه‌وه‌؟»
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پرسیاری له‌ یه‌هۆشافات كرد: «له‌گه‌ڵم دێیته‌ ڕامۆتی گلعاد بۆ جه‌نگ؟»
یه‌هۆشافاتیش وه‌ڵامی پاشای ئیسرائیلی دایه‌وه‌: «خۆم وه‌ك خۆت و گه‌له‌كه‌م وه‌ك گه‌له‌كه‌ت و ئه‌سپه‌كانیشم وه‌ك ئه‌سپه‌كانت.»
5
به‌ڵام یه‌هۆشافات به‌ پاشای ئیسرائیلی گوت: «سه‌ره‌تا داوای ڕاوێژ له‌ یه‌زدان بكه‌.»
6
ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغه‌مبه‌ره‌كانی كۆكرده‌وه‌، نزیكه‌ی چوار سه‌د پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمه‌ ڕامۆتی گلعاد بۆ جه‌نگ یان نا؟»
ئه‌وانیش گوتیان: «بڕۆ، په‌روه‌ردگار ده‌یداته‌ ده‌ستی پاشا.»
7
به‌ڵام یه‌هۆشافات پرسیاری كرد: «هیچ پێغه‌مبه‌رێكی یه‌زدان لێره‌ نه‌ماوه‌ لێی بپرسین؟»
8
پاشای ئیسرائیلیش به‌ یه‌هۆشافاتی گوت: «پیاوێكی دیكه‌ ماوه‌ پرسی یه‌زدانی پێ بكه‌ین، به‌ڵام من ڕقم لێیه‌تی، چونكه‌ ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ من پێشبینی چاك ناكات، به‌ڵكو خراپ، ئه‌ویش میخایوی كوڕی یه‌ملایه‌.»
یه‌هۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نه‌ڵێت.»
9
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاشای ئیسرائیل كاربه‌ده‌ستێكی بانگكرد و گوتی: «به‌ په‌له‌ میخایوی كوڕی یه‌ملام بۆ بهێنه‌!»
10
له‌و كاته‌دا پاشای ئیسرائیل و یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا جلی شاهانه‌یان له‌به‌ركردبوو، هه‌ریه‌كه‌ و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی خۆی دانیشتبوو، له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی[a] لای ده‌روازه‌ی سامیره‌، هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانیش له‌به‌رده‌میان پێشبینییان ده‌كرد.
11
سدقیای كوڕی كه‌نعه‌نا دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستكردبوو، گوتی: «یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”به‌مه‌ ورگی ئارامییه‌كان ده‌دڕیت هه‌تا ته‌واو ده‌بن.“»
12
هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانیش به‌م جۆره‌ پێشبینییان كرد، گوتیان: «په‌لاماری ڕامۆتی گلعاد بده‌ و سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت، یه‌زدان ده‌یداته‌ ده‌ستی پاشا.»
13
ئه‌و نێردراوه‌ی چوو میخایو بانگ بكات قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد و گوتی: «ئه‌وه‌تا قسه‌ی هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌ یه‌ك ده‌نگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پاشایه‌، تكایه‌ با قسه‌ی تۆش وه‌ك قسه‌ی یه‌كێك له‌وان بێت و به‌ باشه‌ قسه‌ بكه‌.»
14
به‌ڵام میخایو گوتی: «به‌ یه‌زدانی زیندوو، ئه‌وه‌ی یه‌زدان پێم بفه‌رموێت ئه‌وه‌ ده‌ڵێم.»
15
كاتێك هاته‌ لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینه‌ ڕامۆتی گلعاد بۆ جه‌نگ یان نا؟»
ئه‌ویش پێی گوت: «هێرش بكه‌ن و سه‌ركه‌وتوو بن، یه‌زدان ده‌یداته‌ ده‌ستی پاشا.»
16
پاشاش پێی گوت: «چه‌ند جار من سوێندم داویت، كه‌ جگه‌ له‌ ڕاستی به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ هیچی دیكه‌م پێ نه‌ڵێیت؟»
17
ئینجا میخایو وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «هه‌موو ئیسرائیلم بینی له‌سه‌ر چیاكان وه‌ك مه‌ڕی بێ شوان په‌رته‌وازه‌ ببوون، یه‌زدانیش فه‌رمووی: ”ئه‌وانه‌ خاوه‌نیان نییه‌، با هه‌ریه‌كه‌ و به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی.“»
18
پاشای ئیسرائیل به‌ یه‌هۆشافاتی گوت: «پێم نه‌گوتی ئه‌و پێشبینی چاك سه‌باره‌ت به‌ من ناكات، به‌ڵكو خراپ؟»
19
میخایو گوتی: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگره‌، یه‌زدانم بینی له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانیشتبوو، هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمانیش له‌ ده‌وروبه‌ری بوون و له‌لای ڕاست و چه‌پیه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون.
20
یه‌زدان فه‌رمووی: ”كێ ئه‌حاڤ فریوده‌دات هه‌تا هێرش بكاته‌ سه‌ر ڕامۆتی گلعاد و له‌وێ بمرێت؟“
«یه‌كێك پێشنیاری ئه‌مه‌ی كرد و یه‌كێكی دیكه‌ ئه‌وه‌.
21
ئینجا ڕۆحێك هاته‌ پێشه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م یه‌زدان ڕاوه‌ستا و گوتی: ”من فریوی ده‌ده‌م.“
22
«یه‌زدانیش لێی پرسی: ”به‌ چی؟“
«ئه‌ویش گوتی: ”ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌می هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانی ده‌بمه‌ ڕۆحی درۆ.“
«یه‌زدانیش پێی فه‌رموو: ”تۆ فریوی ده‌ده‌یت و ده‌توانیت، بڕۆ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌ بكه‌.“
23
«ئێستاش وا یه‌زدان ڕۆحی درۆی[b] خستووه‌ته‌ ناو ده‌می هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانته‌وه‌. یه‌زدان بڕیاری دا به‌ڵاتان به‌سه‌ر بهێنێت.»
24
ئینجا سدقیای كوڕی كه‌نعه‌نا هاته‌ پێشه‌وه‌ و زلله‌یه‌كی له‌ ڕوومه‌تی میخایو دا و گوتی: «له‌كوێوه‌ ڕۆحی یه‌زدان له‌ منه‌وه‌ په‌ڕییه‌وه‌ هه‌تا قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بكات؟»
25
میخایو وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ده‌بینیت كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌چیته‌ ژووری دواوه‌ی خانوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆت بشاریته‌وه‌.»
26
ئینجا پاشای ئیسرائیل فه‌رمانی دا: «میخایو ببه‌ و بیگه‌ڕێنه‌وه‌ لای ئامۆنی فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كه‌ و یۆئاشی كوڕی پاشا،
27
بڵێ: ”ئه‌مه‌ فه‌رمانی پاشایه‌: ئه‌مه‌ بخه‌نه‌ زیندانه‌وه‌ و جگه‌ له‌ كه‌مێك نان و ئاو هیچی دیكه‌ی پێ مه‌ده‌ن، هه‌تا هاتنه‌وه‌م به‌ سه‌لامه‌تی.“»
28
میخایو گوتی: «ئه‌گه‌ر تۆ به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێیته‌وه‌، یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی منه‌وه‌ هیچی نه‌فه‌رمووه‌!» ئینجا گوتی: «ئه‌ی هه‌موو گه‌ل، گوێ بگرن!»
كوژرانی ئه‌حاڤ له‌ ڕامۆتی گلعاد 
29
ئیتر پاشای ئیسرائیل و یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا سه‌ركه‌وتن بۆ ڕامۆتی گلعاد.
30
پاشای ئیسرائیل به‌ یه‌هۆشافاتی گوت: «من خۆم ده‌گۆڕم و ده‌چمه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌، به‌ڵام تۆ جلوبه‌رگه‌ شاهانه‌كه‌ی خۆت له‌به‌ر بكه‌.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌.
31
پاشای ئارام فه‌رمانی به‌ سی و دوو فه‌رمانده‌ی گالیسكه‌كانی دا و گوتی: «شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هیچ گه‌وره‌ و بچووكێك مه‌كه‌ن، جگه‌ له‌ پاشای ئیسرائیل.»
32
كاتێك كه‌ سه‌ركرده‌كانی گالیسكه‌كان یه‌هۆشافاتیان بینی، گوتیان: «به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ پاشای ئیسرائیله‌.» له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ تاكو شه‌ڕی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك یه‌هۆشافات هاواری كرد،
33
سه‌ركرده‌كانی گالیسكه‌كان بینییان ئه‌وه‌ پاشای ئیسرائیل نه‌بوو، وازیان له‌ ڕاونانی هێنا.
34
پیاوێكیش به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی تیروكه‌وانه‌كه‌ی ڕاكێشا و له‌ درزی نێو به‌شه‌كانی سپه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ پاشای ئیسرائیلی بریندار كرد، ئه‌ویش به‌ گالیسكه‌وانه‌كه‌ی گوت: «ده‌ستت بكێشه‌وه‌ له‌ناو سوپاكه‌ بمبه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ بریندار بووم.»
35
له‌و ڕۆژه‌دا شه‌ڕه‌كه‌ زۆر سه‌خت بوو، پاشا له‌ناو گالیسكه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئارام ڕاگیرا، ئێواره‌ مرد و خوێنی برینه‌كه‌ی بۆ ناو بنی گالیسكه‌كه‌ چۆڕایه‌وه‌.
36
كاتێك خۆر له‌ ئاوابوون بوو، هاوارێك به‌ناو سوپاكه‌دا بڵاو بووه‌وه‌ و گوتی: «هه‌ر پیاوه‌ و بۆ خاكه‌كه‌ی و شارۆچكه‌كه‌ی خۆی بگه‌ڕێته‌وه‌!»
37
به‌م شێوه‌یه‌ پاشا مرد، هێنایانه‌وه‌ سامیره‌ و له‌وێ ناشتیان.
38
گالیسكه‌كه‌ له‌ گۆمه‌كه‌ی سامیره‌ شوشترا، له‌و شوێنه‌ی له‌شفرۆشان خۆیان لێ ده‌شوشت، سه‌گ خوێنه‌كه‌یان لێسته‌وه‌، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووبووی.
39
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ئه‌حاڤ و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی و كۆشكه‌ عاجه‌كه‌ی كه‌ بنیادی نا و هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی پته‌وی كردن له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
40
ئه‌حاڤ له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌، ئیتر ئه‌حه‌زیای كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی یه‌هۆشافات له‌ یه‌هودا 
41
له‌ چواره‌مین ساڵی پاشایه‌تی ئه‌حاڤی پاشای ئیسرائیل، یه‌هۆشافاتی كوڕی ئاسا بوو به‌ پاشای یه‌هودا.
42
یه‌هۆشافات له‌ ته‌مه‌نی سی و پێنج ساڵی بوو به‌ پاشا، بیست و پێنج ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی عه‌زوڤای كچی شیلحی بوو.
43
له‌ هه‌موو شتێك ڕێچكه‌ی ئاسای باوكی گرته‌به‌ر و لێی لانه‌دا، ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاسته‌ كردی. به‌ڵام هێشتا نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی تێكنه‌دران و گه‌ل له‌ به‌رزاییه‌كاندا قوربانییان سه‌رده‌بڕی و بخووریان ده‌سووتاند.
44
هه‌روه‌ها یه‌هۆشافات له‌گه‌ڵ پاشای ئیسرائیل په‌یمانی ئاشتی به‌ست.
45
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی یه‌هۆشافات و ده‌ستكه‌وته‌كانی كه‌ هه‌بوو، كاره‌ جه‌نگییه‌كانی، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
46
پاشماوه‌ی ئه‌و پیاوه‌ له‌شفرۆشانه‌ش كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئاسای باوكی مابوونه‌وه‌، له‌ خاكه‌كه‌ ڕایماڵین.
47
له‌و كاته‌دا له‌ ئه‌دۆم پاشا نه‌بوو، به‌ڵكو بریكارێكی پاشای یه‌هودا هه‌بوو.
48
یه‌هۆشافات كه‌شتیی بازرگانی دروستكرد تاوه‌كو بچنه‌ ئۆفیر بۆ هاورده‌كردنی زێڕ، به‌ڵام كه‌شتییه‌كان نه‌چوون، چونكه‌ له‌ عه‌چیۆن گه‌ڤه‌ر تێكشكان.
49
له‌و كاته‌دا ئه‌حه‌زیای كوڕی ئه‌حاڤ به‌ یه‌هۆشافاتی گوت: «با خزمه‌تكاره‌كانیشم له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانت به‌ كه‌شتییه‌كانی تۆ بڕۆن.» به‌ڵام یه‌هۆشافات ڕازی نه‌بوو.
50
ئیتر یه‌هۆشافات له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌. له‌ شاری داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ باوباپیرانی نێژرا. یه‌هۆرامی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی ئه‌حه‌زیا له‌ ئیسرائیل 
51
له‌ حه‌ڤده‌یه‌مین ساڵی پاشایه‌تی یه‌هۆشافاتی پاشای یه‌هودا، ئه‌حه‌زیای كوڕی ئه‌حاڤ له‌ سامیره‌ بوو به‌ پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
52
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، ڕێچكه‌ی دایك و باوكی گرته‌به‌ر، هه‌روه‌ها ڕێگاكه‌ی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
53
به‌علی په‌رست و كڕنۆشی بۆ برد، یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیلی په‌ست كرد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی باوكی كردبووی.
  1. a. 22‏:10 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.
  2. b. 22‏:23 ڕۆحێكی شه‌یتانی بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی مرۆڤ.