عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ڵاتنی ئه‌لیاس بۆ چیای حۆرێڤ 
1
ئه‌حاڤ هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ ئیزابێل ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌لیاس كردی، هه‌روه‌ها كه‌ چۆن هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانی به‌ شمشێر كوشتووه‌.
2
ئینجا ئیزابێل نێردراوێكی بۆ لای ئه‌لیاس نارد و گوتی: «با خوداوه‌نده‌كان توندترین سزام بده‌ن، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ له‌م كاته‌ گیانت وه‌ك گیانی یه‌كێك له‌وانه‌ لێ نه‌كه‌م.»
3
ئه‌لیاس ترسا، هه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی گیانی خۆی ده‌رباز بكات. كاتێك گه‌یشته‌ بیری شابه‌ع، ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ یه‌هودایه‌، خزمه‌تكاره‌كه‌ی له‌وێ به‌جێهێشت.
4
خۆشی ڕۆژه‌ ڕێیه‌ك به‌ ده‌شتوده‌ردا ڕۆیشت هه‌تا هات و له‌ژێر دار گه‌زێك[a] دانیشت و داوای مه‌رگی بۆ گیانی خۆی كرد، گوتی: «ئه‌ی یه‌زدان، ئیتر به‌سه‌، گیانم بكێشه‌، چونكه‌ من له‌ باوباپیرانم باشتر نیم.»
5
ئینجا له‌ژێر دار گه‌زه‌كه‌ پاڵكه‌وت و نوست.
له‌ناكاو فریشته‌یه‌ك ده‌ستی لێدا و فه‌رمووی: «هه‌سته‌، بخۆ.»
6
ئه‌ویش ته‌ماشای كرد ئه‌وه‌تا له‌لای سه‌رییه‌وه‌ كولێره‌یه‌كی به‌ به‌ردی داغ برژاو و گۆزه‌یه‌ك ئاوی لێیه‌، ئیتر خواردی و خواردیه‌وه‌، دیسان پاڵكه‌وته‌وه‌.
7
دووباره‌ فریشته‌كه‌ی یه‌زدان گه‌ڕایه‌وه‌ و ده‌ستی لێدایه‌وه‌ و فه‌رمووی: «هه‌سته‌ بخۆ، چونكه‌ ڕێگاكه‌ له‌ توانای تۆ زیاتره‌.»
8
ئه‌ویش هه‌ستا و خواردی و خواردیه‌وه‌، به‌ هێزی ئه‌و خواردنه‌ چل شه‌و و چل ڕۆژ هه‌تا حۆرێڤی كێوی خودا ڕۆیشت.
9
له‌وێ چووه‌ ناو ئه‌شكه‌وتێك و شه‌وی تێدا به‌سه‌ربرد.
له‌ناكاو فه‌رمایشتی یه‌زدانی بۆ هات، پێی فه‌رموو: «ئه‌لیاس، لێره‌ چی ده‌كه‌یت؟»
ده‌ركه‌وتنی یه‌زدان بۆ ئه‌لیاس 
10
ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «دڵگه‌رمییه‌كی زۆرم هه‌یه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش په‌یمانه‌كه‌ی تۆیان شكاندووه‌، قوربانگاكانی تۆیان وێران كردووه‌، پێغه‌مبه‌ره‌كانی تۆیان به‌ شمشێر كوشتووه‌، منیش به‌ ته‌نها ماومه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن هه‌تا بمكوژن.»
11
یه‌زدانیش فه‌رمووی: «وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر چیاكه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان ڕابوه‌سته‌، چونكه‌ وا یه‌زدان تێده‌په‌ڕێت.»
ئینجا بایه‌كی مه‌زن و به‌هێز چیاكانی شه‌ق كرد و تاشه‌به‌رده‌كانی له‌به‌رده‌م یه‌زدان شكاند، به‌ڵام یه‌زدان له‌ناو بایه‌كه‌دا نه‌بوو. له‌دوای بایه‌كه‌ بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك هات، یه‌زدان له‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌شدا نه‌بوو.
12
له‌دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ ئاگرێك هات، یه‌زدان له‌ ئاگره‌كه‌شدا نه‌بوو. له‌دوای ئاگره‌كه‌ چرپه‌ی ده‌نگێك هات.
13
ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌لیاس گوێی له‌ چرپه‌كه‌ بوو، ده‌موچاوی به‌ كه‌واكه‌ی داپۆشی، چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌به‌رده‌می ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا ڕاوه‌ستا.
پاشان ده‌نگێك هاته‌ به‌رگوێی و پێی فه‌رموو: «ئه‌لیاس، لێره‌ چی ده‌كه‌یت؟»
14
ئه‌ویش گوتی: «دڵگه‌رمییه‌كی زۆرم هه‌یه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش په‌یمانه‌كه‌ی تۆیان شكاندووه‌، قوربانگاكانی تۆیان وێران كردووه‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كانی تۆیان به‌ شمشێر كوشتووه‌، منیش به‌ ته‌نها ماومه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن هه‌تا بمكوژن.»
15
ئینجا یه‌زدان پێی فه‌رموو: «بڕۆ و به‌ ڕێگاكه‌تدا بگه‌ڕێوه‌ بۆ ده‌شتوده‌ری دیمه‌شق، كاتێك گه‌یشتییه‌ ئه‌وێ حه‌زائێل وه‌ك پاشای ئارام ده‌ستنیشان بكه‌.
16
هه‌روه‌ها یێهوی كوڕی نیمشی وه‌ك پاشای ئیسرائیل ده‌ستنیشان بكه‌ و ئه‌لیشه‌عی كوڕی شافاتیش كه‌ خه‌ڵكی ئابێلی مه‌حۆلایه‌ له‌ جێی خۆت وه‌ك پێغه‌مبه‌ر ده‌ستنیشانی بكه‌.
17
جا ئه‌وه‌ ڕووده‌دات، هه‌ركه‌س له‌ شمشێری حه‌زائێل ده‌رباز بێت، یێهو ده‌یكوژێت و هه‌ركه‌سیش له‌ شمشێری یێهو ده‌رباز بێت، ئه‌لیشه‌ع ده‌یكوژێت.
18
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حه‌وت هه‌زار كه‌س له‌ ئیسرائیل ده‌هێڵمه‌وه‌؛ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ چۆكیان بۆ به‌عل نه‌چه‌ماندووه‌ته‌وه‌، به‌ ده‌م ماچیان نه‌كردووه‌.»
بانگكردنی ئه‌لیشه‌ع 
19
ئیتر ئه‌لیاس له‌وێ ڕۆیشت و ئه‌لیشه‌عی كوڕی شافاتی دۆزییه‌وه‌ زه‌وی ده‌كێڵا، دوازده‌ جووت گا له‌پێشییه‌وه‌ بوون، ئه‌و له‌گه‌ڵ جووتی دوازده‌یه‌مین بوو. ئینجا ئه‌لیاس به‌لایدا تێپه‌ڕی و كه‌واكه‌ی فڕێدایه‌ سه‌ری.
20
ئه‌لیشه‌عیش گایه‌كانی به‌جێهێشت و له‌دوای ئه‌لیاس ڕایكرد و گوتی: «دایك و باوكم ماچ ده‌كه‌م و دوات ده‌كه‌وم.»
ئه‌لیاسیش پێی گوتی: «بڕۆ و بگه‌ڕێوه‌، چونكه‌ من چ ڕێگرییه‌كم لێكردوویت؟»
21
ئه‌لیشه‌عیش له‌دوای گه‌ڕایه‌وه‌ و جووته‌ گایه‌كه‌ی برد و سه‌ری بڕین، گاسنه‌كه‌ی سووتاند بۆ ئه‌وه‌ی گۆشته‌كه‌ بكوڵێنێت، دایه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ و خواردیان. ئینجا هه‌ستا و دوای ئه‌لیاس كه‌وت و بووه‌ خزمه‌تكاری.
  1. a. 19‏:4 دارێكی گه‌ڵا وردی لق باریكه‌، لقه‌كانی بۆ گسك به‌كاردێت.