عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
فەرمایشتی یەزدان بۆ یێهوی کوڕی حەنانی هات سەبارەت بە بەعشا:
2
«لەبەر ئەوەی لە خۆڵەوە تۆم بەرزکردەوە و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم، بەڵام تۆ ڕێچکەی یارۆڤعامت گرتەبەر و وات لە ئیسرائیلی گەلەکەی من کرد گوناه بکەن و بە گوناهەکانیان پەستم بکەن،
3
لەبەر ئەوە بەعشا و بنەماڵەکەی ڕیشەکێش دەکەم، بنەماڵەکەی تۆ وەک بنەماڵەکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی لێ دەکەم.
4
هەرکەسێکی بەعشا لە شار بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگە بمرێت باڵندەی ئاسمان.»
5
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی بەعشا، ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
6
بەعشا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە تیرزە نێژرا. ئیتر ئێلەی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
7
هەروەها لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەری کوڕی حەنانیەوە فەرمایشتی یەزدان هات سەبارەت بە بەعشا و بنەماڵەکەی بەهۆی هەموو ئەو خراپانەی لەبەرچاوی یەزدان کردبووی، بەوەی کە بە کردەوەکانی پەستی کرد، وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی لێهات، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە بنەماڵەی یارۆڤعامی لەناو برد.
پاشایەتی ئێلە لە ئیسرائیل 
8
لە بیست و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، ئێلەی کوڕی بەعشا لە تیرزە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد.
9
زیمری کاربەدەستی کە فەرماندەی نیوەی گالیسکەکانی پاشا بوو، پیلانی لە دژی گێڕا. کاتێک ئێلە لە ماڵی ئەرچا بوو لە تیرزە، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو لە تیرزە، دەیخواردەوە و سەرخۆش بوو،
10
زیمری هاتە ژوورەوە و لێیدا و کوشتی. لە بیست و حەوتەمین ساڵی ئاسا پاشای یەهودا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
11
کاتێک بوو بە پاشا و لەسەر تەختەکەی ئەو دانیشت، هەموو بنەماڵەی بەعشای کوشت. بە جۆرێک کە هیچ نێرینەیەکی لە کەسوکار و نزیک و دۆستانی نەهێشتەوە.
12
زیمری هەموو بنەماڵەی بەعشای لەناوبرد، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەرەوە سەبارەت بە بەعشا فەرمووبووی.
13
لەبەر هەموو گوناهەکانی بەعشا و گوناهەکانی ئێلەی کوڕی کە کردیان و بەهۆیانەوە وایان لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن و بە بتە پووچەکانیان یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پەست بکەن.
14
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئێلە و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
پاشایەتی زیمری 
15
لە بیست و حەوتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، زیمری حەوت ڕۆژ لە تیرزە بوو بە پاشا، سوپاش گەمارۆی گیبەتۆنی فەلەستییەکانیان دابوو.
16
کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو بیستیان گوترا زیمری پیلانی گێڕاوە و پاشاشی کوشتووە، هەموویان هەر لەو ڕۆژەدا لەناو ئۆردوگاکە جاڕیان دا و عۆمریی فەرماندەی گشتی سوپایان کردە پاشای ئیسرائیل.
17
ئینجا عۆمری و هەموو ئیسرائیل لەگەڵی لە گیبەتۆنەوە کشانەوە و تیرزەیان گەمارۆ دا.
18
ئەوە بوو کە زیمری بینی شارەکە گیرا، چووە ناو قەڵای کۆشکی پاشا، کۆشکی پاشای بە ئاگر بەسەر خۆیدا سووتاند و مرد،
19
ئەمەش بەهۆی ئەو گوناهانەوە بوو کە کردی، بەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
20
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زیمری و ئەو پیلانەی کە گێڕای لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
پاشایەتی عۆمری 
21
لەو کاتەدا گەلی ئیسرائیل بووە دوو بەش، نیوەی گەل بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون هەتا بیکەنە پاشا، نیوەکەی دیکەش بەدوای عۆمرییەوە بوون.
22
ئەو نیوەیەی گەل کە بەدوای عۆمرییەوە بوون زاڵبوون بەسەر ئەو نیوەیەی کە بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون، جا تیڤنی کوژرا و عۆمری بوو بە پاشا.
23
لە سی و یەکەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا عۆمری بوو بە پاشای ئیسرائیل، بۆ ماوەی دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد، شەش ساڵ لە تیرزە بوو.
24
ئینجا چیای سامیرەی لە شەمەر بە دوو تالنت زیو[a] کڕی و دەستی بە بنیادنان کرد لە چیاکە، ئەو شارەی کە بنیادی نا، ناوی لێنا سامیرە بە ناوی شەمەری خاوەنی چیای سامیرەوە.
25
عۆمریش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر خراپەی کرد.
26
بەدوای ڕێگای یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بە پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە بتە پووچەکانیان.
27
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عۆمری و ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
28
عۆمری لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە نێژرا. ئیتر ئەحاڤی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
دەستپێکی پاشایەتی ئەحاڤ 
29
ئەحاڤی کوڕی عۆمری لە سی و هەشتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا بوو بە پاشای ئیسرائیل، بیست و دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
30
ئەحاڤی کوڕی عۆمریش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
31
نەک هەر تەنها گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی بەلاوە کەم بوو، بەڵکو ئیزابێلی کچی ئەسبەعلی پاشای سەیدائییەکانیشی هێنا و چوو بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد.
32
لەناو پەرستگای بەعل قوربانگایەکیشی بۆ بەعل دروستکرد، کە لە سامیرە بنیادی نابوو.
33
هەروەها ئەحاڤ ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد و لە هەموو پاشاکانی ئیسرائیلیش کە لەپێش خۆیەوە بوون زیاتری کرد بۆ پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
34
لە سەردەمی ئەحاڤ، حیێلی بێت‌ئێلی ئەریحای بنیاد نایەوە. کاتێک دەستی بە دانانی بناغەکە کرد، ئەبیرامی کوڕە نۆبەرەکەی مرد، هەروەها کاتێک دەرگاکانی چەقاند سگوڤی کوڕە بچووکەکەی مرد، هەروەک چۆن فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەشوعی کوڕی نون فەرمووبووی.
  1. a. 16‏:24 دوو تالنت: نزیکەی 70 کیلۆگرام.‏