عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی ئه‌بیا 
1
له‌ هه‌ژده‌یه‌مین ساڵی پاشایه‌تی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات، ئه‌بیا بوو به‌ پاشای یه‌هودا.
2
سێ ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی مه‌عكای كچی ئه‌ڤیشالۆم[a] بوو.
3
به‌ هه‌موو گوناهه‌كانی باوكیدا ڕۆیشت كه‌ له‌پێش ئه‌وه‌وه‌ كردبوونی، دڵی به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆی نه‌بوو، وه‌ك دڵی داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی.
4
به‌ڵام یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆی له‌به‌ر داود چرایه‌كی له‌ ئۆرشه‌لیم دایێ، به‌وه‌ی كه‌ كوڕه‌كه‌ی له‌پاش خۆی پایه‌دار كرد و ئۆرشه‌لیمیشی ڕاگرت،
5
چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو داود كردبووی، له‌ هه‌موو ماوه‌ی ژیانی له‌ هیچ لای نه‌دا له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێكرابوو، ته‌نها له‌ بابه‌ته‌كه‌ی ئوریای حیتی نه‌بێت.
6
به‌ درێژایی ماوه‌ی ژیانی ئه‌بیا جه‌نگ له‌نێوان ڕه‌حه‌ڤه‌عام و یارۆڤعام هه‌بوو.
7
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ئه‌بیا و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
جه‌نگ له‌نێوان ئه‌بیا و یارۆڤعامیش هه‌بوو.
8
ئه‌بیا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی ئاسا 
9
له‌ بیسته‌مین ساڵی پاشایه‌تی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو به‌ پاشای یه‌هودا.
10
چل و یه‌ك ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، داپیری ناوی مه‌عكای كچی ئه‌ڤیشالۆم بوو.
11
ئاسا به‌ هه‌مان شێوه‌ی داودی باوكی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو كردی،
12
پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانی له‌ خاكه‌كه‌ ڕاماڵی و هه‌موو ئه‌و بتانه‌شی لابرد كه‌ باوباپیرانی دروستیان كردبوون.
13
ئاسا ته‌نانه‌ت مه‌عكای داپیریشی له‌ پله‌ی شاژنی دایك لابرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستوونه‌ ئه‌شێرایه‌كی قێزه‌ونی دروستكردبوو. ستوونه‌كه‌ی بڕییه‌وه‌ و له‌ دۆڵی قدرۆن سووتاندی.
14
هه‌رچه‌نده‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی تێكنه‌دران، به‌ڵام دڵی ئاسا به‌ درێژایی ژیانی به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ یه‌زدان بوو.
15
شته‌ ته‌رخانكراوه‌كانی خۆی و باوكی له‌ زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایه‌ ناو په‌رستگای یه‌زدان.
16
به‌ درێژایی ماوه‌ی حوكمڕانیشیان جه‌نگ له‌نێوان ئاسا و به‌عشای پاشای ئیسرائیلدا هه‌بوو.
17
به‌عشای پاشای ئیسرائیل هێرشی كرده‌ سه‌ر یه‌هودا و شارۆچكه‌ی ڕامه‌ی كرده‌ شارێكی قه‌ڵابه‌ند، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنووری ئاسای پاشای یه‌هودا ڕێی هاتوچۆكردن بگرێت.
18
ئاساش هه‌موو ئه‌و زێڕ و زیوه‌ی كه‌ له‌ گه‌نجینه‌كانی په‌رستگای یه‌زدان و كۆشكی پاشادا مابووه‌وه‌ ده‌ریهێنا و دایه‌ ده‌ست كاربه‌ده‌سته‌كانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ به‌ن‌هه‌ده‌دی كوڕی ته‌ڤڕیمۆنی كوڕی حه‌زیۆنی پاشای ئارام كه‌ له‌ دیمه‌شق داده‌نیشت، گوتی:
19
«با په‌یمانێك له‌نێوان من و تۆدا هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێوان باوكم و باوكتدا هه‌بوو. من وا زێڕ و زیوم به‌ دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وه‌ره‌ په‌یمانه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ به‌عشای پاشای ئیسرائیل هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌، هه‌تا له‌لای من بكشێته‌وه‌.»
20
به‌ن‌هه‌ده‌دیش به‌ قسه‌ی ئاسا پاشای كرد، سه‌ركرده‌كانی سوپاكه‌ی نارده‌ سه‌ر شارۆچكه‌كانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێت‌مه‌عكا و هه‌موو كینه‌ره‌ت و هه‌موو خاكی نه‌فتالی داگیر كرد.
21
كاتێك به‌عشا ئه‌مه‌ی بیسته‌وه‌ ده‌ستی له‌ بنیادنانی ڕامه‌ هه‌ڵگرت و كشایه‌وه‌ تیرزه‌.
22
ئاسا پاشاش هه‌موو یه‌هودای بانگكرد، بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیانی لێ به‌ده‌ر بكات، ئه‌و به‌رد و دارانه‌ی هه‌ڵگرت كه‌ به‌عشا له‌ شارۆچكه‌ی ڕامه‌ به‌كاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا به‌وان گه‌ڤه‌عی له‌ خاكی بنیامین و میچپای ئاوه‌دان كرده‌وه‌.
23
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ئاسا، هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی و هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی بنیادی نا، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می پیری پێیه‌كانی تووشی نه‌خۆشی بوون.
24
پاشان ئاسا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ باوباپیرانی له‌ شاری داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی نێژرا. ئیتر یه‌هۆشافاتی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی ناداب له‌ ئیسرائیل 
25
نادابی كوڕی یارۆڤعامیش له‌ ساڵی دووه‌می ئاسای پاشای یه‌هودا، بوو به‌ پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
26
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، به‌دوای ڕێگای باوكی كه‌وت و هه‌مان گوناهی ئه‌وی كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
27
ئینجا به‌عشای كوڕی ئاحییای بنه‌ماڵه‌ی یه‌ساخار پیلانی له‌ دژی گێڕا: كاتێك ناداب و هه‌موو ئیسرائیل گه‌مارۆی گیبه‌تۆنیان دابوو، به‌عشا له‌ گیبه‌تۆنی فه‌له‌ستییه‌كان له‌ نادابی دا و كوشتی.
28
له‌ سێیه‌مین ساڵی ئاسای پاشای یه‌هودا كوشتی و له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
29
كه‌ به‌عشا بوو به‌ پاشا، هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعامی كوشت. هیچ هه‌ناسه‌یه‌كی له‌ بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعام نه‌هێشت، هه‌مووی له‌ناو بردن، هه‌روه‌كو فه‌رمایشته‌كه‌ی یه‌زدان كه‌ له‌ ڕێگه‌ی خزمه‌تكاره‌كه‌ی ئاحییای شیلۆنی فه‌رمووبووی.
30
ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و گوناهانه‌ بوو كه‌ یارۆڤعام كردبوونی و به‌هۆیانه‌وه‌ وای له‌ ئیسرائیل كرد گوناه بكه‌ن، هه‌روه‌ها یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیلیان په‌ست كرد.
31
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ناداب و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
32
به‌ درێژایی ماوه‌ی پاشایه‌تییان جه‌نگ له‌نێوان ئاسا و به‌عشای پاشای ئیسرائیلدا هه‌بوو.
پاشایه‌تی به‌عشا 
33
له‌ سێیه‌مین ساڵی ئاسای پاشای یه‌هودا به‌عشای كوڕی ئاحییا له‌ تیرزه‌ بوو به‌ پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایه‌تی هه‌موو ئیسرائیلی كرد.
34
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، به‌دوای ڕێگای یارۆڤعام كه‌وت و هه‌مان گوناهی ئه‌وی كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
  1. a. 15‏:2 ئه‌ڤیشالۆم: جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی ناوی ئه‌بشالۆم، لێره‌ و له‌ ئایه‌تی 10.