عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌یامی ئاحییا له‌ دژی یارۆڤعام 
1
له‌و كاته‌دا ئه‌بیای كوڕی یارۆڤعام نه‌خۆش كه‌وت.
2
یارۆڤعام به‌ ژنه‌كه‌ی گوت: «هه‌سته‌ و شێوه‌ی خۆت بگۆڕه‌ هه‌تا نه‌زانن كه‌ تۆ ژنی یارۆڤعامیت و بڕۆ بۆ شیلۆ، ئه‌وه‌تا له‌وێ ئاحییا پێغه‌مبه‌ری لێیه‌، ئه‌و ده‌رباره‌ی من گوتی كه‌ ده‌بمه‌ پاشای ئه‌م گه‌له‌.
3
له‌گه‌ڵ ده‌ستت ده‌ نان و هه‌ندێك كێك و گۆزه‌یه‌ك هه‌نگوین ببه‌ و بڕۆ لای، ئه‌و پێت ڕاده‌گه‌یه‌نێت كوڕه‌كه‌ چی لێدێت.»
4
ژنه‌كه‌ی یارۆڤعامیش به‌و جۆره‌ی كرد و هه‌ستا و چوو بۆ شیلۆ، چوو بۆ ماڵی ئاحییا.
ئاحییاش نه‌یده‌توانی ببینێت، چونكه‌ به‌هۆی پیرییه‌وه‌ چاوه‌كانی كز ببوون.
5
یه‌زدانیش به‌ ئاحییای فه‌رموو: «ئه‌وه‌تا ژنه‌كه‌ی یارۆڤعام دێته‌ لات هه‌تا شتێكت له‌باره‌ی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ لێ بپرسێت، چونكه‌ نه‌خۆشه‌. تۆش ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ی پێ بڵێ، كه‌ دێته‌ ژووره‌وه‌ش شێوه‌ی خۆی گۆڕیوه‌.»
6
ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئاحییا گوێی له‌ ده‌نگی پێی بوو له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ ده‌هاته‌ ژووره‌وه‌، گوتی: «ژنه‌كه‌ی یارۆڤعام وه‌ره‌ ژووره‌وه‌. بۆچی وا شێوه‌ی خۆتت گۆڕیوه‌؟ من نێردراوی هه‌واڵێكی ناخۆشم بۆ تۆ.
7
بڕۆ و به‌ یارۆڤعام بڵێ: یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”له‌نێو گه‌ل پایه‌به‌رزم كردیت و تۆم كرده‌ فه‌رمانڕه‌وای ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌م.
8
پاشایه‌تییه‌كه‌م له‌ بنه‌ماڵه‌ی داود سه‌نده‌وه‌ و دامه‌ تۆ، تۆش وه‌ك داودی به‌نده‌م نه‌بوویت، ئه‌وه‌ی كاری به‌ ڕاسپارده‌كانم كرد و ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو دڵییه‌وه‌ دوام كه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاومدا ڕاسته‌ بیكات.
9
به‌ڵام تۆ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش خۆت زیاتر خراپه‌ت كرد و چوویت خودای دیكه‌ت له‌گه‌ڵ بته‌ داڕێژراوه‌كان بۆ خۆتت دروستكرد، هه‌تا په‌ستم بكه‌یت، منیشت پشتگوێ خست.
10
«”له‌به‌ر ئه‌وه‌، بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعام تووشی كاره‌سات ده‌كه‌م و هه‌موو نێرینه‌یه‌كی كۆیله‌ یان ئازادی یارۆڤعام له‌ ئیسرائیل بنبڕ ده‌كه‌م، پاشماوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعام ده‌سووتێنم، هه‌روه‌ك چۆن ته‌پاڵه‌ هه‌تا ته‌واو ده‌بێت ده‌سووتێنرێت.
11
هه‌ركه‌سێكی یارۆڤعام له‌ناو شار بمرێت سه‌گ ده‌یخوات و هه‌ركه‌سێكیش له‌ ده‌شتوده‌ر بمرێت باڵنده‌ی ئاسمان ده‌یخوات. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌!“
12
«تۆش هه‌سته‌ و بگه‌ڕێوه‌ ماڵه‌كه‌ت، كه‌ پێ ده‌خه‌یته‌ ناو شاره‌كه‌ كوڕه‌كه‌ت ده‌مرێت.
13
هه‌موو ئیسرائیلیش شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن و ده‌ینێژن، چونكه‌ ته‌نها ئه‌م له‌ نه‌وه‌ی یارۆڤعام ده‌چێته‌ ناو گۆڕ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل له‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعام ته‌نها له‌ ئه‌ودا چاكه‌ی بینی.
14
«یه‌زدان خۆی پاشایه‌ك بۆ ئیسرائیل داده‌نێت كه‌ ماڵی یارۆڤعام بنبڕ ده‌كات. ئه‌مه‌ ڕۆژه‌كه‌یه‌! به‌ڵێ، ئه‌مه‌ ڕۆژه‌كه‌یه‌.
15
یه‌زدان له‌ ئیسرائیلیش ده‌دات، وه‌ك قامیشێك كه‌ چۆن له‌ناو ئاو ده‌له‌رێته‌وه‌. ئیسرائیل له‌م زه‌وییه‌ چاكه‌ ڕیشه‌كێش ده‌كات كه‌ داویه‌تییه‌ باوباپیرانیان و بۆ ئه‌وبه‌ری ڕووباری فورات په‌رته‌وازه‌یان ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستوونه‌ ئه‌شێراكانیان[a] دروستكرد و یه‌زدانیان په‌ست كرد.
16
به‌هۆی گوناهه‌كانی یارۆڤعام واز له‌ ئیسرائیلیش ده‌هێنێت، كه‌ گوناهی كرد و وای له‌ ئیسرائیلیش كرد گوناه بكات.»
17
ئینجا ژنه‌كه‌ی یارۆڤعام هه‌ستا و ڕۆیشت، چوو بۆ تیرزه‌. كاتێك گه‌یشته‌ به‌رده‌رگای ماڵ كوڕه‌كه‌ مرد.
18
ناشتیان و هه‌موو ئیسرائیل شیوه‌نی بۆ گێڕا، هه‌روه‌ك یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ی خۆی، ئاحییای پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ فه‌رمووی.
19
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی یارۆڤعامیش كه‌ چۆن جه‌نگاوه‌ و چۆن پاشایه‌تی كردووه‌، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
20
یارۆڤعام بیست و دوو ساڵ پاشایه‌تی كرد، ئینجا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌. ئیتر نادابی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی ڕه‌حه‌ڤه‌عام له‌ یه‌هودا 
21
ڕه‌حه‌ڤه‌عامی كوڕی سلێمان، كه‌ نه‌عمای عه‌مۆنی دایكی بوو، له‌ ته‌مه‌نی چل و یه‌ك ساڵی له‌ یه‌هودا بوو به‌ پاشا. حه‌ڤده‌ ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ئه‌و شاره‌ی یه‌زدان له‌ناو هه‌موو هۆزه‌كانی ئیسرائیل هه‌ڵیبژارد هه‌تا ناوی خۆی تێدا دابنێت.
22
گه‌لی یه‌هوداش له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كارییان كرد، ئینجا به‌و گوناهانه‌ی كه‌ كردیان له‌ باوباپیرانیان زیاتر ئیره‌یی یه‌زدانیان وروژاند.
23
هه‌روه‌ها ئه‌وانیش نزرگه‌ی سه‌ر به‌رزایی و به‌ردی ته‌رخانكراو[b] و ستوونه‌ ئه‌شێراكانیان له‌سه‌ر هه‌ر گردێكی به‌رز و له‌ژێر هه‌ر دارێكی سه‌وز بۆ خۆیان دامه‌زراند.
24
ته‌نانه‌ت پیاوی له‌شفرۆشیش له‌ نزرگه‌كانی خاكه‌كه‌ هه‌بوو، هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌یان كرد كه‌ یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌ده‌رینان.
25
له‌ پێنجه‌مین ساڵی پاشایه‌تی ڕه‌حه‌ڤه‌عام، شیشه‌قی پاشای میسر هێرشی كرده‌ سه‌ر ئۆرشه‌لیم.
26
گه‌نجینه‌كانی په‌رستگای یه‌زدان و كۆشكی پاشا و هه‌رچی هه‌بوو بردی، هه‌موو قه‌ڵغانه‌ زێڕینه‌كانیشی برد، كه‌ سلێمان دروستی كردبوون.
27
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕه‌حه‌ڤه‌عام پاشا له‌ جێی ئه‌وانه‌ قه‌ڵغانی بڕۆنزی دروستكرد و دایه‌ ده‌ستی سه‌ركرده‌ی پاسه‌وانه‌كانی ده‌روازه‌ی كۆشكی شاهانه‌.
28
هه‌ر كاتێك پاشا بۆ په‌رستگای یه‌زدان ده‌چوو، پاسه‌وانه‌كان قه‌ڵغانه‌كانیان هه‌ڵده‌گرت و پاشان ده‌یانگه‌ڕانده‌وه‌ ژووری پاسه‌وانه‌كان.
29
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ڕه‌حه‌ڤه‌عام و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
30
به‌رده‌وام جه‌نگ له‌نێوان ڕه‌حه‌ڤه‌عام و یارۆڤعام هه‌بوو.
31
ئیتر ڕه‌حه‌ڤه‌عام له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌لای ئه‌وان له‌ شاری داود به‌ خاك سپێردرا، نه‌عمای عه‌مۆنی دایكی بوو. ئه‌بیای كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 14‏:15 ستوونه‌ ئه‌شێرا: هێمای خواژنه‌. بڕوانه‌ \+xt یه‌كه‌م پاشایان 11‏:5‏\+xt*‏.
  2. b. 14‏:23 به‌ردی به‌ ستوونی دانراو بۆ په‌رستن. بڕوانه‌ دواوتار 16‏:21‏-22.