عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هاتنی پیاوێكی خودا له‌ یه‌هوداوه‌ 
1
ئه‌وه‌ بوو پیاوێكی خودا به‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان له‌ یه‌هوداوه‌ هاته‌ بێت‌ئێل، یارۆڤعامیش له‌لای قوربانگاكه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو بۆ بخوور سووتاندن.
2
پیاوه‌كه‌ به‌گوێره‌ی فه‌رمایشتی یه‌زدان ڕووه‌و قوربانگاكه‌ هاواری كرد و گوتی: «ئه‌ی قوربانگا! ئه‌ی قوربانگا! یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”كوڕێك له‌ نه‌وه‌ی داود ده‌بێت، ناوی یۆشیایه‌، كاهینانی نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییت له‌سه‌ر سه‌رده‌بڕێت، ئه‌وانه‌ی بخوورت له‌سه‌ر ده‌سووتێنن، ئێسكی مرۆڤیشت له‌سه‌ر ده‌سووتێنرێ.“»
3
هه‌ر له‌و ڕۆژه‌شدا پیاوه‌كه‌ی خودا نیشانه‌یه‌كی دا و گوتی: «ئه‌مه‌ش ئه‌و نیشانه‌یه‌ كه‌ یه‌زدان فه‌رموویه‌تی، قوربانگاكه‌ شه‌ق ده‌بات و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی سه‌ریشی په‌رشوبڵاو ده‌بێته‌وه‌.»
4
كاتێك یارۆڤعامی پاشا گوێی له‌ قسه‌ی پیاوه‌كه‌ی خودا بوو، كه‌ له‌ بێت‌ئێل ڕووه‌و قوربانگاكه‌ كردی، یارۆڤعام له‌ قوربانگاكه‌وه‌ ده‌ستی درێژكرد و گوتی: «بیگرن!» به‌ڵام ئه‌و ده‌سته‌ی كه‌ ڕووه‌و ئه‌و درێژی كرد وشك بوو، نه‌یتوانی بیكێشێته‌وه‌.
5
قوربانگاكه‌ش شه‌قی برد و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی سه‌ری په‌رشوبڵاو بووه‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و نیشانه‌یه‌ی پیاوه‌كه‌ی خودا به‌گوێره‌ی فه‌رمایشتی یه‌زدان ئاماژه‌ی كرد.
6
ئینجا پاشا به‌ پیاوه‌كه‌ی خودای گوت: «تكایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر یه‌زدانی خوداكه‌ت بپاڕێوه‌ و له‌ پێناوی من نزا بكه‌ هه‌تا ده‌ستم چاك بێته‌وه‌.» پیاوه‌كه‌ی خوداش له‌ به‌رامبه‌ر یه‌زدان پاڕایه‌وه‌، ده‌ستی پاشا وه‌ك جاری جاران چاك بووه‌وه‌.
7
پاشا به‌ پیاوه‌كه‌ی خودای گوت: «له‌گه‌ڵم وه‌ره‌ ماڵه‌وه‌، پشوو بده‌ و پاداشتیشت ده‌ده‌مێ.»
8
پیاوه‌كه‌ی خوداش به‌ پاشای گوت: «ئه‌گه‌ر نیوه‌ی ماڵه‌كه‌شتم بده‌یتێ، له‌گه‌ڵت نایه‌م، له‌م شوێنه‌ نان ناخۆم و ئاو ناخۆمه‌وه‌،
9
چونكه‌ به‌گوێره‌ی فه‌رمایشتی یه‌زدان به‌م جۆره‌ فه‌رمانم پێكراوه‌: ”نه‌ نان بخۆ و نه‌ ئاو بخۆوه‌ و نه‌ به‌و ڕێگایه‌شدا بگه‌ڕێوه‌ كه‌ پێیدا چوویت.“»
10
ئینجا به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌دا ڕۆیشت و به‌و ڕێگایه‌دا نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ پێیدا هاته‌ بێت‌ئێل.
11
پێغه‌مبه‌رێكی پیر هه‌بوو له‌ بێت‌ئێل ده‌ژیا، كوڕه‌كانی هاتن و هه‌موو ئه‌و كاره‌یان بۆ گێڕایه‌وه‌ كه‌ پیاوه‌كه‌ی خودا له‌و ڕۆژه‌دا له‌ بێت‌ئێل كردی، ئه‌و قسانه‌ش كه‌ به‌ پاشای گوتبوو، بۆ باوكیان گێڕایه‌وه‌.
12
باوكیشیان لێی پرسین: «به‌ كام ڕێگادا ڕۆیشت؟» كوڕه‌كانی ئه‌و ڕێگایه‌یان پیشان دا كه‌ پیاوه‌كه‌ی خودا ئه‌وه‌ی له‌ یه‌هوداوه‌ هاتبوو پێدا ڕۆیشتبوو.
13
ئینجا به‌ كوڕه‌كانی گوت: «گوێدرێژه‌كه‌م بۆ كورتان بكه‌ن.» ئه‌وانیش گوێدرێژه‌كه‌یان بۆ كورتان كرد و سواری بوو.
14
له‌دوای پیاوه‌كه‌ی خودا ڕۆیشت و دۆزییه‌وه‌ له‌ژێر دار به‌ڕووێكدا دانیشتبوو، پێی گوت: «ئایا تۆ پیاوه‌كه‌ی خودایت، ئه‌وه‌ی له‌ یه‌هوداوه‌ هاتووه‌؟»
ئه‌ویش گوتی: «به‌ڵێ ئه‌وم.»
15
پێی گوت: «له‌گه‌ڵم وه‌ره‌ ماڵه‌وه‌ و نان بخۆ.»
16
پیاوه‌كه‌ی خوداش گوتی: «ناتوانم له‌گه‌ڵت بگه‌ڕێمه‌وه‌ و له‌گه‌ڵت نایه‌مه‌ ژووره‌وه‌، له‌م شوێنه‌ له‌گه‌ڵت نان ناخۆم و ئاو ناخۆمه‌وه‌،
17
چونكه‌ به‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان پێم گوتراوه‌: ”له‌وێدا نان مه‌خۆ و ئاو مه‌خۆوه‌ و به‌و ڕێگایه‌دا مه‌گه‌ڕێوه‌ كه‌ پێدا ڕۆیشتی.“»
18
ئه‌ویش پێی گوت: «هه‌روه‌ها منیش وه‌ك تۆ پێغه‌مبه‌رم و فریشته‌یه‌ك به‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و فه‌رمووی: ”له‌گه‌ڵ خۆتدا بیبه‌ ماڵه‌كه‌ت هه‌تا نان بخوات و ئاو بخواته‌وه‌.“» به‌مه‌ درۆی له‌گه‌ڵ كرد.
19
پیاوه‌كه‌ی خوداش له‌گه‌ڵی گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌ ماڵه‌كه‌ی نانی خوارد و ئاوی خوارده‌وه‌.
20
له‌ كاتێكدا كه‌ له‌سه‌ر خوانه‌كه‌ دانیشتبوون، ئه‌وه‌ بوو فه‌رمایشتی یه‌زدان هات بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی كه‌ گه‌ڕاندییه‌وه‌.
21
بانگی پیاوه‌كه‌ی خودای كرد، ئه‌وه‌ی له‌ یه‌هوداوه‌ هاتبوو، گوتی: «یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی فه‌رمایشتی یه‌زدانت كرد و كارت به‌و فه‌رمانه‌ت نه‌كرد كه‌ یه‌زدانی خوداكه‌ت فه‌رمانی پێ كردیت،
22
گه‌ڕایته‌وه‌ و نانت خوارد و ئاوت خوارده‌وه‌ له‌و شوێنه‌ی كه‌ پێت گوترا نان و ئاوی لێ مه‌خۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ لاشه‌كه‌ت ناچێته‌ ناو گۆڕی باوباپیرانت.“»
23
پاش ئه‌وه‌ی پیاوه‌كه‌ی خودا خواردی و خواردیه‌وه‌، ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی كه‌ گه‌ڕاندبوویه‌وه‌، گوێدرێژه‌كه‌ی بۆ كورتان كرد.
24
جا ڕۆیشت و له‌ ڕێگا شێرێكی لێ په‌یدا بوو، كوشتی. لاشه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ كه‌وتبوو، گوێدرێژ و شێره‌كه‌ش له‌لای لاشه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون.
25
له‌و كاته‌دا چه‌ند پیاوێك تێپه‌ڕین و بینییان لاشه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ كه‌وتووه‌ و شێره‌كه‌ش له‌لای لاشه‌كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌، ئینجا چوون و ئه‌و هه‌واڵه‌یان له‌و شاره‌دا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ره‌ پیره‌كه‌ تێیدا ده‌ژیا.
26
كاتێك ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی كه‌ ئه‌وی گه‌ڕانده‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ بیستی، گوتی: «ئه‌وه‌ پیاوه‌كه‌ی خودایه‌ كه‌ سه‌رپێچی فه‌رمایشتی یه‌زدانی كرد. یه‌زدانیش دایه‌ ده‌ستی شێر و په‌لاماری دا و كوشتی، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووی ئاوای به‌سه‌رهات.»
27
ئینجا به‌ كوڕه‌كانی گوت: «گوێدرێژه‌كه‌م بۆ كورتان بكه‌ن.» ئه‌وانیش كورتانیان كرد.
28
چوو و لاشه‌كه‌ی بینییه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ كه‌وتبوو، گوێدرێژه‌كه‌ و شێره‌كه‌ش له‌لای لاشه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون. شێره‌كه‌ لاشه‌كه‌ی نه‌خواردبوو، په‌لاماری گوێدرێژه‌كه‌شی نه‌دابوو.
29
پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ لاشه‌ی پیاوه‌كه‌ی خودای هه‌ڵگرت و خستییه‌ سه‌ر گوێدرێژه‌كه‌ و بردییه‌وه‌، پێغه‌مبه‌ره‌ پیره‌كه‌ هاته‌ ناو شاره‌كه‌وه‌ هه‌تا بینێژێت و پرسه‌ی بۆ بگرێت.
30
ئینجا لاشه‌كه‌ی خسته‌ ناو گۆڕه‌كه‌ی خۆی، شیوه‌نیان بۆ گێڕا و گوتیان: «ئای براكه‌م!»
31
پاش ئه‌وه‌ی كه‌ ناشتیان، قسه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی كرد و گوتی: «كه‌ مردم له‌و گۆڕه‌دا بمنێژن كه‌ پیاوه‌كه‌ی خودای تێدا نێژرا، ئێسكه‌كانم له‌ته‌نیشت ئێسكه‌كانی ئه‌و دابنێن،
32
چونكه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌و په‌یامه‌ دێته‌ دی، كه‌ به‌پێی فه‌رمایشتی یه‌زدان ڕووه‌و قوربانگاكه‌ی بێت‌ئێل و ڕووه‌و هه‌موو نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی كردی، ئه‌وانه‌ی له‌ شارۆچكه‌كانی سامیره‌دان.»
33
ته‌نانه‌ت له‌دوای ئه‌م ڕووداوه‌ش، یارۆڤعام له‌ ڕێگا خراپه‌كه‌ی پاشگه‌ز نه‌بووه‌وه‌، به‌ڵكو دووباره‌ له‌ هه‌موو لایه‌كی گه‌له‌وه‌ خه‌ڵكی كرده‌ كاهینی نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی، هه‌ركه‌سێك ده‌یویست ببێته‌ كاهین، ئه‌ركی پێ ده‌سپارد و ده‌بووه‌ یه‌كێك له‌ كاهینانی نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی.
34
ئه‌مه‌ بووه‌ گوناه بۆ بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعام، بووه‌ هۆی وێرانبوون و له‌ناوچوونیان له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی.