عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یاخیبوونی ئیسرائیل له‌ دژی ڕه‌حه‌ڤه‌عام 
1
ڕه‌حه‌ڤه‌عام چوو بۆ شه‌خه‌م، چونكه‌ هه‌موو ئیسرائیل چووبوونه‌ ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌نه‌ پاشا.
2
یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م سلێمان پاشا هه‌ڵاتبوو هێشتا له‌ میسر بوو، به‌ڵام كاتێك ئه‌مه‌ی بیست، له‌ میسره‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌.
3
پاشان به‌دوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و ته‌واوی كۆمه‌ڵه‌ی ئیسرائیل چوونه‌ لای ڕه‌حه‌ڤه‌عام و پێیان گوت:
4
«باوكت نیره‌كه‌ی[a] ئێمه‌ی قورس كرد، به‌ڵام ئێستا تۆ له‌ ئه‌ركه‌ سه‌خته‌كه‌ی باوكت و له‌ نیره‌ قورسه‌كه‌ی ئێمه‌ سووك بكه‌ره‌وه‌، ئێمه‌ش خزمه‌تت ده‌كه‌ین.»
5
ڕه‌حه‌ڤه‌عامیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «بڕۆن و پاش سێ ڕۆژی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ لام.» گه‌لیش ڕۆیشتن.
6
ئینجا ڕه‌حه‌ڤه‌عام پاشا ڕاوێژی به‌و پیرانه‌ كرد كه‌ له‌ خزمه‌تی سلێمانی باوكیدا بوون كاتێك له‌ ژیاندا بوو، لێی پرسین: «ته‌گبیرتان چییه‌، چۆن وه‌ڵامی ئه‌م گه‌له‌ بده‌مه‌وه‌؟»
7
ئه‌وانیش قسه‌یان له‌گه‌ڵی كرد و گوتیان: «ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ببیته‌ خزمه‌تكاری ئه‌م گه‌له‌، خزمه‌تیان بكه‌یت و ڕازییان بكه‌یت و قسه‌ی چاكیان له‌گه‌ڵ بكه‌یت، ئه‌وا بۆ هه‌میشه‌ ده‌بنه‌ به‌نده‌ی تۆ.»
8
به‌ڵام ڕه‌حه‌ڤه‌عام ڕاوێژی پیره‌كانی پشتگوێ خست كه‌ پێیان دا و ڕاوێژی به‌و گه‌نجانه‌ كرد كه‌ له‌گه‌ڵی گه‌وره‌ ببوون و خزمه‌تیان ده‌كرد.
9
لێی پرسین: «ئێوه‌ ڕاتان چییه‌؟ به‌ چی وه‌ڵامی ئه‌م گه‌له‌ بده‌ینه‌وه‌، كه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووم و گوتیان: ”ئه‌و نیره‌ی باوكت كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ی داناوه‌ سووكی بكه‌ره‌وه‌“؟»
10
ئه‌و گه‌نجانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی گه‌وره‌ ببوون، وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «ئه‌و گه‌له‌ی كه‌ پێیان گوتی: ”باوكت نیره‌كه‌ی ئێمه‌ی قورس كردووه‌، به‌ڵام تۆ نیره‌كه‌مان له‌سه‌ر سووك بكه‌،“ تۆ پێیان بڵێ: ”په‌نجه‌ تووته‌م له‌ كه‌مه‌ری باوكم ئه‌ستوورتره‌.
11
باوكم به‌ نیرێكی قورس باری كردوون، ئێستاش من زیاتر ده‌خه‌مه‌ سه‌ر نیره‌كه‌تان. باوكم به‌ قامچی ته‌مبێی كردوون، من به‌ دووپشك ته‌مبێتان ده‌كه‌م.“»
12
له‌ ڕۆژی سێیه‌م یارۆڤعام و هه‌موو گه‌ل هاتنه‌ لای ڕه‌حه‌ڤه‌عام، هه‌روه‌ك پاشا پێی گوتبوون: «له‌پاش سێ ڕۆژی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ لام.»
13
پاشا به‌ توندی وه‌ڵامی گه‌لی دایه‌وه‌، ڕاوێژی پیره‌كانی پشتگوێ خست كه‌ بۆیان كرد،
14
به‌پێی ئامۆژگاری گه‌نجه‌كان قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و گوتی: «باوكم نیره‌كه‌ی ئێوه‌ی قورس كرد، منیش نیره‌كه‌تان قورستر ده‌كه‌م؛ باوكم به‌ قامچی ته‌مبێی كردن، من به‌ دووپشك ته‌مبێتان ده‌كه‌م.»
15
پاشا گوێی له‌ گه‌ل نه‌گرت، ئه‌مه‌ به‌ ویستی یه‌زدان بوو، هه‌تا فه‌رمایشته‌كه‌ی بهێنێته‌ دی، ئه‌وه‌ی یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی ئاحییای شیلۆنی به‌ یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤاتی فه‌رمووبوو.
16
كاتێك هه‌موو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نه‌گرتن، گه‌ل وه‌ڵامی پاشایان دایه‌وه‌:
«چ به‌شێكمان له‌گه‌ڵ داود هه‌یه‌،
چ میراتێك له‌ كوڕی یه‌سا؟
ئه‌ی ئیسرائیل، بگه‌ڕێنه‌وه‌ چادره‌كانتان!
ئه‌ی داود، ته‌ماشای ماڵه‌كه‌ت بكه‌!»
ئیتر ئیسرائیلییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ چادره‌كانیان.
17
به‌ڵام ڕه‌حه‌ڤه‌عام هێشتا پاشایه‌تی ده‌كرد به‌سه‌ر ئه‌و ئیسرائیلییانه‌ی له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا نیشته‌جێ بوون.
18
ڕه‌حه‌ڤه‌عام پاشا ئه‌دۆنیرامی نارد، ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری كاری بێگاری بوو، به‌ڵام هه‌موو ئیسرائیل به‌ردبارانیان كرد و مرد. ئیتر ڕه‌حه‌ڤه‌عام پاشا پێڕاگه‌یشت كه‌ سواری گالیسكه‌كه‌ی بێت و به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم هه‌ڵبێت.
19
به‌و شێوه‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ ئیسرائیل له‌ بنه‌ماڵه‌ی داود یاخی بوون.
20
كاتێك هه‌موو ئیسرائیل بیستیان كه‌ یارۆڤعام گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هێنایانه‌ ئه‌نجومه‌ن و كردیانه‌ پاشای هه‌موو ئیسرائیل. كه‌سیش دوای ماڵی داود نه‌كه‌وت، ته‌نها هۆزی یه‌هودا نه‌بێت.
21
كاتێك ڕه‌حه‌ڤه‌عام گه‌یشته‌ ئۆرشه‌لیم، هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا و هۆزی بنیامینی كۆكرده‌وه‌، سه‌د و هه‌شتا هه‌زار جه‌نگاوه‌ری هه‌ڵبژارد، هه‌تا له‌ دژی ئیسرائیل بجه‌نگن و پاشایه‌تییه‌كه‌ بۆ ڕه‌حه‌ڤه‌عامی كوڕی سلێمان بگه‌ڕێننه‌وه‌.
22
به‌ڵام په‌یامی خودا بۆ شه‌مه‌عیای پیاوی خودا هات:
23
«به‌ ڕه‌حه‌ڤه‌عامی كوڕی سلێمان، پاشای یه‌هودا و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا و بنیامین و به‌ پاشماوه‌ی گه‌ل بڵێ،
24
”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: مه‌چن و له‌ دژی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی براتان مه‌جه‌نگن. هه‌ریه‌كه‌ و بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن منه‌وه‌یه‌.“» ئه‌وانیش گوێڕایه‌ڵی فه‌رمایشتی یه‌زدان بوون و به‌گوێره‌ی فه‌رمانی یه‌زدان گه‌ڕانه‌وه‌.
گوێره‌كه‌ زێڕینه‌كانی بێت‌ئێل و دان 
25
ئینجا یارۆڤعام شارۆچكه‌ی شه‌خه‌می ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایمی كرده‌ شارێكی قه‌ڵابه‌ند و تێیدا نیشته‌جێ بوو، له‌وێشه‌وه‌ په‌نیێلی نۆژه‌ن كرده‌وه‌.
26
یارۆڤعام له‌ دڵی خۆیدا گوتی: «ئێستا پاشایه‌تییه‌كه‌ بۆ ماڵی داود ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.»
27
ئه‌گه‌ر ئه‌م گه‌له‌ سه‌ربكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زدان، له‌ ئۆرشه‌لیم قوربانی پێشكه‌ش بكه‌ن، دڵی ئه‌م گه‌له‌ بۆ گه‌وره‌كه‌یان ده‌بێت، ڕه‌حه‌ڤه‌عامی پاشای یه‌هودا، منیش ده‌كوژن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای ئه‌و.
28
پاش ڕاوێژكردن پاشا دوو گوێره‌كه‌ی زێڕینی دروستكرد و به‌ گه‌لی گوت: «ئه‌ی ئیسرائیل، بۆ ئێوه‌ زه‌حمه‌ته‌ سه‌ربكه‌ونه‌ ئۆرشه‌لیم. ئه‌وه‌تا خوداوه‌نده‌كانت، ئه‌وانه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌ریانهێنایت.»
29
ئینجا یه‌كێكیانی له‌ بێت‌ئێل دانا و ئه‌وی دیكه‌یان له‌ دان.
30
ئه‌م كاره‌ش بووه‌ گوناه. گه‌ل بۆ په‌رستن ده‌چوونه‌ بێت‌ئێل و هه‌تا دانیش ده‌چوون بۆ په‌رستنی ئه‌وه‌ی دیكه‌.
31
یارۆڤعام نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییشی دروستكرد، له‌ هه‌موو لایه‌كی گه‌له‌وه‌ خه‌ڵكی كرده‌ كاهین، هه‌رچه‌نده‌ له‌ نه‌وه‌ی لێڤیش نه‌بوون.
32
ڕۆژی پازده‌ی مانگی هه‌شتی كرده‌ جه‌ژن، هه‌روه‌ك ئه‌و جه‌ژنه‌ی له‌ یه‌هودا هه‌بوو، قوربانی سه‌رخسته‌ سه‌ر قوربانگاكه‌. به‌م جۆره‌ی كرد له‌ بێت‌ئێل، قوربانی بۆ ئه‌و دوو گوێره‌كه‌یه‌ سه‌ربڕی كه‌ دروستی كردن، هه‌روه‌ها له‌ بێت‌ئێل كاهینانی ڕاگرت بۆ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی كه‌ دروستی كردبوون.
33
له‌ پازده‌ی مانگی هه‌شت، له‌و مانگه‌ی كه‌ خۆی بۆ خۆی دایهێنابوو قوربانی سه‌رخسته‌ سه‌ر قوربانگاكه‌ كه‌ له‌ بێت‌ئێل دروستی كردبوو. جه‌ژنی بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل دانا و بۆ بخوور سووتاندن سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر قوربانگا.
  1. a. 12‏:4 مه‌به‌ستی له‌ بارگرانییه‌.