عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یاخیبوونی ئیسرائیل لە دژی ڕەحەڤەعام 
1
ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا.
2
یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست، لە میسرەوە گەڕایەوە.
3
پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و تەواوی کۆمەڵەی ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت:
4
«باوکت نیرەکەی[a] ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.»
5
ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «بڕۆن و پاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن.
6
ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟»
7
ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لە ئەمڕۆوە ببیتە خزمەتکاری ئەم گەلە، خزمەتیان بکەیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.»
8
بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد.
9
لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان: ”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە“؟»
10
ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی: ”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە،“ تۆ پێیان بڵێ: ”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە.
11
باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان. باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“»
12
لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.»
13
پاشا بە توندی وەڵامی گەلی دایەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە بۆیان کرد،
14
بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم؛ باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.»
15
پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی یەزدان بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو.
16
کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە:
«چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە،
چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟
ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان!
ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!»
ئیتر ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان.
17
بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون.
18
ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام هەموو ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت.
19
بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون.
20
کاتێک هەموو ئیسرائیل بیستیان کە یارۆڤعام گەڕاوەتەوە، هێنایانە ئەنجومەن و کردیانە پاشای هەموو ئیسرائیل. کەسیش دوای ماڵی داود نەکەوت، تەنها هۆزی یەهودا نەبێت.
21
کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، هەموو بنەماڵەی یەهودا و هۆزی بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بگەڕێننەوە.
22
بەڵام پەیامی خودا بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:
23
«بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و هەموو بنەماڵەی یەهودا و بنیامین و بە پاشماوەی گەل بڵێ،
24
”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی نەوەی ئیسرائیلی براتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان گەڕانەوە.
گوێرەکە زێڕینەکانی بێت‌ئێل و دان 
25
ئینجا یارۆڤعام شارۆچکەی شەخەمی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمی کردە شارێکی قەڵابەند و تێیدا نیشتەجێ بوو، لەوێشەوە پەنیێلی نۆژەن کردەوە.
26
یارۆڤعام لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئێستا پاشایەتییەکە بۆ ماڵی داود دەگەڕێتەوە.
27
ئەگەر ئەم گەلە سەربکەون بۆ ئەوەی لە پەرستگای یەزدان، لە ئۆرشەلیم قوربانی پێشکەش بکەن، دڵی ئەم گەلە بۆ گەورەکەیان دەبێت، ڕەحەڤەعامی پاشای یەهودا، منیش دەکوژن و دەگەڕێنەوە لای ئەو.»
28
پاش ڕاوێژکردن پاشا دوو گوێرەکەی زێڕینی دروستکرد و بە گەلی گوت: «ئەی ئیسرائیل، بۆ ئێوە زەحمەتە سەربکەونە ئۆرشەلیم. ئەوەتا خوداوەندەکانتان، ئەوانەی ئێوەیان لە خاکی میسر دەرهێنا.»
29
ئینجا یەکێکیانی لە بێت‌ئێل دانا و ئەوی دیکەیان لە دان.
30
ئەم کارەش بووە گوناه. گەل بۆ پەرستنی یەکێکیان دەچوونە بێت‌ئێل و هەتا دانیش دەچوون بۆ پەرستنی ئەوەی دیکە.
31
یارۆڤعام نزرگەکانی سەر بەرزاییشی دروستکرد، لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهین، هەرچەندە لە نەوەی لێڤیش نەبوون.
32
ڕۆژی پازدەی مانگی هەشتی کردە جەژن، هەروەک ئەو جەژنەی لە یەهودا هەبوو، قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە. بەم جۆرەی کرد لە بێت‌ئێل، قوربانی بۆ ئەو دوو گوێرەکەیە سەربڕی کە دروستی کردن، هەروەها لە بێت‌ئێل کاهینانی ڕاگرت بۆ نزرگەکانی سەر بەرزایی کە دروستی کردبوون.
33
لە پازدەی مانگی هەشت، لەو مانگەی کە خۆی بۆ خۆی دایهێنابوو قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە کە لە بێت‌ئێل دروستی کردبوو. جەژنی بۆ نەوەی ئیسرائیل دانا و بۆ بخوور سووتاندن سەرکەوتە سەر قوربانگا.
  1. a. 12‏:4 مەبەستی لە بارگرانییە.‏