عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یێهوی كوڕی حه‌نانی هات سه‌باره‌ت به‌ به‌عشا:
2
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خۆڵه‌وه‌ تۆم به‌رزكرده‌وه‌ و تۆم كرده‌ فه‌رمانڕه‌وای ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌ی خۆم، به‌ڵام تۆ ڕێچكه‌ی یارۆڤعامت گرته‌به‌ر و وات له‌ ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌ی من كرد گوناه بكه‌ن و به‌ گوناهه‌كانیان په‌ستم بكه‌ن،
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌عشا و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕیشه‌كێش ده‌كه‌م، بنه‌ماڵه‌كه‌ی تۆ وه‌ك بنه‌ماڵه‌كه‌ی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤاتی لێ ده‌كه‌م.
4
هه‌ركه‌سێكی به‌عشا له‌ شار بمرێت سه‌گ ده‌یخوات، ئه‌وه‌شی له‌ كێڵگه‌ بمرێت باڵنده‌ی ئاسمان.»
5
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی به‌عشا، ئه‌وه‌ی كردی و ئه‌و پاڵه‌وانییه‌تییه‌ی كه‌ نواندی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
6
به‌عشا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ تیرزه‌ نێژرا. ئیتر ئێله‌ی كوڕیشی له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
7
هه‌روه‌ها له‌ ڕێگه‌ی یێهو پێغه‌مبه‌ری كوڕی حه‌نانیه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان هات سه‌باره‌ت به‌ به‌عشا و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌هۆی هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان كردبووی، به‌وه‌ی كه‌ به‌ كرده‌وه‌كانی په‌ستی كرد، وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعامی لێهات، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ی یارۆڤعامی له‌ناو برد.
پاشایه‌تی ئێله‌ له‌ ئیسرائیل 
8
له‌ بیست و شه‌شه‌مین ساڵی پاشایه‌تی ئاسا پاشای یه‌هودا، ئێله‌ی كوڕی به‌عشا له‌ تیرزه‌ بوو به‌ پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایه‌تی كرد.
9
زیمری كاربه‌ده‌ستی كه‌ فه‌رمانده‌ی نیوه‌ی گالیسكه‌كانی پاشا بوو، پیلانی له‌ دژی گێڕا. كاتێك ئێله‌ له‌ ماڵی ئه‌رچا بوو له‌ تیرزه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری كۆشكه‌كه‌ی ئه‌و بوو له‌ تیرزه‌، ده‌یخوارده‌وه‌ و سه‌رخۆش بوو،
10
زیمری هاته‌ ژووره‌وه‌ و لێیدا و كوشتی. له‌ بیست و حه‌وته‌مین ساڵی ئاسا پاشای یه‌هودا له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
11
كاتێك بوو به‌ پاشا و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی ئه‌و دانیشت، هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی به‌عشای كوشت. به‌ جۆرێك كه‌ هیچ نێرینه‌یه‌كی له‌ كه‌سوكار و نزیك و دۆستانی نه‌هێشته‌وه‌.
12
زیمری هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی به‌عشای له‌ناوبرد، هه‌روه‌كو فه‌رمایشته‌كه‌ی یه‌زدان كه‌ له‌ ڕێگه‌ی یێهو پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌عشا فه‌رمووبووی.
13
له‌به‌ر هه‌موو گوناهه‌كانی به‌عشا و گوناهه‌كانی ئێله‌ی كوڕی كه‌ كردیان و به‌هۆیانه‌وه‌ وایان له‌ ئیسرائیل كرد گوناه بكه‌ن و به‌ بته‌ پووچه‌كانیان یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل په‌ست بكه‌ن.
14
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ئێله‌ و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
پاشایه‌تی زیمری 
15
له‌ بیست و حه‌وته‌مین ساڵی پاشایه‌تی ئاسا پاشای یه‌هودا، زیمری حه‌وت ڕۆژ له‌ تیرزه‌ بوو به‌ پاشا، سوپاش گه‌مارۆی گیبه‌تۆنی فه‌له‌ستییه‌كانیان دابوو.
16
كاتێك ئه‌و ئیسرائیلییانه‌ی كه‌ گه‌مارۆی گیبه‌تۆنیان دابوو بیستیان گوترا زیمری پیلانی گێڕاوه‌ و پاشاشی كوشتووه‌، هه‌موویان هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا له‌ناو ئۆردوگاكه‌ جاڕیان دا و عۆمریی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپایان كرده‌ پاشای ئیسرائیل.
17
ئینجا عۆمری و هه‌موو ئیسرائیل له‌گه‌ڵی له‌ گیبه‌تۆنه‌وه‌ كشانه‌وه‌ و تیرزه‌یان گه‌مارۆ دا.
18
ئه‌وه‌ بوو كه‌ زیمری بینی شاره‌كه‌ گیرا، چووه‌ ناو قه‌ڵای كۆشكی پاشا، كۆشكی پاشای به‌ ئاگر به‌سه‌ر خۆیدا سووتاند و مرد،
19
ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و گوناهانه‌وه‌ بوو كه‌ كردی، به‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، به‌دوای ڕێگای یارۆڤعام كه‌وت و هه‌مان گوناهی ئه‌وی كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
20
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی زیمری و ئه‌و پیلانه‌ی كه‌ گێڕای له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
پاشایه‌تی عۆمری 
21
له‌و كاته‌دا گه‌لی ئیسرائیل بووه‌ دوو به‌ش، نیوه‌ی گه‌ل به‌دوای تیڤنی كوڕی گینه‌ته‌وه‌ بوون هه‌تا بیكه‌نه‌ پاشا، نیوه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌دوای عۆمرییه‌وه‌ بوون.
22
ئه‌و نیوه‌یه‌ی گه‌ل كه‌ به‌دوای عۆمرییه‌وه‌ بوون زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و نیوه‌یه‌ی كه‌ به‌دوای تیڤنی كوڕی گینه‌ته‌وه‌ بوون، جا تیڤنی كوژرا و عۆمری بوو به‌ پاشا.
23
له‌ سی و یه‌كه‌مین ساڵی پاشایه‌تی ئاسا پاشای یه‌هودا عۆمری بوو به‌ پاشای ئیسرائیل، بۆ ماوه‌ی دوازده‌ ساڵ پاشایه‌تی كرد، شه‌ش ساڵ له‌ تیرزه‌ بوو.
24
ئینجا چیای سامیره‌ی له‌ شه‌مه‌ر به‌ دوو تالنت زیو[a] كڕی و ده‌ستی به‌ بنیادنان كرد له‌ چیاكه‌، ئه‌و شاره‌ی كه‌ بنیادی نا، ناوی لێنا سامیره‌ به‌ ناوی شه‌مه‌ری خاوه‌نی چیای سامیره‌وه‌.
25
عۆمریش له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش خۆی زیاتر خراپه‌ی كرد.
26
به‌دوای ڕێگای یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات كه‌وت و هه‌مان گوناهی ئه‌وی كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات، به‌ په‌ستكردنی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل به‌ بته‌ پووچه‌كانیان.
27
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی عۆمری و ئه‌وه‌ی كردی و ئه‌و پاڵه‌وانییه‌تییه‌ی كه‌ نواندی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
28
عۆمری له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ سامیره‌ نێژرا. ئیتر ئه‌حاڤی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
ده‌ستپێكی پاشایه‌تی ئه‌حاڤ 
29
ئه‌حاڤی كوڕی عۆمری له‌ سی و هه‌شته‌مین ساڵی پاشایه‌تی ئاسا پاشای یه‌هودا بوو به‌ پاشای ئیسرائیل، بیست و دوو ساڵ له‌ سامیره‌ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
30
ئه‌حاڤی كوڕی عۆمریش له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش خۆی زیاتر له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد.
31
نه‌ك هه‌ر ته‌نها گوناهه‌كانی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤاتی به‌لاوه‌ كه‌م بوو، به‌ڵكو ئیزابێلی كچی ئه‌سبه‌علی پاشای سه‌یدائییه‌كانیشی هێنا و چوو به‌علی په‌رست و كڕنۆشی بۆ برد.
32
له‌ناو په‌رستگای به‌عل قوربانگایه‌كیشی بۆ به‌عل دروستكرد، كه‌ له‌ سامیره‌ بنیادی نابوو.
33
هه‌روه‌ها ئه‌حاڤ ستوونه‌ ئه‌شێرایه‌كی دروستكرد، له‌ هه‌موو پاشاكانی ئیسرائیلیش كه‌ له‌پێش خۆیه‌وه‌ بوون زیاتری كرد بۆ په‌ستكردنی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل.
34
له‌ سه‌رده‌می ئه‌حاڤ حیێلی بێت‌ئێلی ئه‌ریحای بنیاد نایه‌وه‌، بناغه‌كه‌ی به‌ ئه‌بیرامی كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی دانا، ده‌رگاكانیشی به‌ سگوڤی كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ی چه‌قاند، هه‌روه‌ك چۆن فه‌رمایشتی یه‌زدان له‌سه‌ر زاری یه‌شوعی كوڕی نون فه‌رمووبووی.
  1. a. 16‏:24 دوو تالنت: نزیكه‌ی 70 كیلۆگرام.