عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یاخیبوونی ئەدۆنیا 
1
داودی پاشا پیر بوو و تەمەنی گەورە بوو، هەرچەندە بە جلوبەرگ دایاندەپۆشی گەرم نەدەبووەوە.
2
ئینجا خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «با بەدوای کچێکی پاکیزەدا بگەڕێین و بیهێنین بۆ پاشای گەورەمان، تاکو خزمەتی پاشا بکات و بایەخی پێبدات، لە باوەشیدا پاڵ بکەوێت، هەتا پاشای گەورەمان گەرم بێتەوە.»
3
ئینجا لە هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل بەدوای کچێکی جواندا گەڕان، ئەبیشەگی شونێمییان دۆزییەوە و بۆ پاشایان هێنا.
4
کچەکە زۆر جوان بوو، چاودێری پاشای دەکرد و خزمەتی دەکرد، بەڵام پاشا لەگەڵی جووت نەبوو.
5
ئەدۆنیای کوڕی داود کە لە حەگیسی ژنی بوو، ڕاست بووەوە و گوتی: «من دەبمە پاشا.» گالیسکە و ئەسپ سواری بۆ خۆی ئامادە کرد، لەگەڵ پەنجا پیاو کە لەپێشیەوە ڕایاندەکرد.
6
باوکی هیچ کاتێک سەرزەنشتی نەکردبوو و پێی بڵێت: «بۆچی وات کردووە؟» هەروەها زۆر قۆز بوو. لەدوای ئەبشالۆم لەدایک ببوو.
7
ئەدۆنیا لەگەڵ یۆئابی کوڕی چەرویا و ئەبیاتاری کاهین قسەی کرد، ئەوانیش پشتگیرییان کرد.
8
بەڵام سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و ناتانی پێغەمبەر و شیمعی و ڕێعی و پاڵەوانەکانی داود، لەگەڵ ئەدۆنیا نەبوون.
9
ئیتر ئەدۆنیا لەلای بەردی زۆحەلەت ئەوەی لەتەنیشتی کانی ڕۆگێلە، مەڕ و مانگا و گوێرەکەی قەڵەوی سەربڕی. هەموو براکانی، واتا کوڕەکانی پاشا، لەگەڵ هەموو پیاوانی یەهودا کە خزمەتکاری پاشا بوون بانگهێشتی کردن.
10
بەڵام ناتانی پێغەمبەر و بەنایا و پاڵەوانەکان و سلێمانی برای بانگهێشت نەکرد.
11
پاشان ناتان بە بەتشەبەعی دایکی سلێمانی گوت: «نەتبیستووە کە ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بووەتە پاشا و داودی گەورەشمان بەمە نازانێت؟
12
ئێستاش وەرە ئامۆژگارییەکی باشت بکەم، تاکو گیانی خۆت و گیانی سلێمانی کوڕت بپارێزیت.
13
بڕۆ ژوورەوە بۆ لای داودی پاشا و پێی بڵێ: ”ئەی پاشای گەورەم، ئایا تۆ سوێندت بۆ کەنیزەکەت نەخوارد و گوتت، کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ ئیتر بۆچی ئەدۆنیا بووەتە پاشا؟“
14
لەو کاتەدا کە تۆ هێشتا لەوێ قسە لەگەڵ پاشا دەکەیت، من لەدوای تۆوە دێمە ژوورە و پشتگیری لە قسەکەت دەکەم.»
15
پاش ئەوە بەتشەبەع چوو بۆ لای پاشا لە ژووری نوستنەکەی، پاشا زۆر پیر ببوو، ئەبیشەگی شونێمیش خزمەتی پاشای دەکرد.
16
بەتشەبەع بەچۆکدا هات و کڕنۆشی بۆ پاشا برد.
پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»
17
ئەویش پێی گوت: «گەورەم تۆ سوێندت بە یەزدانی پەروەردگارت خوارد بۆ کەنیزەکەت و گوتت کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت.
18
ئەی پاشای گەورەم، بەڵام وا ئەدۆنیا بووەتە پاشا، تۆش لەوە بێئاگای.
19
ئەو گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە، هەموو کوڕەکانی پاشا و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپای بانگهێشت کردووە، بەڵام سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە.
20
ئەی پاشای گەورەم، هەموو ئیسرائیل چاوەڕێی تۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەیەنیت کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت.
21
ئەگینا کاتێک پاشای گەورەم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، من و سلێمانی کوڕم بە تاوانبار هەژمارد دەکرێین.»
22
هێشتا ئەو قسەی لەگەڵ پاشا دەکرد، ناتانی پێغەمبەر هات.
23
بە پاشایان ڕاگەیاند و گوتیان: «ناتانی پێغەمبەر لێرەیە.» ئینجا چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.
24
ناتان گوتی: «پاشای گەورەم، ئایا تۆ ڕاتگەیاندووە کە ئەدۆنیا لەپاش تۆ دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟
25
ئەو ئەمڕۆ چووە خوارەوە، گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە. هەموو کوڕانی پاشا و سەرکردەکانی سوپا و ئەبیاتاری کاهینی بانگهێشت کردووە. ئێستا لەبەردەمی ئەو دەخۆن و دەخۆنەوە و دەڵێن: ”بژی ئەدۆنیای پاشا!“
26
بەڵام منی خزمەتکارت و سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە.
27
ئایا ئەم کارە لەلای پاشای گەورەمەوەیە؟ ئەی بە خزمەتکارانی خۆتت نەفەرمووە کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت؟»
داود سلێمان دەکاتە پاشا 
28
داودی پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «بەتشەبەعم بۆ بانگ بکەن.» ئەویش هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.
29
ئینجا پاشا سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی گیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد،
30
ئەمڕۆ هەروەک ئەوە دەکەم کە چۆن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندم بۆ خواردی و گوتم، کە سلێمانی کوڕت لەپاش من دەبێتە پاشا، ئەو لە شوێنی من لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت.»
31
بەتشەبەع سەری دانەواند و کڕنۆشی بۆ پاشا برد و گوتی: «بژی داودی پاشای گەورەم، بۆ هەتاهەتایە!»
32
داودی پاشا گوتی: «سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداعم بۆ بانگ بکەن.» ئەوانیش هاتنە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا.
33
پاشا پێی گوتن: «خزمەتکارەکانی گەورەتان لەگەڵ خۆتان ببەن، سلێمانی کوڕم سواری هێسترەکەی خۆم بکەن و بیبەنە خوارەوە بۆ گیحۆن.
34
با سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر لەوێ وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانی بکەن[a] ، فوو بە کەڕەنادا بکەن و بڵێن: ”بژی سلێمانی پاشا!“
35
ئینجا لەدوای ئەوەوە سەربکەون، ئەویش دێت و لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت، لە شوێنی من دەبێتە پاشا. من فەرمانم داوە ئەو ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل و یەهودا.»
36
بەنایای کوڕی یەهۆیاداع وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «ئامین! با یەزدان، خودای پاشای گەورەم ئەمە بکات.
37
هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ پاشای گەورەم بوو، بەو شێوەیەش لەگەڵ سلێمانیش بێت، تەختەکەشی لە تەختی داودی پاشای گەورەم مەزنتر بکات!»
38
ئیتر سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکان[b] چوونە خوارەوە، سلێمانیان سواری هێسترەکەی داودی پاشا کرد و بردیانە گیحۆن.
39
سادۆقی کاهین قۆچە زەیتەکەی لە چادرەکەوە برد و سلێمانی پێ دەستنیشان کرد، ئینجا فوویان بە کەڕەنادا کرد، هەموو گەل گوتیان: «بژی سلێمانی پاشا!»
40
هەموو گەل لەدوای ئەو سەرکەوتن. گەل شمشاڵیان لێدەدا و زۆر دڵخۆش بوون، زەوی لەبەر دەنگیان دەلەرزی.
41
ئەدۆنیا و هەموو بانگهێشتکراوان، ئەوانەی لەگەڵی بوون، پاش ئەوەی لە خواردن بوونەوە گوێیان لە دەنگی ئەوان بوو. یۆئاب گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و گوتی: «ئەو دەنگە دەنگە چییە لە شارەوە دێت؟»
42
کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاری کاهین هات، ئەدۆنیاش گوتی: «وەرە، چونکە تۆ پیاوێکی چاکیت، دیارە مژدەی خۆشیت هێناوە.»
43
یۆناتانیش وەڵامی دایەوە و بە ئەدۆنیای گوت: «بە پێچەوانەوە! داودی پاشای گەورەمان، سلێمانی کردە پاشا.
44
پاشاش سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکانی لەگەڵ ناردووە، سواری هێسترەکەی پاشایان کردووە.
45
سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەریش لە گیحۆن بە پاشا دەستنیشانیان کردووە[c] ، لەوێشەوە بە خۆشییەوە سەرکەوتوون و شار خرۆشاوە، ئەمە ئەو دەنگەیە کە گوێتان لێی دەبێت.
46
هەروەها سلێمان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانیشتووە.
47
خزمەتکارانی پاشاش بۆ پیرۆزبایی لە داودی پاشای گەورەمان هاتن و گوتیان: ”با خوداکەت ناوی سلێمان لە ناوی تۆ ناودارتر بکات، تەختەکەشی لە تەختەکەی تۆ مەزنتر بکات!“ پاشا لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.
48
پاشا گوتی: ”ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی پێداوم کە لەسەر تەختەکەم دانیشێت و چاوەکانیشم دەیبینێت.“»
49
لێرەدا هەموو ئەوانەی ئەدۆنیا بانگی کردبوون تۆقین و هەستان، هەریەکە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
50
ئەدۆنیاش لە سلێمان ترسا، هەستا و چوو دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت.
51
ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا ئەدۆنیا لە سلێمانی پاشا دەترسێت، دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرتووە و دەڵێت: ”با ئەمڕۆ سلێمانی پاشا سوێندم بۆ بخوات کە خزمەتکارەکەی بە شمشێر ناکوژێت.“»
52
سلێمانیش گوتی: «ئەگەر پیاوێکی چاک بێت، تاڵە مووێکی قژی ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵام ئەگەر خراپەی تێدا بینرا، ئەوا دەکوژرێت.»
53
ئینجا سلێمانی پاشا ناردی و ئەدۆنیایان لە قوربانگاکەوە هێنایە خوارەوە، ئەویش هات و کڕنۆشی بۆ سلێمانی پاشا برد، سلێمانیش پێی گوت: «بڕۆوە ماڵەکەی خۆت.»
  1. a. 1‏:34 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ \+tl مەشیخ‏\+tl* یان \+tl مەشیح‏\+tl*، کە بە واتای چەورکردن بە زەیت دێت وەک دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریێتییەک و پێ سپاردنی لەلایەن خوداوە.‏
  2. b. 1‏:38 کریتییەکان و پەلەتییەکان دوو لەشکری ڕاهێنراو بوون لەسەر مەشقی سەربازی.‏
  3. c. 1‏:45 عیبری: چەوریان کردووە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 12‏:5 و 15‏:1.‏‏