عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سه‌رژمێری بۆ پێكهێنانی سوپا 
1
دووباره‌ تووڕه‌یی یه‌زدان له‌ ئیسرائیل جۆشا و داودی لێ هاندان و فه‌رمووی: «بڕۆ سه‌رژمێری ئیسرائیل و یه‌هودا بكه‌.»
2
پاشا به‌ یۆئاب و به‌و فه‌رماندانه‌ی سوپای گوت كه‌ له‌لای بوون: «ئێستا به‌ناو هه‌موو هۆزه‌كانی ئیسرائیلدا بگه‌ڕێن، له‌ دانه‌وه‌ هه‌تا بیری شابه‌ع، جه‌نگاوه‌ران تۆمار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌یان بزانم.»
3
یۆئابیش به‌ پاشای گوت: «با یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت جه‌نگاوه‌ران سه‌د ئه‌وه‌نده‌ زیاتر بكات و پاشای گه‌وره‌م به‌ چاوی خۆی ئه‌وه‌ ببینێت، به‌ڵام بۆچی پاشای گه‌وره‌م ئه‌م كاره‌ی پێ باشه‌؟»
4
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاشا بڕیاره‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر یۆئاب و سه‌ركرده‌كانی سوپادا سه‌پاند، ئیتر ئه‌وان له‌به‌رده‌م پاشا چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ تاوه‌كو جه‌نگاوه‌رانی ئیسرائیل تۆمار بكه‌ن.
5
دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووباری ئوردون په‌ڕینه‌وه‌، له‌ نزیكی عه‌رۆعێر له‌لای باشووری شارۆچكه‌كه‌ كه‌ له‌ناو ده‌ربه‌نده‌كه‌یه‌ چادریان هه‌ڵدا. پاشان چوونه‌ ناو خاكی گاد و دوای ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام بوون هه‌تا شارۆچكه‌ی یه‌عزێر.
6
پاشان چوونه‌ گلعاد و ناوچه‌ی ته‌حتیم حۆدشی و ئینجا چوونه‌ دان یه‌عه‌ن و سوڕانه‌وه‌ بۆ سه‌یدا.
7
دوای ئه‌وه‌ چوونه‌ قه‌ڵای سور و هه‌موو شارۆچكه‌كانی حیڤی و كه‌نعانییه‌كان. له‌ كۆتاییدا چوونه‌ نه‌قه‌بی یه‌هودا بۆ بیری شابه‌ع.
8
به‌ناو هه‌موو خاكه‌كه‌دا گه‌ڕان و دوای نۆ مانگ و بیست ڕۆژ گه‌ڕانه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.
9
یۆئاب ئه‌نجامی سه‌رژمێرییه‌كه‌ی دایه‌ پاشا: له‌ ئیسرائیل هه‌شت سه‌د هه‌زار پیاوی به‌ توانا له‌ به‌كارهێنانی شمشێر هه‌بوون، له‌ یه‌هوداش پێنج سه‌د هه‌زار هه‌بوون.
10
پاش سه‌رژمێریكردنی گه‌ل، داود تووشی ئازاری ویژدان بوو، به‌ یه‌زدانی گوت: «زۆر گوناهم كرد له‌وه‌ی كه‌ كردم. ئێستاش ئه‌ی یه‌زدان، له‌ تاوانی خزمه‌تكاره‌كه‌ت خۆشبه‌، چونكه‌ ڕه‌فتارێكی زۆر گێلانه‌م كرد.»
11
پێش ئه‌وه‌ی داود به‌یانی له‌ خه‌و هه‌ستێت، فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ گادی پێغه‌مبه‌ر هاتبوو، ئه‌وه‌ی په‌یامی خودای به‌ داود ڕاده‌گه‌یاند، پێی فه‌رمووبوو:
12
«بڕۆ به‌ داود بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من سێ هه‌ڵبژارده‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌مت و تۆش یه‌كێكیان هه‌ڵبژێره‌ هه‌تا جێبه‌جێی بكه‌م له‌سه‌رت.“»
13
ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «ئایا له‌ خاكه‌كه‌تدا سێ ساڵ[a] قاتوقڕیت به‌سه‌ربێت؟ یان سێ مانگ له‌به‌رده‌م دوژمنه‌كانت هه‌ڵبێیت و ئه‌وانیش ڕاوت بنێن؟ یان سێ ڕۆژ ده‌رد له‌ خاكه‌كه‌تدا بڵاو ببێته‌وه‌؟ ئێستا بزانه‌ و ببینه‌، چی وه‌ڵامی خودا بده‌مه‌وه‌ كه‌ منی ناردووه‌.»
14
داودیش به‌ گادی گوت: «زۆر له‌ ته‌نگانه‌دام، با بكه‌وینه‌ ده‌ستی یه‌زدان، چونكه‌ ئه‌و به‌زه‌یی زۆره‌، به‌ڵام با نه‌كه‌وینه‌ ژێر ده‌ستی مرۆڤه‌وه‌.»
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان له‌ به‌یانییه‌وه‌ هه‌تا كاتی دیاریكراو ده‌ردی خسته‌ ناو ئیسرائیله‌وه‌، ئیتر له‌ دانه‌وه‌ هه‌تا بیری شابه‌ع حه‌فتا هه‌زار پیاو مردن.
16
فریشته‌كه‌ ده‌ستی بۆ ئۆرشه‌لیم درێژكرد بۆ ئه‌وه‌ی وێرانی بكات، به‌ڵام یه‌زدان كاره‌ساته‌كه‌ی ڕاگرت، به‌و فریشته‌یه‌ی فه‌رموو كه‌ گه‌لی له‌ناوده‌برد: «به‌سه‌! ئێستا ده‌ست هه‌ڵبگره‌!» له‌و كاته‌دا فریشته‌كه‌ی یه‌زدان له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی ئه‌ره‌ونای یه‌بوسی بوو.
17
كاتێك داود فریشته‌ له‌ناوبه‌ره‌كه‌ی گه‌لی بینی، به‌ یه‌زدانی گوت: «من گوناه و تاوانم كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م مه‌ڕانه‌ چییان كردووه‌؟ تكایه‌ با سزاكه‌ت بۆ من و بنه‌ماڵه‌كه‌م بێت.»
بنیادنانی قوربانگایه‌ك له‌لایه‌ن داوده‌وه‌ 
18
له‌و ڕۆژه‌دا گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «سه‌ربكه‌وه‌ و له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی ئه‌ره‌ونای یه‌بوسی قوربانگایه‌ك بۆ یه‌زدان دابمه‌زرێنه‌.»
19
داودیش به‌پێی قسه‌كه‌ی گاد، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی دابوو سه‌ركه‌وت.
20
كاتێك ئه‌ره‌ونا ته‌ماشای كرد و بینی وا پاشا و خزمه‌تكاره‌كانی دێنه‌ لای، ئه‌ره‌ونا چووه‌ ده‌ره‌وه‌، كڕنۆشی بۆ پاشا برد و سه‌ری خسته‌ سه‌ر زه‌وی.
21
ئه‌ره‌ونا گوتی: «پاشای گه‌وره‌م بۆچی هاتووه‌ بۆ لای خزمه‌تكاره‌كه‌ی؟»
داودیش گوتی: «بۆ ئه‌وه‌ی جۆخینه‌كه‌ت لێ بكڕم تاكو قوربانگایه‌ك بۆ یه‌زدان بنیاد بنێم و ده‌رده‌كه‌ له‌ كۆڵ گه‌ل ببێته‌وه‌.»
22
ئه‌ره‌وناش به‌ داودی گوت: «با پاشای گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه‌ باشه‌ بیبات و بیكاته‌ قوربانی. ته‌ماشا بكه‌. ئه‌وه‌ گا بۆ قوربانی سووتاندن و جه‌نجه‌ڕ و نیری گایه‌كان بۆ دار.
23
ئه‌ی پاشا، ئه‌ره‌ونای خاوه‌نیان هه‌مووی ده‌داته‌ پاشا.» هه‌روه‌ها ئه‌ره‌ونا به‌ پاشای گوت: «یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت لێت ڕازی بێت.»
24
به‌ڵام پاشا به‌ ئه‌ره‌ونای گوت: «نه‌خێر، به‌ڵكو به‌ نرخ له‌ تۆی ده‌كڕم و قوربانی سووتاندنی به‌ خۆڕایی بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم سه‌ر ناخه‌م.»
له‌به‌ر ئه‌وه‌ داود جۆخینه‌كه‌ و گایه‌كانی به‌ په‌نجا شاقل زیو[b] كڕی.
25
داود له‌وێ قوربانگایه‌كی بۆ یه‌زدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبه‌شی سه‌رخست. ئیتر یه‌زدانیش له‌به‌ر خاكه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و ده‌رده‌كه‌ له‌ ئیسرائیل دووركه‌وته‌وه‌.
  1. a. 24‏:13 سێ ساڵ: بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م پوخته‌ی مێژوو 21‏:11‏،12‏\+xt*‏.
  2. b. 24‏:24 په‌نجا شاقل زیو: نزیكه‌ی 0,6 كیلۆگرام.