عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی خوداین 
1
ته‌ماشا بكه‌ن باوك چ خۆشه‌ویستییه‌كی پێداوین، تاكو پێمان بگوترێت ڕۆڵه‌ی خودا! ئێمه‌ش ئاواین! بۆیه‌ جیهان نامانناسێت، چونكه‌ ئه‌وی نه‌ناسیوه‌.
2
خۆشه‌ویستان، ئێستا ڕۆڵه‌ی خوداین و هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ده‌بینه‌ چی. به‌ڵام ده‌زانین كاتێك ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌بین، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌یبینین.
3
هه‌ركه‌سێك ئه‌م هیوایه‌ی به‌و هه‌بێت، خۆی پاك ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و پاكه‌.
4
هه‌ركه‌سێك گوناه بكات سه‌رپێچی ده‌كات، چونكه‌ گوناه سه‌رپێچییه‌.
5
ده‌زانن ئه‌و ده‌ركه‌وت تاكو گوناهه‌كان لاببات. ئه‌و خۆی بێ گوناهه‌.
6
هه‌ركه‌سێك به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ مه‌سیح بژیێت له‌ گوناهكردن به‌رده‌وام نابێت. هه‌ركه‌سێك به‌ به‌رده‌وامی گوناه بكات نه‌ ئه‌وی بینیوه‌ و نه‌ ئه‌ویشی ناسیوه‌.
7
ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كان، با كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات. ئه‌وه‌ی ڕاستودروستی په‌یڕه‌و بكات ڕاستودروسته‌، وه‌ك ئه‌ویش ڕاستودروسته‌.
8
ئه‌وه‌ی گوناه بكات له‌ ئیبلیسه‌، چونكه‌ ئیبلیس هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوناهی كردووه‌. كوڕی خودا بۆ ئه‌مه‌ ده‌ركه‌وت، تاكو كاره‌كانی ئیبلیس تێكبدات.
9
هه‌ركه‌سێك له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووبێت به‌رده‌وام نابێت له‌ گوناه كردن، چونكه‌ تۆوی خودای تێدا ده‌چه‌سپێت. ناتوانێت به‌رده‌وام‏ بێت له‌ گوناه كردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووه‌.
10
ڕۆڵه‌ی خودا و ڕۆڵه‌ی ئیبلیس به‌مه‌ ده‌رده‌كه‌ون: هه‌ركه‌سێك ڕاستودروستی په‌یڕه‌و نه‌كات له‌ خوداوه‌ نییه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی خوشكی یان برای خۆی خۆشنه‌وێت،
11
چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌م په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بیستتان، كه‌ یه‌كترمان خۆشبوێ.
خۆشه‌ویستی یه‌كتری 
12
وه‌ك قایین مه‌بن، كه‌ سه‌ر به‌ شه‌یتان بوو و هابیلی برای خۆی كوشت. بۆچی كوشتی؟ چونكه‌ كاره‌كانی ئه‌و خراپ بوون و هی براكه‌ی ڕاستودروست.
13
خوشكان، برایان، لاتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان بێته‌وه‌.
14
ده‌زانین له‌ مردنه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراینه‌وه‌، چونكه‌ برایانمان خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌بێت له‌ مردندا ده‌مێنێته‌وه‌.
15
هه‌ركه‌سێك ڕقی له‌ خوشكی یان براكه‌ی ببێته‌وه‌ بكوژه‌، ده‌زانن هیچ بكوژێك له‌ ژیانی هه‌تاهه‌تاییدا نامێنێته‌وه‌.
16
به‌مه‌ خۆشه‌ویستیمان زانی: عیسای مه‌سیح ژیانی خۆی بۆ ئێمه‌ دانا. ئێمه‌ش ده‌بێت ژیانی خۆمان بۆ خوشك و براكانمان دابنێین.
17
ئه‌وه‌ی ماڵی دنیای هه‌بێت و خوشكی یان براكه‌ی خۆی به‌ نه‌داری بینی و دڵی لێی ڕه‌قكرد، چۆن خۆشه‌ویستی خودای تێدا ده‌مێنێته‌وه‌؟
18
ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كان، با هه‌ر به‌ وشه‌ و زمان خۆشه‌ویستی نه‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌ كردار و به‌ ڕاستی.
19
به‌مه‌ ده‌زانین كه‌ سه‌ر به‌ ڕاستیین، هه‌روه‌ها چۆن دڵمان ئاسووده‌ ده‌بێت له‌ ئاماده‌بوونی ئه‌و:
20
كاتێك دڵمان سه‌ركۆنه‌مان ده‌كات، خودا له‌ دڵمان گه‌وره‌تره‌ و هه‌موو شتێك ده‌زانێت.
21
خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر دڵمان سه‌ركۆنه‌مان نه‌كات، ئه‌وا له‌به‌رده‌م خودا دڵنیا ده‌بین،
22
هه‌رچییه‌كی لێ داوا بكه‌ین لێی وه‌رده‌گرین، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی به‌جێده‌گه‌یه‌نین و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌دڵیه‌تی.
23
ئه‌مه‌ش ڕاسپارده‌كه‌یه‌تی: باوه‌ڕمان به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی كوڕه‌كه‌ی هه‌بێت و یه‌كتریمان خۆشبوێ، وه‌ك ڕایسپاردووین.
24
ئه‌گه‌ر یه‌كێك ڕاسپارده‌كانی خودا به‌جێبگه‌یه‌نێت، ئه‌وا به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ خودا ده‌ژیێت، هه‌روه‌ها خوداش به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ژیێت. به‌مه‌ش ده‌زانین خودا به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵمان ده‌ژیێت، به‌و ڕۆحه‌ی كه‌ پێیداوین.