عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تاقیكردنه‌وه‌ی ڕۆحه‌كان 
1
خۆشه‌ویستان، بڕوا به‌ هه‌موو ڕۆحێك مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ڕۆحه‌كان تاقی بكه‌نه‌وه‌، بزانن ئایا له‌ خوداوه‌یه‌، چونكه‌ زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن به‌ جیهاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.
2
ڕۆحی خودا به‌مه‌ ده‌ناسنه‌وه‌: هه‌ر ڕۆحێك دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ عیسای مه‌سیح له‌ جه‌سته‌دا هاتووه‌، ئه‌وا ئه‌و ڕۆحه‌ له‌ خوداوه‌یه‌،
3
به‌ڵام هه‌ر ڕۆحێكیش دان به‌ عیسادا نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و ڕۆحه‌ له‌ خوداوه‌ نییه‌. ئه‌و ڕۆحه‌ دژه‌ مه‌سیحه‌ كه‌ بیستووتانه‌ دێت و ئێستا وا له‌ جیهاندایه‌.
4
ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كان، ئێوه‌ له‌ خوداوه‌ن و به‌سه‌ر ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنانه‌دا زاڵ بوون، چونكه‌ ڕۆحی خودا ئه‌وه‌ی له‌ ئێوه‌دایه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ ڕۆحی شه‌یتان ئه‌وه‌ی له‌ جیهاندایه‌.
5
ئه‌وان سه‌ر به‌ جیهانن، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن له‌ جیهانه‌وه‌یه‌ و جیهان گوێیان لێ ده‌گرێت.
6
ئێمه‌ له‌ خوداوه‌ین و ئه‌وه‌ی خودا بناسێت گوێمان لێ ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ نه‌بێت گوێمان لێ ناگرێت. ڕۆحی ڕاستی و ڕۆحی چه‌واشه‌ به‌مه‌ ده‌ناسین.
خودا خۆشه‌ویستییه‌ 
7
خۆشه‌ویستان، با یه‌كتریمان خۆشبوێ، چونكه‌ خۆشه‌ویستی له‌ خوداوه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه‌ی خۆشده‌وێت له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووه‌ و خودا ده‌ناسێت.
8
ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه‌ی خۆشنه‌وێت خودای نه‌ناسیوه‌، چونكه‌ خودا خۆشه‌ویستییه‌.
9
به‌م شێوه‌یه‌ خۆشه‌ویستی خودا له‌نێوانماندا ده‌ركه‌وت: خودا كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی خۆی نارده‌ جیهان تاكو به‌هۆیه‌وه‌ بژین.
10
خۆشه‌ویستی له‌مه‌دایه‌: نه‌ك ئێمه‌ خودامان خۆشویست، به‌ڵكو ئه‌و خۆشیویستین و كوڕه‌كه‌ی بۆ كه‌فاره‌تی[a] گوناهه‌كانمان نارد.
11
خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر خودا به‌م شێوه‌یه‌ خۆشیویستین، پێویسته‌ له‌سه‌رمان یه‌كتریمان خۆشبوێ.
12
هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كتریمان خۆشبوێ، ئه‌وا به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ خودا ده‌ژین و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی له‌ ناخماندا ته‌واوه‌.
13
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌زانین كه‌ ئێمه‌ به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ خودا ده‌ژین و خوداش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌ژیێت، ئه‌و له‌ ڕۆحی خۆی پێداوین.
14
ئێمه‌ش بینیمان و شایه‌تی ده‌ده‌ین كه‌ باوك كوڕی خۆی ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ڕزگاركه‌ری جیهان.
15
هه‌ركه‌سێك دانی پێدا بنێت كه‌ عیسا كوڕی خودایه‌، ئه‌وا خودا به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌ژیێت، ئه‌ویش به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ خودا ده‌ژیێت.
16
ئێمه‌ش ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی خودا كه‌ بۆ ئێمه‌یه‌ ناسیمان و باوه‌ڕمان پێكرد.
خودا خۆشه‌ویستییه‌. ئه‌وه‌ی له‌ خۆشه‌ویستیدا ده‌ژیێت، ئه‌وا به‌ یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ خودا ده‌ژیێت، خوداش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌ژیێت.
17
به‌م شێوه‌یه‌ خۆشه‌ویستی له‌ نێوماندا گه‌یشتووه‌ته‌ ته‌واوه‌تی تاكو له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا دڵنیا بین، چونكه‌ ئێمه‌ش له‌م جیهانه‌دا وه‌ك عیسا ده‌بین.
18
خۆشه‌ویستی ترسی تێدا نییه‌، به‌ڵكو خۆشه‌ویستی ته‌واو ترس ده‌رده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ترس له‌ سزاوه‌ دێت. ئه‌وه‌ی بترسێت له‌ خۆشه‌ویستیدا ته‌واو نه‌بووه‌.
19
خۆشمانده‌وێت، چونكه‌ یه‌كه‌م جار ئه‌و خۆشیویستووین.
20
ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوتی: «خودام خۆشده‌وێت» و ڕقی له‌ خوشكی یان براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ درۆزنه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی خوشك و برای خۆی خۆشنه‌وێت كه‌ بینیویه‌تی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ كه‌ نه‌یبینیوه‌.
21
له‌ ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان دراوه‌تێ: ئه‌وه‌ی خودای خۆشبوێ، با خوشكه‌كه‌ و براكه‌شی خۆشبوێ.
  1. a. 4‏:10 ئه‌م قوربانییه‌یه‌ كه‌ تووڕه‌یی خودا لاده‌دات.