عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مافی نێردراوان 
1
ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای خاوەن شکۆمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە ئەنجامی ئەو کارە نین کە یەزدان لە ڕێگەی منەوە کردوویەتی؟
2
ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە ئێوە مۆری نێردراویێتی منن لە مەسیحدا.
3
بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم:
4
ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟
5
ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس[a] ؟
6
یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟
7
کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازیی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟
8
ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟
9
چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.﴾[b] ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟
10
بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت.
11
ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟
12
ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان[c] لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟
بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ بخەینە بەردەم مزگێنیی مەسیح.
13
ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟
14
بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە.
15
بەڵام هیچ یەکێک لەم مافانەم بەکارنەهێناوە. ئەوانەش نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە.
16
ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم!
17
ئەگەر خۆبەخش ئەوە بکەم، ئەوا پاداشت دەکرێم. بەڵام ئەگەر بە ناچاری بێت، ئەوا متمانەی بریکاریەتیم دراوەتێ.
18
ئیتر پاداشتم چییە؟ ئەوەیە کاتێک مزگێنی دەدەم، بەخۆڕایی مزگێنی بدەم و داوای مافی تەواوی خۆم وەکو مزگێنیدەر نەکەم.
19
هەرچەندە سەربەستم و سەر بە هیچ کەسێک نیم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زۆر کەس بۆ مەسیح بەدەستبهێنم.
20
بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە بەدەستبهێنم. بۆ ئەوانەی لەژێر سایەی شەریعەتن[d] ، خۆم وەک کەسێک لێکرد کە لەژێر سایەی شەریعەتدا بێت، هەرچەندە لەژێر سایەی شەریعەتدا نیم، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە لەژێر سایەی شەریعەتن.
21
بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، خۆم وەک بێ شەریعەت لێکرد، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر سایەی شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە بێ شەریعەتن.
22
بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان بەدەستبهێنم. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک بێت هەندێک ڕزگار بکەم.
23
هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار[e] بم.
24
ئایا نازانن هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپان ڕادەکەن، هەموو ڕادەکەن، بەڵام تەنها یەکێک خەڵات دەکرێت؟ کەواتە ڕابکەن تاوەکو خەڵاتەکە بەدەستبهێنن.
25
هەر یەکێک ململانێ بکات لە هەموو شتێک خۆ ڕادەگرێت. ئەوانە تاکو تاجێکی لەناوچوو بەدەستبهێنن، بەڵام هی ئێمە لەناو نەچووە.
26
کەواتە ڕادەکەم نەک وەکو یەکێک ئامانجی نەبێت، بۆکسێن دەکەم نەک وەک لە هەوا بدەم.
27
بەڵکو لەگەڵ لەشم توند دەبم و دەیکەمە کۆیلە، نەوەک لەدوای ئەوەی بۆ خەڵکی دیکە جاڕم داوە، خۆم ڕەت بکرێمەوە.
  1. a. 9‏:5 یۆنانی: \+tl کێفاس‏\+tl*.‏
  2. b. 9‏:9 دواوتار 25‏:4‏.‏
  3. c. 9‏:12 مەبەستی پشتگیری ماددییە.‏
  4. d. 9‏:20 شەریعەتی موسا.‏
  5. e. 9‏:23 بەشداری لە بەرەکەتی ئینجیلی مەسیح.‏