عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ئاگادارکردنەوەیەک
- 1
- خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی[a] .
- 2
- جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران[b] ،
- 3
- هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد.
- 4
- هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو[c] ، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو.
- 5
- بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە.
- 6
- ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد.
- 7
- بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: ﴿گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.﴾[d]
- 8
- با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت.
- 9
- نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن[e] .
- 10
- بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر[f] کوشتیان.
- 11
- جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین.
- 12
- کەواتە ئەوەی وا دەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت.
- 13
- هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.
- لە بتپەرستی ڕابکەن
- 14
- بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن.
- 15
- وەک بۆ هۆشیاران بێت دەدوێم، ئێوە حوکم بدەن لەوەی دەیڵێم:
- 16
- ئایا ئەو جامەی سوپاسگوزاری لە پێناوی سوپاسی خودا دەکەین، بەشداری نییە لە خوێنی مەسیح؟ ئەو نانەی لەتی دەکەین، بەشداری نییە لە لەشی مەسیح؟
- 17
- لەبەر ئەوەی یەک نان هەیە، ئێمە کە زۆرین، یەک لەشین، چونکە هەموومان بەشداری لە یەک ناندا دەکەین.
- 18
- سەیری ئیسرائیل بکەن کە بەگوێرەی جەستەیە: ئایا ئەوانەی قوربانی دەخۆن لە قوربانگادا هاوبەش نین؟
- 19
- جا چی دەڵێم؟ ئایا ئەوەی بۆ بت سەربڕدراوە شتێکە، یان بتەکە شتێکە؟
- 20
- نەخێر بەڵکو ئەوەی سەری دەبڕن، بۆ ڕۆحە پیسەکان سەری دەبڕن نەک بۆ خودا. جا نامەوێت لەگەڵ ڕۆحە پیسەکان هاوبەش بن.
- 21
- ناتوانن جامی مەسیحی خاوەن شکۆ و جامی ڕۆحە پیسەکان بخۆنەوە. ناتوانن بەشداری خوانی خاوەن شکۆ و خوانی ڕۆحە پیسەکان بکەن.
- 22
- یاخود ئیرەیی[g] خاوەن شکۆ هەڵدەستێنین؟ ئایا ئێمە لەو بەهێزترین؟
- هەموو شتێک بۆ شکۆی خودایە
- 23
- «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک بنیادنەر نییە.
- 24
- کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن.
- 25
- ئەو گۆشتەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت بیخۆن، ئەوەندە لێی مەکۆڵنەوە، بەبێ لێپرسینەوەی ویژدان،
- 26
- چونکە ﴿زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە.﴾[h]
- 27
- ئەگەر بێباوەڕێک داوەتتان بکات و ئێوەش ویستتان بچن، جا هەرچییەکتان لەپێش دانرا بیخۆن، بێ لێکۆڵینەوە، لەبەر ویژدان.
- 28
- بەڵام ئەگەر یەکێک پێی گوتن: «ئەمە کراوەتە قوربانی بت» مەیخۆن، لەبەر ئەوەی پێی گوتن و لەبەر ویژدان،
- 29
- دەڵێم ویژدان، هی تۆ نا، بەڵکو هی ئەوی دیکە. جا بۆچی سەربەستیم لەلایەن ویژدانێکی دیکەوە حوکم بدرێت؟
- 30
- ئەگەر بە سوپاسکردنەوە بەشداری بکەم، ئیتر بۆچی تاوانبار دەکرێم لەسەر ئەوەی سوپاسی خودای لەسەر دەکەم؟
- 31
- بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن.
- 32
- بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ.
- 33
- هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت.
- a. 10:1 کاتێک میسریان بەجێهێشت، بڕوانە دەرچوون 13:20 هەتا 14:31.
- b. 10:2 بڕوانە دەرچوون 14.
- c. 10:4 لە دەرچوون 17 موسا لە تاشەبەردێکی دا و ئاوی لێ دەرچوو بۆ خواردنەوە، لە سەرژمێری 20 هەمان شت ڕوویداوە. لە تێگەیشتنی جولەکەکان هەمان تاشەبەرد بووە.
- d. 10:7 دەرچوون 32:6.
- e. 10:9 بڕوانە سەرژمێری 21:5-6.
- f. 10:10 فریشتەی لەناوبەر، بڕوانە سەرژمێری 16.
- g. 10:22 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.
- h. 10:26 زەبوورەکان 24:1.