عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نەخشەی داود بۆ پەرستگا 
1
داود هەموو ڕابەرانی ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە: سەرۆک هۆزەکان؛ فەرماندەی ئەو لەشکرانەی کە لە خزمەتی پاشا بوون، لەگەڵ فەرماندەی هەزاران و سەدان؛ ئەو کاربەدەستانەی کە لێپرسراوی ماڵوموڵک و ئاژەڵەکانی پاشا و کوڕەکانی بوون، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆشکی پاشا؛ پاڵەوانەکان و هەموو جەنگاوەرە دلێر و ئازاکان.
2
داودی پاشا هەستایە سەر پێ و گوتی: «گوێم لێ بگرن ئەی گەلی برام، من لە دڵمدا بوو ماڵێکی حەوانەوە بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان و بۆ تەختەپێی خودامان بنیاد بنێم و خۆمم بۆ بنیادنان ئامادە کرد.
3
بەڵام خودا پێی فەرمووم: ”ماڵ بۆ ناوەکەم بنیاد مەنێ، چونکە تۆ پیاوی جەنگیت و خوێنت ڕشتووە.“
4
«لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو ماڵی باوکم منی هەڵبژارد تاکو بۆ هەتاهەتایە ببمە پاشای ئیسرائیل، چونکە یەهودای وەک ڕابەر هەڵبژارد، لە هۆزی یەهوداش ماڵی باوکم، لە کوڕەکانی باوکیشم بە من خۆشحاڵ بوو بۆ ئەوەی بمکاتە پاشای هەموو ئیسرائیل.
5
لەنێو هەموو ئەو کوڕانەم کە یەزدان پێی بەخشیوم، سلێمانی کوڕمی هەڵبژاردووە هەتا لەسەر تەختی پاشایەتی یەزدانی ئیسرائیل دابنیشێت.
6
پێی فەرمووم: ”سلێمانی کوڕت ماڵەکەم و حەوشەکەم بۆ بنیاد دەنێت، چونکە ئەوم بە کوڕی خۆم هەڵبژاردووە و منیش دەبمە باوکی ئەو،
7
ئەگەر بەردەوام بێت لە کارکردن بە فەرمان و حوکمەکانم، ئەوا پاشایەتییەکەی هەتاهەتایە جێگیر دەکەم.“
8
«ئێستاش لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل کە کۆمەڵی یەزدانە و لەبەردەم خوداشمان، ڕاتاندەسپێرم: ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەم خاکە چاکە و هەتاهەتایە وەک میراتیش بۆ نەوەکانتان بیهێڵنەوە.
9
«سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە.
10
ئێستاش ببینە، چونکە یەزدان هەڵیبژاردوویت بۆ ئەوەی ماڵێک بۆ پیرۆزگاکە بنیاد بنێیت، جا بەهێزبە و کار بکە.»
11
پاشان داود نەخشەی هەیوانەکەی پەرستگا و تەلار و گەنجینە و ژوورەکانی سەرەوەی و ناوەوەی و قەپاغی کەفارەتی[a] دایە سلێمانی کوڕی.
12
نەخشەکانی هەموو ئەو شتانەش کە بەهۆی ڕۆحی خوداوە لە دڵیدا بوو، ئەوەی حەوشەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو ژوورەکانی دەوروبەری و گەنجینەکانی پەرستگای خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان.
13
هەروەها ڕێنمایی پێدا لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان و هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان و هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
14
کێشی زێڕ و زیوی ئەو قاپوقاچاغە زێڕین و زیوینەی دیاری کرد کە لە خزمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنران:
15
کێشی چرادانە زێڕینەکە و چراکانیشیان کە لە زێڕ بوو، کێشی زێڕ بۆ هەر چرادانێک و چراکانی؛ بۆ چرادانە زیوینەکانیش، کێشی زیو بۆ هەر چرادانێک و چراکانی، بەپێی جۆری خزمەتی هەر چرادانێک؛
16
کێشی زێڕ بۆ هەر مێزێکی نانی تەرخانکراو؛ کێشی زیویش بۆ مێزە زیوینەکان؛
17
کێشی زێڕی بێگەرد بۆ چەنگاڵ و تاس[b] و دۆلکەکان؛ بۆ جامە زێڕینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک و بۆ جامە زیوینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک؛
18
کێشی زێڕی پوختەکراویش بۆ قوربانگای بخوورەکە. هەروەها نەخشەی گالیسکەی کەڕوبەکانی[c] پێدا، کە باڵیان کردووەتەوە و سێبەریان بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان کردووە.
19
داود گوتی: «هەموو ئەمانەم نووسیوەتەوە سروشی یەزدانە بۆ من، ڕوونکردنەوەکانی ئەم نەخشەیەش یەزدان تێیگەیاندم.»
20
هەروەها داود بە سلێمانی کوڕی گوت: «بەهێزبە و ئازابە، کار بکە و مەترسە، ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگار، خودای من لەگەڵتدایە. ئەو وازت لێ ناهێنێت و بەجێت ناهێڵێت هەتا هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان تەواو دەکەیت.
21
بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان بۆ هەموو خزمەتێکی پەرستگای خودا ئامادەن، هەموو وەستایەکی شارەزا و خۆبەخشت لەگەڵدایە بۆ هەموو کارێک، سەرکردەکان و هەموو گەلیش پەیڕەوی هەموو فەرمانێکی تۆ دەکەن.»
  1. a. 28‏:11 قەپاغی کەفارەت لە زێڕی بێگەرد دروستکرابوو کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بوو. بڕوانە دەرچوون 25‏:17‏‏.‏
  2. b. 28‏:17 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏‏.‏
  3. c. 28‏:18 بڕوانە یەکەم پاشایان 6‏:3‏‏.‏