عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نه‌خشه‌ی داود بۆ په‌رستگا 
1
داود هه‌موو ڕابه‌رانی ئیسرائیلی له‌ ئۆرشه‌لیم كۆكرده‌وه‌: سه‌رۆك هۆزه‌كان؛ سه‌رله‌شكری ئه‌و له‌شكرانه‌ی كه‌ له‌ خزمه‌تی پاشا بوون، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی هه‌زاران و سه‌دان؛ ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ی كه‌ لێپرسراوی ماڵوموڵك و ئاژه‌ڵه‌كانی پاشا و كوڕه‌كانی بوون، له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی كۆشكی پاشا؛ پاڵه‌وانه‌كان و هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌ دلێر و ئازاكان.
2
داودی پاشا هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ و گوتی: «گوێم لێ بگرن ئه‌ی گه‌لی برام، من له‌ دڵمدا بوو ماڵێكی حه‌وانه‌وه‌ بۆ سندوقی په‌یمانی یه‌زدان و بۆ ته‌خته‌پێی خودامان بنیاد بنێم و خۆمم بۆ بنیادنان ئاماده‌ كرد.
3
به‌ڵام خودا پێی فه‌رمووم: ”ماڵ بۆ ناوه‌كه‌م بنیاد مه‌نێ، چونكه‌ تۆ پیاوی جه‌نگیت و خوێنت ڕشتووه‌.“
4
«له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل له‌ هه‌موو ماڵی باوكم منی هه‌ڵبژارد تاكو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ببمه‌ پاشای ئیسرائیل، چونكه‌ یه‌هودای وه‌ك ڕابه‌ر هه‌ڵبژارد، له‌ هۆزی یه‌هوداش ماڵی باوكم، له‌ كوڕه‌كانی باوكیشم به‌ من خۆشحاڵ بوو بۆ ئه‌وه‌ی بمكاته‌ پاشای هه‌موو ئیسرائیل.
5
له‌نێو هه‌موو ئه‌و كوڕانه‌م كه‌ یه‌زدان پێی به‌خشیوم، سلێمانی كوڕمی هه‌ڵبژاردووه‌ هه‌تا له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی یه‌زدانی ئیسرائیل دابنیشێت.
6
پێی فه‌رمووم: ”سلێمانی كوڕت ماڵه‌كه‌م و حه‌وشه‌كه‌م بۆ بنیاد ده‌نێت، چونكه‌ ئه‌وم به‌ كوڕی خۆم هه‌ڵبژاردووه‌ و منیش ده‌بمه‌ باوكی ئه‌و،
7
ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ كاركردن به‌ فه‌رمان و حوكمه‌كانم، ئه‌وا پاشایه‌تییه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تایه‌ جێگیر ده‌كه‌م.“
8
«ئێستاش له‌به‌رچاوی هه‌موو ئیسرائیل كه‌ كۆمه‌ڵی یه‌زدانه‌ و له‌به‌رده‌م خوداشمان، ڕاتانده‌سپێرم: ئاگاداربن به‌ جێبه‌جێكردنی هه‌موو فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌نی ئه‌م خاكه‌ چاكه‌ و هه‌تاهه‌تایه‌ وه‌ك میراتیش بۆ نه‌وه‌كانتان بیهێڵنه‌وه‌.
9
«سلێمانی كوڕی خۆم، تۆش خودای باوكت بناسه‌ و پڕ به‌ دڵ و به‌ هه‌موو بیرته‌وه‌ بیپه‌رسته‌، چونكه‌ یه‌زدان هه‌موو دڵه‌كان ده‌پشكنێت و هه‌موو شێوه‌كانی بیركردنه‌وه‌ تێده‌گات، ئه‌گه‌ر ڕووی لێ بكه‌یت بۆت ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌گه‌ر فه‌رامۆشی بكه‌یت هه‌تاهه‌تایه‌ ڕه‌تت ده‌كاته‌وه‌.
10
ئێستاش ببینه‌، چونكه‌ یه‌زدان هه‌ڵیبژاردوویت بۆ ئه‌وه‌ی ماڵێك بۆ پیرۆزگاكه‌ بنیاد بنێیت، جا به‌هێزبه‌ و كار بكه‌.»
11
پاشان داود نه‌خشه‌ی هه‌یوانه‌كه‌ی په‌رستگا و ته‌لار و گه‌نجینه‌ و ژووره‌كانی سه‌ره‌وه‌ی و ناوه‌وه‌ی و قه‌پاغی كه‌فاره‌تی[a] دایه‌ سلێمانی كوڕی.
12
نه‌خشه‌كانی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش كه‌ به‌هۆی ڕۆحی خوداوه‌ له‌ دڵیدا بوو، ئه‌وه‌ی حه‌وشه‌كانی په‌رستگای یه‌زدان و هه‌موو ژووره‌كانی ده‌وروبه‌ری و گه‌نجینه‌كانی په‌رستگای خودا و گه‌نجینه‌كانی شته‌ ته‌رخانكراوه‌كان.
13
هه‌روه‌ها ڕێنمایی پێدا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ڕێكخستنی به‌شه‌كانی كاهین و لێڤییه‌كان و هه‌موو كاره‌كانی خزمه‌تكردنی په‌رستگای یه‌زدان و هه‌موو قاپوقاچاغه‌كانی خزمه‌تكردنی په‌رستگای یه‌زدان.
14
كێشی زێڕ و زیوی ئه‌و قاپوقاچاغه‌ زێڕین و زیوینه‌ی دیاری كرد كه‌ له‌ خزمه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كاندا به‌كارده‌هێنران:
15
كێشی چرادانه‌ زێڕینه‌كه‌ و چراكانیشیان كه‌ له‌ زێڕ بوو، كێشی زێڕ بۆ هه‌ر چرادانێك و چراكانی؛ بۆ چرادانه‌ زیوینه‌كانیش، كێشی زیو بۆ هه‌ر چرادانێك و چراكانی، به‌پێی جۆری خزمه‌تی هه‌ر چرادانێك؛
16
كێشی زێڕ بۆ هه‌ر مێزێكی نانی ته‌رخانكراو؛ كێشی زیویش بۆ مێزه‌ زیوینه‌كان؛
17
كێشی زێڕی بێگه‌رد بۆ چه‌نگاڵ و تاس[b] و دۆلكه‌كان؛ بۆ جامه‌ زێڕینه‌كانیش كێش بۆ هه‌ر جامێك و بۆ جامه‌ زیوینه‌كانیش كێش بۆ هه‌ر جامێك؛
18
كێشی زێڕی پوخته‌كراویش بۆ قوربانگای بخووره‌كه‌. هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ی گالیسكه‌ی كه‌ڕوبه‌كانی[c] پێدا، كه‌ باڵیان كردووه‌ته‌وه‌ و سێبه‌ریان بۆ سندوقی په‌یمانی یه‌زدان كردووه‌.
19
داود گوتی: «هه‌موو ئه‌مانه‌م نووسیوه‌ته‌وه‌ سروشی یه‌زدانه‌ بۆ من، ڕوونكردنه‌وه‌كانی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ش یه‌زدان تێیگه‌یاندم.»
20
هه‌روه‌ها داود به‌ سلێمانی كوڕی گوت: «به‌هێزبه‌ و ئازابه‌، كار بكه‌ و مه‌ترسه‌، وره‌ به‌رمه‌ده‌، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگار، خودای من له‌گه‌ڵتدایه‌. ئه‌و وازت لێ ناهێنێت و به‌جێت ناهێڵێت هه‌تا هه‌موو كاره‌كانی خزمه‌تكردنی په‌رستگای یه‌زدان ته‌واو ده‌كه‌یت.
21
به‌شه‌كانی كاهین و لێڤییه‌كان بۆ هه‌موو خزمه‌تێكی په‌رستگای خودا ئاماده‌ن، هه‌موو وه‌ستایه‌كی شاره‌زا و خۆبه‌خشت له‌گه‌ڵدایه‌ بۆ هه‌موو كارێك، سه‌ركرده‌كان و هه‌موو گه‌لیش په‌یڕه‌وی هه‌موو فه‌رمانێكی تۆ ده‌كه‌ن.»
  1. a. 28‏:11 بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 25‏:17‏\+xt*‏.
  2. b. 28‏:17 كاهین ئه‌م تاسانه‌ی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی به‌كارده‌هێنا، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانی خه‌ڵك. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 29‏:20 و زه‌كه‌ریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییه‌كان 9‏:13‏\+xt*‏.
  3. c. 28‏:18 بڕوانه‌ \+xt یه‌كه‌م پاشایان 6‏:3‏\+xt*‏.