عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەپاشابوونی داود لە ئیسرائیل 
1
هەموو ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین.
2
لە ڕابردوودا و تەنانەت کاتێک کە شاولیش پاشامان بوو، تۆ هەر ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانی پەروەردگاریشت پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»
3
هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودیش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، ئەوانیش بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی ساموئێلەوە فەرمووبووی، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.
داود ئۆرشەلیم داگیر دەکات 
4
داود و هەموو ئیسرائیل چوونە ئۆرشەلیم (کە لەو کاتەدا پێی دەگوترا یەبوسە). یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکەش
5
بە داودیان گوت: «تۆ ناتوانیت بێیت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.
6
داود پێشتر گوتبووی: «ئەوەی یەکەم جار لە یەبوسییەکان بدات دەبێتە فەرماندەی گشتی سوپا.» یۆئابی کوڕی چەرویا یەکەم جار سەرکەوت و بووە سەرکردە.
7
پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەوە ناویان نا شاری داود.
8
شارەکەی بە چواردەوریدا فراوان کرد، لە تەلانەکانەوە[a] هەتا شووراکەی چواردەوری. یۆئابیش پاشماوەی شارەکەی نۆژەن کردەوە.
9
هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.
پاڵەوانەکانی داود 
10
ئەمانەش سەرکردە پاڵەوانەکانی داود بوون، ئەوانەی کە لەگەڵ هەموو ئیسرائیل پشتگیری بەهێزیان لە پاشایەتییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی هەموو خاکەکە بخەنە ژێر ڕکێفی داود، هەروەک چۆن یەزدان بەڵێنی پێدابوو.
11
ئەمەش لیستی پاڵەوانەکانی داودە:
یاشۆڤەعامی کوڕی حەکمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا سێ سەد کەسی کوشت.
12
پاش ئەویش، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە.
13
ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک فەلەستییەکان لەوێ بۆ جەنگ کۆببوونەوە. لە کێڵگەیەکی پڕ لە جۆ لەشکرەکە لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات،
14
بەڵام ئەلعازار و داود لە ناوەڕاستی کێڵگەکەدا ڕاوەستان. بەرگرییان کرد و لە فەلەستییەکانیان دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشین.
15
سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بۆ لای داود دابەزین، بۆ سەر گابەردەکە لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون.
16
لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو.
17
داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێت‌لەحم ئاوی بۆ دەهێنام!»
18
ئیتر ئەو سێیە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی.
19
گوتی: «ئەی خودایە، لە من بەدوور بێت، ئەمە بکەم. ئایا خوێنی ئەم پیاوانە بخۆمەوە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە؟» لەبەر ئەوەی بە هێنانی ئەم ئاوە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، داود نەیویست بیخواتەوە.
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
20
ئەبیشەی برای یۆئاب ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو.
21
ئەو دوو ئەوەندە زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ دەگیرا و بووە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
22
بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت.
23
ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، باڵای پێنج باڵ[b] بوو، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو وەک نۆردی جۆڵاکان بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی.
24
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد.
25
لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
26
ئەمانەش جەنگاوەرە قارەمانەکان بوون:
عەساهێلی برای یۆئاب،
ئێلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،
27
شەمۆتی هەراری،
حەلەچی پەلۆنی،
28
عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،
ئەبیعەزەری عەناتۆتی،
29
سیبەخەیی حوشاتی،
عیلەیی ئەحۆحی،
30
مەهەرەیی نەتۆفایی،
حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفایی،
31
ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین بوو،
بەنایای پیرعاتۆنی،
32
حورەیی لە شیوەکانی گاعەشەوە،
ئەبیێلی عەرڤاتی،
33
عەزماڤێتی بەحەرومی،
ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،
34
کوڕەکانی هاشێمی گیزۆنی،
یۆناتانی کوڕی شاگێی هاراری،
35
ئەحیامی کوڕی ساکاری هاراری،
ئەلیفەلی کوڕی ئوور،
36
حێفەری مەخێراتی،
ئاحییای پەلۆنی،
37
حەسرۆی کارمەلی،
نەعرەیی کوڕی ئەزبای،
38
یۆئێلی برای ناتان،
میڤحاری کوڕی هەگری،
39
چەلەقی عەمۆنی،
نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
40
عیرای یەتری،
گارێڤی یەتری،
41
ئوریای حیتی،
زاڤادی کوڕی ئەحلای،
42
عەدینای کوڕی شیزای ڕەئوبێنی کە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو و سی پیاوی لەگەڵدا بوو،
43
حانانی کوڕی مەعکا،
یۆشافاتی میسنی،
44
عوزییای عەشتەراتی،
کوڕەکانی حۆتامی عەرۆعێری کە شاماع و یەعیێل بوون،
45
یەدیعێلی کوڕی شیمری و
براکەشی بە ناوی یۆحای تیچی،
46
ئەلیێلی مەحەڤی،
هەردوو کوڕەکەی ئەلناعەم کە یەریڤەی و یۆشەڤیا بوون،
هەروەها یەتمای مۆئابی،
47
ئەلیێل، عوبێد و یەعسیێلی مەچۆڤایای.
  1. a. 11‏:8 تەلان: بەرازاییەکانیان لە شێوەی پایە ڕێکخستووە، بۆ پاڵپشتی کۆشکی پاشا سوودی لێ وەرگیراوە.‏
  2. b. 11‏:23 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏