عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هاتنه‌پاڵی پاڵه‌وانان بۆ لای داود 
1
ئه‌مه‌ش ناوی ئه‌و پیاوانه‌یه‌ كه‌ هاتنه‌ لای داود بۆ چیقله‌گ، كاتێك كه‌ هێشتا له‌ ئاماده‌بوونی له‌به‌رده‌م شاولی كوڕی قیش دوورخرابووه‌وه‌. ئه‌وانه‌ له‌و پاڵه‌وانانه‌ بوون كه‌ له‌ جه‌نگدا یارمه‌تیده‌ری بوون.
2
له‌ خزم و كه‌سوكاره‌ نزیكه‌كانی شاول و له‌ هۆزی بنیامین بوون، ئه‌وان ده‌یانتوانی به‌ ده‌سته‌ ڕاست و ده‌سته‌ چه‌پیشیان تیر به‌ كه‌وان بهاوێژن و به‌ردیش به‌ قۆچه‌قانی:
3
ئه‌مانه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌حیعه‌زه‌ری هاتن له‌گه‌ڵ یۆئاشی برای، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی شه‌ماعای گڤعاتی بوون. هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی عه‌زماڤه‌ت، یه‌زیێل و پاله‌ت، به‌راخا و یێهوی عه‌ناتۆتی،
4
یه‌شمه‌عیای گبعۆنی پاڵه‌وانێك بوو له‌نێو سی پاڵه‌وانه‌كه‌ و فه‌رمانده‌یان بوو. هه‌روه‌ها یه‌رمیا و یه‌حه‌زیێل و یۆحانان و یۆزاڤادی گه‌دێراتی و
5
ئه‌لعوزه‌ی و یه‌ریمۆت و به‌عه‌لیاهو و شه‌مه‌ریاهو و شه‌فه‌تیای حه‌روفی؛
6
ئه‌لقانه‌ و ییشیا و عه‌زه‌رئێل و یۆعه‌زه‌ر و یاشۆڤه‌عام له‌ بنه‌ماڵه‌ی قۆره‌حییه‌كان؛
7
هه‌روه‌ها یۆعێله‌ و زه‌ڤه‌دیا كه‌ هه‌ردوو كوڕی یه‌رۆحامی خه‌ڵكی گه‌دۆر بوون.
8
كاتێك داود له‌و قه‌ڵایه‌ بوو كه‌ له‌ چۆڵه‌وانی بوو، هه‌ندێك له‌ گادییه‌كان هاتنه‌ پاڵ داود كه‌ پاڵه‌وانی ئازا و پیاوی مه‌شقپێكراو بۆ جه‌نگ و شاره‌زا له‌ به‌كارهێنانی قه‌ڵغان و ڕم، ڕوویان وه‌ك ڕووی شێر و وه‌ك ئاسك له‌سه‌ر چیادا خێرا بوون.
9
عێزه‌ر فه‌رمانده‌ بوو،
عۆبه‌دیا دووه‌م و ئه‌لیاب سێیه‌م و
10
میشمه‌نا چواره‌م و یه‌رمیا پێنجه‌م و
11
عه‌ته‌ی شه‌شه‌م و ئه‌لیێل حه‌وته‌م و
12
یۆحانان هه‌شته‌م و ئه‌لزاڤاد نۆیه‌م و
13
یه‌رمیا ده‌یه‌م و مه‌خبه‌نه‌ی یازده‌یه‌م بوو.
14
ئه‌مانه‌ له‌ نه‌وه‌ی گاد بوون و هه‌موویان سه‌ركرده‌ی سوپا بوون، بچووكه‌كه‌یان به‌سه‌ر سه‌د كه‌سدا زاڵ ده‌بوو، گه‌وره‌كه‌شیان به‌سه‌ر هه‌زار كه‌سدا زاڵ ده‌بوو.
15
ئه‌مان بوون له‌ مانگی یه‌ك له‌ ڕووباری ئوردون په‌ڕینه‌وه‌، كاتێك ئاو هه‌تا هه‌موو كه‌ناره‌كانی هه‌ڵچوو بوو، هه‌موو خه‌ڵكی دۆڵه‌كانیان به‌زاند، له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا.
16
هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ نه‌وه‌ی بنیامین و یه‌هوداش بۆ لای داود هاتنه‌ قه‌ڵاكه‌.
17
داود بۆ پێشوازییان چوو و پێی گوتن: «ئه‌گه‌ر بۆ ئاشتی و یارمه‌تیدان هاتوونه‌ته‌ لام، یه‌ك دڵم ده‌بێت له‌گه‌ڵتان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانم بۆ دوژمنه‌كه‌م هاتوون له‌ كاتێكدا كه‌ هیچ سته‌مێكم نه‌كردووه‌، با خودای باوباپیرانمان ته‌ماشا بكات و دادوه‌ری بكات.»
18
ئینجا ڕۆحی خودا ڕژایه‌ سه‌ر عه‌ماسه‌یی سه‌رۆكی سییه‌كه‌ و گوتی:
«بۆ تۆین داود،
له‌گه‌ڵتداین كوڕه‌كه‌ی یه‌سا،
ئاشتی، ئاشتیت بۆ ببێت،
ئاشتی بۆ یارمه‌تیده‌رانت بێت،
چونكه‌ خودات یارمه‌تیده‌رته‌.»
ئینجا داود وه‌ریگرتن و كردنییه‌ سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌كانی سوپا.
19
كاتێك كه‌ داود له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستییه‌كاندا له‌ دژی شاول بۆ جه‌نگ چوو، هه‌ندێك له‌ پیاوانی نه‌وه‌ی مه‌نه‌شه‌ش چوونه‌ پاڵی. به‌ڵام داود و پیاوه‌كانی یارمه‌تی فه‌له‌ستییه‌كانیان نه‌دا، چونكه‌ حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كان پاش ڕاوێژكردن، گه‌ڕاندیانه‌وه‌ و گوتیان: «به‌ كه‌لله‌سه‌ری ئێمه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پاڵ شاولی گه‌وره‌ی.»
20
ئه‌مه‌ ناوی هه‌ندێك له‌و پیاوانه‌ی نه‌وه‌ی مه‌نه‌شه‌یه‌ كه‌ كاتێك داود چوو بۆ چیقله‌گ، چوونه‌ پاڵی: عه‌دنه‌ح و یۆزاڤاد و یه‌دیعێل و میكائیل و یۆزاڤاد و ئه‌لیهو و چیله‌ته‌ی، هه‌موو ئه‌مانه‌ش فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی هه‌زارانی مه‌نه‌شه‌ بوون.
21
ئه‌وان یارمه‌تی داودیان دا له‌ دژی چه‌ته‌كان، چونكه‌ هه‌موویان پاڵه‌وانی ئازا بوون و فه‌رمانده‌ی سوپا بوون.
22
هه‌روه‌ها ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ پیاوان بۆ یارمه‌تیدانی داود ده‌هاتن، هه‌تا بوونه‌ سوپایه‌كی گه‌وره‌، وه‌ك سوپای خودا.
هاتنه‌پاڵی پیاوانی دیكه‌ بۆ لای داود 
23
ئه‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و پیاوه‌ چه‌كدارانه‌یه‌ كه‌ هاتنه‌ حه‌برۆن بۆ لای داود، بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی فه‌رمووده‌ی یه‌زدان پاشایه‌تییه‌كه‌ی شاولی ڕاده‌ست بكه‌ن:
24
له‌ نه‌وه‌ی یه‌هودا، شه‌ش هه‌زار و هه‌شت سه‌د پیاوی چه‌كدار به‌ ڕم و قه‌ڵغان.
25
له‌ نه‌وه‌ی شیمۆن، حه‌وت هه‌زار و سه‌د پاڵه‌وانی ئازای ئاماده‌باش بۆ جه‌نگ.
26
له‌ نه‌وه‌ی لێڤی چوار هه‌زار و شه‌ش سه‌د پیاو،
27
له‌وانه‌ سێ هه‌زار و حه‌وت سه‌د پیاو له‌گه‌ڵ یه‌هۆیاداعی سه‌رۆكی بنه‌ماڵه‌ی هارونییه‌كان بوون.
28
سادۆقیش لاوێكی پاڵه‌وانی ئازا بوو، له‌گه‌ڵ بیست و دوو ئه‌فسه‌ر كه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و بوون.
29
له‌ نه‌وه‌ی بنیامینیش، له‌ خزم و كه‌سوكاری شاول، سێ هه‌زار كه‌ زۆربه‌یان هه‌تا ئه‌و كاته‌ش دڵسۆز بوون له‌گه‌ڵ ماڵی شاول.
30
له‌ نه‌وه‌ی ئه‌فرایم، بیست هه‌زار و هه‌شت سه‌د پاڵه‌وانی ئازا و ناوداری بنه‌ماڵه‌كانیان.
31
له‌ نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌ش، هه‌ژده‌ هه‌زار پیاو كه‌ به‌ ناو دیاری كرابوون هه‌تا بێن و داود بكه‌نه‌ پاشا.
32
له‌ نه‌وه‌ی یه‌ساخار، دوو سه‌د سه‌ركرده‌ كه‌ شاره‌زای بارودۆخی ڕۆژگار بوون، ده‌یانزانی ئیسرائیل ده‌بێت چی بكات، هه‌روه‌ها هه‌موو خزم و كه‌سه‌كانیشیان له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌واندا بوون.
33
له‌ زه‌بولونیش، په‌نجا هه‌زار پیاوی مه‌شقپێكراو هه‌بوون له‌سه‌ر شه‌ڕ و هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی جه‌نگ، كه‌ به‌بێ دوو دڵی ئاماده‌ بوون بۆ یارمه‌تیدانی داود.
34
له‌ نه‌فتالی، هه‌زار سه‌ركرده‌ و سی و حه‌وت هه‌زار پیاوی چه‌كدار به‌ قه‌ڵغان و ڕمیان له‌گه‌ڵ بوو.
35
له‌ دانیش، بیست و هه‌شت هه‌زار و شه‌ش سه‌د پیاوی ئاماده‌باش بۆ جه‌نگ.
36
له‌ ئاشێریش، چل هه‌زار ڕاهێنراو له‌سه‌ر شه‌ڕ و ئاماده‌كراو بۆ جه‌نگ.
37
له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردونیشه‌وه‌، له‌ ڕه‌ئوبێن و گادییه‌كان و نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌، سه‌د و بیست هه‌زار پیاوی پڕچه‌ككراو به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی جه‌نگ.
38
هه‌موو ئه‌مانه‌ جه‌نگاوه‌ری خۆبه‌خش بوون له‌ ڕیزی له‌شكره‌كانی و به‌ هه‌موو دڵیانه‌وه‌ هاتبوونه‌ حه‌برۆن هه‌تا داود بكه‌نه‌ پاشای هه‌موو ئیسرائیل، هه‌روه‌ها هه‌موو پاشماوه‌ی ئیسرائیلیش یه‌ك بڕیار بوون بۆ ئه‌وه‌ی داود بكه‌نه‌ پاشا.
39
له‌وێ بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌گه‌ڵ داود مانه‌وه‌، ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان بۆیان ئاماده‌ كردبوون،
40
هه‌روه‌ها نزیكه‌كانیشیان له‌ یه‌ساخار و زه‌بولون و نه‌فتالییه‌وه‌، به‌ گوێدرێژ و وشتر و هێستر و مانگا نانیان ده‌هێنا. خواردنێكی زۆریان هه‌بوو له‌ ئارد و نانه‌ هه‌نجیر و هێشووی كشمیش و شه‌راب و زه‌یت و مانگا و مه‌ڕ، چونكه‌ له‌ناو ئیسرائیل خۆشی هه‌بوو.