عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سندوقی په‌یمان 
1
داود ڕاوێژی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌فسه‌ره‌كانی كرد، فه‌رمانده‌ی هه‌زاران و سه‌دان،
2
ئینجا به‌ هه‌موو كۆمه‌ڵی ئیسرائیلی گوت: «ئه‌گه‌ر پێتان باشه‌ و به‌پێی خواستی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمانه‌، با به‌دوای هه‌موو هاونیشتیمانه‌كانماندا بنێرین له‌ هه‌موو لایه‌كی خاكی ئیسرائیل، هه‌روه‌ها له‌دوای ئه‌و كاهین و لێڤییانه‌ی كه‌ له‌ شارۆچكه‌كان و ده‌شته‌كان له‌گه‌ڵیان ده‌ژین، هه‌تا له‌گه‌ڵمان كۆببنه‌وه‌.
3
با سندوقی خودامان بهێنینه‌وه‌ لای خۆمان، چونكه‌ به‌ درێژایی پاشایه‌تی شاول لێمان نه‌پرسیوه‌ته‌وه‌.»
4
هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ش گوتیان ئاوا ده‌كه‌ین، چونكه‌ له‌لای هه‌موو گه‌ل په‌سه‌ند بوو.
5
ئیتر داود هه‌موو ئیسرائیلی له‌ ڕووباری شیحۆری میسره‌وه‌ هه‌تا ده‌روازه‌ی حه‌مات كۆكرده‌وه‌، هه‌تا سندوقی خودا له‌ قیریه‌ت یه‌عاریمه‌وه‌ بهێنن.
6
ئینجا داود و هه‌موو ئیسرائیل چوونه‌ به‌عله‌ی یه‌هودا كه‌ قیریه‌ت یه‌عاریمه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ سندوقی خودای په‌روه‌ردگار بهێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌نێوان كه‌ڕوبه‌كان[a] له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌، ئه‌و سندوقه‌ كه‌ ناوی لێنراوه‌ «ناوه‌كه‌».
7
له‌ ماڵی ئه‌بینادابه‌وه‌ سندوقی خودایان له‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌كی نوێ باركرد، عوزا و ئه‌حیۆ عه‌ره‌بانه‌كه‌یان لێده‌خوڕی.
8
داود و هه‌موو ئیسرائیلیش به‌ هه‌موو توانایانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خودا ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا، به‌ سروود و قیساره‌ و ساز و ده‌ف و سه‌نج و كه‌ڕه‌ناوه‌.
9
كاتێك گه‌یشتنه‌ سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی[b] كیدۆن، عوزا ده‌ستی بۆ سندوقه‌كه‌ درێژكرد و گرتی، چونكه‌ گایه‌كان سه‌رسمیان دا.
10
ئه‌و ساته‌ تووڕه‌یی یه‌زدان به‌سه‌ر عوزادا جۆشا و لێیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ سندوقه‌كه‌ درێژكرد و هه‌ر له‌وێدا له‌به‌رده‌م خودا مرد.
11
داودیش تووڕه‌ بوو، چونكه‌ یه‌زدان به‌ ته‌واوی عوزای له‌ناوبرد، ئه‌و شوێنه‌ش هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌ پێرێز عوزا[c] ناوده‌بردرێت.
12
ئه‌و ڕۆژه‌ داود له‌ خودا ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی خودا بۆ لای خۆم بهێنم؟»
13
له‌به‌ر ئه‌وه‌ داود سندوقه‌كه‌ی نه‌گواسته‌وه‌ بۆ لای خۆی بۆ شاری داود، به‌ڵكو بردییه‌ ماڵی عوبێد ئه‌دۆمی گه‌تی.
14
سێ مانگ سندوقی خودا له‌ ماڵی عوبێد ئه‌دۆم مایه‌وه‌، یه‌زدانیش ماڵی عوبێد ئه‌دۆم و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هی ئه‌و بوون به‌ره‌كه‌تداری كردن.
  1. a. 13‏:6 له‌نێوان كه‌ڕوبه‌كان: جووتێك په‌یكه‌ری بوونه‌وه‌ری ئاسمانی باڵداره‌، له‌ شێوه‌ی ئاژه‌ڵ و مرۆڤدایه‌، بۆ پارێزگاریكردن له‌ سندوقی په‌یمان دانرابوو، \+xt بڕوانه‌ ده‌رچوون 25‏:18 و عیبرانییه‌كان 9‏:5‏\+xt*‏.
  2. b. 13‏:9 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.
  3. c. 13‏:11 واته‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر عوزا.