عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئەی نەتەوە بێ شەرمەکە،
خۆت کۆبکەرەوە، خۆت کۆبکەرەوە، - 2
- بەر لەوەی کاتی دیاریکراوتان لەدەست بچێت،
بەر لەوەی ئێوە وەک پوشوپەڵاشی بەردەم باتان بەسەربێت،
پێش ئەوەی گڕی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان،
پێش ئەوەی ڕۆژی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان. - 3
- ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن،
ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن.
داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن،
بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن. - سەبارەت بە فەلەستیە
- 4
- غەزە چۆڵ دەکرێت و
ئەسقەلان وێران دەبێت،
ئەشدۆد لە نیوەڕۆدا کاول دەکرێت و
عەقرۆنیش ڕیشەکێش دەکرێت. - 5
- قوڕبەسەر دانیشتووانی کەناری دەریا،
نەتەوەی کریتییەکان!
فەرمایشتی یەزدان لە دژی ئێوەیە،
ئەی کەنعان، خاکی فەلەستییەکان،
یەزدان دەفەرموێت: «لەناوت دەبەم،
کەست ناهێڵمەوە.» - 6
- کەناری دەریاش دەبێتە لەوەڕگا،
دەبێتە شوێنی شوانەکان، بۆ پشتیری[a] مەڕ. - 7
- دەبێتە موڵکی پاشماوەی بنەماڵەی یەهودا،
لەسەری دەلەوەڕێنن،
ئێواران لە ماڵەکانی ئەسقەلان لادەدەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگاریان بەسەریان دەکاتەوە،
ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنێتەوە. - سەبارەت بە مۆئاب و عەمۆن
- 8
- «گوێم لە جنێوەکانی مۆئاب و
قەشمەرییەکانی عەمۆنییەکان بوو،
ئەوانەی جنێویان بە گەلەکەم دا و
هەڕەشەیان لە خاکەکەیان کرد.» - 9
- یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت:
«بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوە
بێگومان مۆئاب وەک سەدۆمی لێدێت،
عەمۆنییەکانیش وەک عەمۆرا،
هەتاهەتایە دەبێتە شوێنی گەزگەزکە و
چاڵی خوێ و وێرانییە.
پاشماوەی گەلەکەم تاڵانیان دەکەن و
پاشماوەی نەتەوەکەم دەبنە میراتگری خاکەکەیان.» - 10
- لە بەرامبەر لووتبەرزییان ئەمەیان بەسەردێت،
لەبەر جنێودان و سووکایەتییان بە گەلی یەزدانی سوپاسالار. - 11
- یەزدان ترسناک دەبێت بۆیان،
چونکە هەموو خوداوەندەکانی سەر زەوی تێکدەشکێنێت.
هەموو خەڵک هەریەکە و لە شوێنی خۆیەوە کڕنۆشی بۆ دەبەن،
هەریەکە و لە خاکەکەی خۆی. - سەبارەت بە کوش
- 12
- «ئێوەش ئەی کوشییەکان[b] ،
بە شمشێری من دەکوژرێن.» - سەبارەت بە ئاشور
- 13
- دەستی بۆ باکوور درێژ دەکات و
ئاشوریش لەناودەبات،
نەینەوا وێران دەکات
وەک بیابان وشک دەبێت. - 14
- ئینجا لەوێدا مێگەلەکان خۆیان دەکێشنەوە،
هەموو جۆرە ئاژەڵێک.
هەم کوندەپەپووی بیابان و هەم بایەقووش،
لەسەر ستوونەکانی شەو بەسەردەبەن،
لە پەنجەرەکانیەوە دەنگیان دێت،
کاول بوون لە بەردەرگایە،
چونکە دار ئورزەکانی ڕووت کراونەتەوە. - 15
- ئەمە شارە دڵخۆشەکەیە
کە لە ئاسوودەییدا دەژیا.
ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەیگوت:
«تەنها من، کەسی دیکە هاوتای من نییە.»
ئاخ، چۆن وێران بوو،
لانەی گیانلەبەران!
هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن گاڵتەی پێ دەکەن و
فیکە لێدەدەن.
- a. 2:6 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.
- b. 2:12 کوش وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.