عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- حوکمدانی تەواو و خۆشەویستی نەگۆڕ
- 1
- لە چوارەم ساڵی داریوشی پاشا، لە چواری مانگی نۆ لە کیسلێڤ فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات.
- 2
- خەڵکی بێتئێل شەرئەچەر و ڕەگەممەلەخیان لەگەڵ پیاوەکانیان نارد بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێنەوە،
- 3
- بۆ ئەوەی لە کاهینەکانی ماڵی یەزدانی سوپاسالار و لە پێغەمبەرەکان بپرسن: «ئایا لە مانگی پێنجدا شیوەن بگێڕین و بە ڕۆژوو ببین، هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کردوومانە؟»
- 4
- ئینجا فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات:
- 5
- «بە هەموو گەلی خاکەکە و بە کاهینەکان بڵێ: ”کاتێک بە ڕۆژوو بوون و شیوەنتان گێڕا، لە مانگی پێنج و مانگی حەوت، لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو، ئایا بەڕاستی بۆ من بەڕۆژوو بوون؟
- 6
- ئەی کە دەتانخوارد و دەتانخواردەوە، ئایا بۆ خۆتان نەبوو ئاهەنگتان دەگێڕا؟
- 7
- ئایا هەمان ئەو پەیامە نەبوو کە یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە ئۆرشەلیم ئاوەدان و ئارام بوو، شارۆچکەکانی دەوروبەری و نەقەب و زوورگەکانی[a] یەهودا ئاوەدان بوون؟“»
- 8
- ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات:
- 9
- «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن، لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن.
- 10
- بێوەژن و هەتیو، نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە، لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“
- 11
- «بەڵام نەیانویست گوێ شل بکەن، شانی یاخبوونیان دایەبەر، خۆیان کەڕ کرد.
- 12
- دڵیان وەک بەردەئەستێ ڕەقکرد نەوەک گوێیان لە فێرکردنەکان و لەو وشانە بێت کە یەزدانی سوپاسالار بە ڕۆحی خۆی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ناردی. ئیتر یەزدانی سوپاسالار زۆر تووڕە بوو.
- 13
- «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”چۆن بانگم کرد و گوێیان نەگرت، ئەوانیش ئاوا نزا دەکەن و گوێ ناگرم.
- 14
- بە ڕەشەبایەک بەناو هەموو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاوم کردنەوە و لەوێ نامۆ بوون. لەپاش ئەوان زەوییەکە وێران بوو و کەس هاتوچۆی پێیدا نەکرد. بەم جۆرە خاکی شادییان وێران کرد.“»
- a. 7:7 زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.