عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بۆعەز ڕائووس لە خۆی مارە دەکات
- 1
- هەر لەو ماوەیەدا بۆعەز چوو بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکە و لەوێ دانیشت. ئەوە بوو کاتێک ئەو خوێنگرەی کە بۆعەز باسی کرد لەوێوە تێدەپەڕی، بۆعەز گوتی: «خزمە، لابدە و لێرە دابنیشە.» ئەویش لایدا و دانیشت.
- 2
- ئینجا بۆعەز دە پیاوی لە پیرانی شارۆچکەکە برد و پێی گوتن: «لێرە دابنیشن.» ئەوانیش دانیشتن.
- 3
- ئینجا بە خوێنگرەکەی[a] گوت: «ناعۆمی کە لە وڵاتی مۆئاب گەڕاوەتەوە، پارچە زەوییەکی هەیە کە هی ئەلیمەلەخی برامانە دەیفرۆشێت.
- 4
- منیش پێم وایە ئەرکی منە کە پێت بڵێم لەبەردەمی دانیشتووان و لەبەردەمی پیرانی گەلەکەم بیکڕە. ئیتر ئەگەر دەیکڕیتەوە بیکڕەوە و ئەگەر نایکڕیتەوە ئەوا پێم بڵێ با بزانم، چونکە تۆ لەپێشتریت بۆ کڕینەوەی، دوای تۆ من.»
ئەویش گوتی: «دەیکڕمەوە.» - 5
- بۆعەزیش گوتی: «ئەو ڕۆژەی زەوییەکە لە ناعۆمی دەکڕیت، پێویستە ڕائووسی مۆئابیش بخوازیت کە ژنی مردووەکەیە، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەیت.»
- 6
- خوێنگرەکەش گوتی: «من خۆم ناتوانم بیکڕمەوە، نەوەک میراتەکەی خۆم تێکبدەم. جا تۆ خۆت بیکڕەوە، چونکە من ناتوانم بیکڕمەوە.»
- 7
- وا باو بوو لە ئیسرائیلدا بۆ سەلماندنی ئەنجامدانی هەموو کارێکی مافی کڕینەوە و گواستنەوەی خاوەنداریێتی موڵک، کابرا پێڵاوەکەی دابکەنێت و بیداتە لایەنی بەرامبەر. ئیتر ئەمە ئەو نەریتە بوو کە لە ئیسرائیل دەگیرایەبەر.
- 8
- ئینجا خوێنگرەکە بە بۆعەزی گوت: «خۆت بیکڕە.» ئیتر پێڵاوەکەی داکەند.
- 9
- بۆعەزیش بە پیرەکان و هەموو خەڵکەکەی گوت: «ئێوە ئەمڕۆ شایەتن کە من هەرچییەک هی ئەلیمەلەخ و هەرچییەک هی کیلیۆن و مەحلۆن بوو لە دەستی ناعۆمی کڕیمەوە.
- 10
- هەروەها ڕائووسی مۆئابی ژنی مەحلۆنیشم لە خۆم مارە کرد هەتا ببێت بە ژنم، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەم، تاکو ناوی مردووەکە لەنێو گەلەکەی کوێر نەبێتەوە و لە تۆماری شارۆچکەکەیدا نەسڕێتەوە. ئێوە ئەمڕۆ شایەتن!»
- 11
- هەموو خەڵکەکە و پیرەکان کە لەناو دەروازەکە دانیشتبوون، گوتیان: «ئێمە شایەتین. با یەزدان ئەو ژنەی کە دێتە ماڵەکەت وەکو ڕاحێل و لێئەی لێ بکات کە بنەماڵەی ئیسرائیلیان دروستکرد. ئیتر با مەزن بیت لە ئەفراتە و ناودار بیت لە بێتلەحم.
- 12
- هەروەها ماڵەکەت و ئەو وەچەیەی یەزدان لەم ژنە دەتداتێ وەکو بنەماڵەی پێرێز بێت ئەوەی لە تامار لەدایک بوو بۆ یەهودا.»
- بنەچەی داود
- 13
- ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو.
- 14
- ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە.
- 15
- دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشدەوێت و بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»
- 16
- ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی.
- 17
- ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.
- 18
- ئەمانەش نەوەکانی پێرێزن:
پێرێز باوکی حەسرۆن بوو، - 19
- حەسرۆنیش باوکی ڕام بوو،
ڕامیش باوکی عەمیناداب بوو، - 20
- عەمینادابیش باوکی نەحشۆن بوو،
نەحشۆنیش باوکی سەلمۆن بوو، - 21
- سەلمۆنیش باوکی بۆعەز بوو،
بۆعەزیش باوکی عوبێد بوو، - 22
- عوبێدیش باوکی یەسا بوو و
یەساش باوکی داود بوو.
- a. 4:3 یەکێک لە ئەرکەکانی خوێنگر پاراستنی ناو و سەروەتی مردووەکەیە.