عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- چاوپێکەوتنی ڕائووس لەگەڵ بۆعەز
- 1
- ئەوە بوو مێردەکەی ناعۆمی خزمێکی هەبوو بە ناوی بۆعەز، کە پیاوماقوڵی هەمان تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
- 2
- ڕائووسی مۆئابی بە ناعۆمی گوت: «بهێڵە با بچم بۆ کێڵگە و لەدوای هەرکەسێک کە لەگەڵم میهرەبان بێت، پاشماوەی گوڵەجۆ هەڵبگرمەوە.»
ئەویش پێی گوت: «کچم بڕۆ.» - 3
- ڕائووسیش ڕۆیشت و بەدوای دروێنەکەرەکاندا لە کێڵگەیەک گوڵەجۆی هەڵگرتەوە. وا ڕێککەوت کێڵگەکە هی بۆعەز بوو کە لە تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
- 4
- لەو کاتەدا بۆعەز لە بێتلەحمەوە هات و بە دروێنەکەرەکانی گوت: «یەزدان یارمەتیتان بدات.»
ئەوانیش گوتیان: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت.» - 5
- بۆعەز بە خزمەتکارەکەی گوت کە کرابوو بە سەرکار بەسەر دروێنەکەرەکاندا: «ئەم کچە هی کێیە؟»
- 6
- ئەویش وەڵامی دایەوە: «کچێکی مۆئابییە لەگەڵ ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابەوە هاتووە،
- 7
- کە پێی گوتین: ”لێمگەڕێن با گوڵەجۆ لەدوای دروێنەکەرەکان کۆبکەمەوە.“ ئیتر هات و لە بەیانییەوە هەتا ئێستا ماوەتەوە، تەنها تۆزێک نەبێت لەژێر کەپرەکە پشووی دا.»
- 8
- بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «گوێ بگرە کچم. مەڕۆ بۆ کێڵگەیەکی دیکە بۆ گوڵەجۆ هەڵگرتنەوە، بەڵکو لێرە بە، لەلای کچە خزمەتکارەکانم.
- 9
- تەماشای کێڵگەکە بکە، پیاوەکان لەکوێ دروێنە دەکەن، تۆش لەگەڵ ژنەکاندا شوێنیان بکەوە. پیاوەکانم ئاگادار کردووەتەوە دەستت لێ نەدەن. ئەگەر تینوو بوویت بڕۆ لە کوپەکان ئاو بخۆوە کە پیاوەکان ئاوی تێدەکەن.»
- 10
- ڕائووس کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت، پێی گوت: «بۆچی سەرەڕای بێگانەییم ڕەزامەندی تۆم بەدەستهێنا و گرنگیت پێدام؟»
- 11
- بۆعەزیش وەڵامی دایەوە: «بە تەواوی هەموو ئەو شتانەم پێ گوتراوە کە دوای مردنی پیاوەکەت بۆ خەسووت کردووە، تەنانەت وازت لە دایک و باوک و ئەو خاکەی لێی لەدایک بوویت هێناوە و هاتیت بۆ لای گەلێک کە پێشتر نەتناسیون.
- 12
- با یەزدان چاکەی ئەم کارەت بداتەوە. با یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە تەواوی پاداشتت بداتەوە، ئەوەی کە هاتوویت بۆ ئەوەی پەنا ببەیتە ژێر باڵەکانی.»
- 13
- ئەویش گوتی: «گەورەم با بەردەوام لەبەرچاوت ڕەزامەندی بەدەستبهێنم، چونکە دڵت دامەوە و دڵی کارەکەرەکەتت خۆش کرد، هەرچەندە وەکو یەکێکیش نیم لە کارەکەرەکانت.»
- 14
- لە کاتی نانخواردندا بۆعەز پێی گوت: «وەرە بۆ ئێرە. هەندێک نان بێنە و بیکە بەنێو سرکەکەدا و بیخۆ.»
ئەویش لەلای دروێنەکەرەکانەوە دانیشت و بۆعەزیش جۆی برژاوی پێدا، ئیتر خواردی و تێر بوو، لێشی مایەوە. - 15
- کاتێک هەستا بۆ ئەوەی جۆ هەڵبگرێتەوە، بۆعەز فەرمانی بە پیاوەکانی دا: «لێیگەڕێن با لەنێو کۆڵەجۆکانیش[a] جۆ هەڵبگرێتەوە و ئەزیەتی مەدەن،
- 16
- لە دەسکەکانیش بۆی دەربهێنن. لێیگەڕێن با هەڵیبگرێتەوە و قسەی پێ مەڵێن.»
- 17
- ئەویش هەتا ئێوارە گوڵەجۆی هەڵگرتەوە. پاشان ئەوەی هەڵیگرتبووەوە کوتای و نزیکەی ئێفەیەک[b] جۆ بوو.
- 18
- جا هەڵیگرت و گەڕایەوە ناو شار و خەسووی ئەوەی بینی کە هەڵیگرتبووەوە. دوای ئەوەی کە ڕائووس تێری خوارد، ئەو خواردنەی دا بە خەسووی کە مابووەوە.
- 19
- خەسووشی پێی گوت: «ئەمڕۆ لەکوێ گۆڵەجۆت هەڵگرتەوە و لەکوێ ئیشت کرد؟ با بەرەکەتدار بێت ئەو کەسەی کە چاوی لێتە.»
ئەویش باسی ئەو کەسەی بۆ خەسووی کرد کە لە کێڵگەکەیدا ئیشی کردووە و گوتی: «ئەو پیاوەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەکەیدا ئیشم کردووە ناوی بۆعەزە.» - 20
- ناعۆمیش بە بووکەکەی گوت: «ئەو بەرەکەتدارە لەلایەن یەزدانەوە، ئەوەی زیندووان و مردووانی بێبەش نەکردووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.» ئینجا ناعۆمی پێی گوت: «ئەو پیاوە یەکێکە لە خزمە خوێنگرەکانمان[c] .»
- 21
- ڕائووسی مۆئابیش گوتی: «هەروەها پێی گوتم: ”لەگەڵ خزمەتکارەکانمدا بمێنەوە هەتا هەموو دروێنەکەم تەواو دەکەن.“»
- 22
- ناعۆمیش بە ڕائووسی بووکی گوت: «کچم وا چاکە لەگەڵ کارەکەرەکانی ئەو بچیت، نەوەک لە کێڵگەیەکی دیکە ئەزیەتت بدەن.»
- 23
- بەو شێوەیە ڕائووس هەتا تەواوبوونی دروێنەی گەنم و جۆ لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بۆعەز لە هەڵگرتنەوە مایەوە و لەگەڵ خەسووی دەژیا.