عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ڕزگاربوون لە تووڕەیی خودا
- 1
- کەواتە، لەبەر ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵ خودا ئاشتیمان هەیە،
- 2
- لە ڕێگەی ئەویشەوە ڕێپێدراویێتیمان[a] وەرگرت بەهۆی باوەڕ بێینە ناو ئەم نیعمەتەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین. شانازیش بە هیوای شکۆی خودا دەکەین.
- 3
- تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات،
- 4
- دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا،
- 5
- هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا[b] ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.
- 6
- کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد.
- 7
- لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت.
- 8
- بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.
- 9
- ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین![c]
- 10
- لەبەر ئەوەی ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین!
- 11
- نەک تەنها ئەمە، بەڵکو بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە شانازی بە خودا دەکەین، ئەوەی ئێستا بەهۆیەوە ئاشتبوونەوەمان وەرگرتووە.
- ئادەم و مەسیح
- 12
- لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.
- 13
- بێگومان، پێش هاتنی تەورات گوناه لە جیهاندا بوو، بەڵام کە شەریعەتی تەورات نەبێت گوناه ناژمێردرێت.
- 14
- کەچی مردن لە ئادەمەوە هەتا موسا حوکمڕانی دەکرد، تەنانەت بەسەر ئەوانەشەوە کە لە شێوەی یاخیبوونەکەی ئادەم گوناهیان نەکردبوو، کە نموونەی ئەو کەسەیە کە دێت[d] .
- 15
- بەڵام دیاری وەکو گوناه نییە. ئەگەر زۆر کەس بە گوناهی کەسێک مردن، جا چەند زیاتر نیعمەتی خودا و دیارییەکە بەهۆی نیعمەتی مرۆڤێکەوە کە عیسای مەسیحە، بەسەر زۆر کەس ڕژا.
- 16
- هەروەها ئەو دیارییە وەک ئەنجامی گوناهی مرۆڤێک نییە: چونکە حوکمدان لە یەک گوناهەوە تاوانبارکردنی هێنایە کایەوە، بەڵام دیاری لە گوناهی زۆرەوە بێتاوانیی هێنایە کایەوە.
- 17
- ئەگەر بە گوناهی کەسێک، مردن لە ڕێگەی ئەو کەسەوە حوکمڕانی کرد، ئیتر چەند زیاتر ئەوانەی پڕیی نیعمەت و دیاری ڕاستودروستی[e] وەردەگرن، لە ژیاندا حوکمڕانی دەکەن بە کەسێک کە عیسای مەسیحە.
- 18
- کەواتە وەک چۆن بە یەک گوناه تاوانبارکردن بۆ هەموو مرۆڤ هاتە کایەوە، بە هەمان شێوە بە کارێکی ڕاستودروست بێتاوانکردن هاتە کایەوە کە ژیان بۆ هەموو مرۆڤ دەهێنێت.
- 19
- لەبەر ئەوەی وەک چۆن بە یاخیبوونی کەسێک زۆر کەس گوناهبار کران، بە هەمان شێوە بە گوێڕایەڵی کەسێک زۆر کەس بێتاوان دەکرێن.
- 20
- تەورات هات تاکو گوناه زۆر بێت. بەڵام لەکوێ گوناه زۆر بوو، نیعمەت زۆر زیاتر بوو،
- 21
- تاکو چۆن گوناه بە مردن حوکمڕانی کرد، ئاواش بە ڕاستودروستی نیعمەت حوکمڕانی دەکات بۆ ژیانی هەتاهەتایی بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
- a. 5:2 بڕوانە ئەفەسۆس 2:18.
- b. 5:5 خۆشەویستی خودا بۆ ئێمە.
- c. 5:9 لە تووڕەیی داهاتوو.
- d. 5:14 مەبەستی لە مەسیحە.
- e. 5:17 مەبەست لە بێتاوانی و ژیانی عیسای مەسیحە.