عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران
- 1
- با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە.
- 2
- ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن.
- 3
- فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت،
- 4
- چونکە خزمەتکاری خودایە و بۆ چاکەی تۆ کار دەکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە و بە تووڕەیی خودا سزای خراپەکاران دەدات.
- 5
- بۆیە پێویستە ملکەچ بن، نەک تەنها لەبەر تووڕەیی[a] ، بەڵکو لەبەر ویژدانیش.
- 6
- هەر لەبەر ئەمەشە باج دەدەن، چونکە ئەوان خزمەتکاری خودان و بەردەوام لەسەر ئەم کارەن.
- 7
- مافی هەمووان بدەن: باج بە خاوەن باج، سەرانە بە خاوەن سەرانە، ترس لە خاوەن ترس، ڕێز بە خاوەن ڕێز.
- خۆشەویستی برایانە
- 8
- بە هیچ شتێک قەرزاری کەس مەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، شەریعەتی تەوراتی هێناوەتە دی.
- 9
- ڕاسپاردەکانی وەک ﴿داوێنپیسی مەکەن﴾، ﴿مەکوژن﴾، ﴿دزی مەکەن﴾، ﴿چاو مەبڕنە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت﴾[b] و ڕاسپاردەی دیکەش لەم ڕاسپاردەیەدا کۆدەبنەوە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾[c]
- 10
- خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیکەکەی ناکات، بۆیە خۆشەویستی هێنانەدیی شەریعەتە.
- 11
- جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا.
- 12
- شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین.
- 13
- با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی.
- 14
- بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.
- a. 13:5 مەبەست سزای دەسەڵاتدار.
- b. 13:9 دەرچوون 20:13-17 و دواوتار 5:17-21.
- c. 13:9 لێڤییەکان 19:18